سێ كۆمپانیا، سكاڵایەك لە دژی هەرێمی كوردستان دەدەن بە دادگاكانی بەریتانیا، وەزیری سەرچاوە سروشتیەكانی هەرێمیش رایگەیاند كە ئەو كۆمپانیانە بەڵێنەكانیان نەبردۆتە سەر.
كورد پرێس راپۆرتێكی رۆیتەرزی، بڵاوی كردەوە، كە كۆمپانیای دانا غاز و هەردوو كۆمپانیای هاوبەشەكەی (پێرل پترۆلیەمو كرێسنت پترۆلیەم) سكاڵای یاسی لە دژی هەرێمی كوردستان بەرزكردەوە بۆ دادگای لەندەن لە بەریتانیا.
ئاشتی هەورامی وەزیری سەرچاوە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندوە، كە ئەو كۆمپانیا ناوبراوانە بەڵێنەكانیان نەبردۆتە سەر و هەرێمیش بەو هۆیەوە زەری كردوە، هەر لەبەر ئەوەش ئەو كۆمپانیانە قەرزداری حكومەتی هەرێمن.
بەڕێوەبەری كۆمپانیایەك رایگەیاند، كە ئەوە یەكەم دۆسیەی سكاڵای نێودەوڵەتییە كە دژەی هەرێم لە بارەی كێشە گاز و نەوتەوە جوڵێندرابێت.
لە سكاڵاكەدا جەخت لەوەكراوەتەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ مانگە موچەو پشكی كۆمپانیاكانی نەداوە، كە لە لەبەرامبەردا داوای یەك ملیار دۆلار قەرەبوو دەكەن.
دانا غاز بارەگای سەرەكی لە ئیماراتە و ساڵی(2005) دامەزراوە، گەورەترین كۆمپانیای وەبەرهێنانی گازی سروشتیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، نوسینگەشی لە هەرێمی كوردستان هەیە.
دانا غاز و خاوەن پشكەكانی لەهەرێمی كوردستاندا لە كێڵگەی گازی كۆرۆمۆ و چەمچەماڵ، كاری دەرهێنان دەكەن، هەتا ئێستا بە قەبارەی یەك ملیار دۆلار سەرمایەدانەریان كردووە، (100) ملیۆن بەرمیل نەوت و گازیان بەرهەم هێناوە.
راپۆرتی ساڵانەی كۆمپانیای دانا غاز ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كە داهاتی كارەكانی لە ساڵی (2012) دا لە هەرێمی كوردستان(143) ملیۆن دۆلار بووە.