عێراق .. بازرگانی بەمرۆڤەوە دەكرێت

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافەكانی‌ مرۆڤ لەعێراق ئاشكرایكردووە، عێراق بووە بە وێستگەیەكی جیهانی بۆ بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، ئەو شەپۆلە ژن و منداڵەی لە باشور و رۆژهەڵاتی ئاسیاوە دەكڕدرێن و دەرفێنرێن، لە رێگەی عێراقەوە رەوانەی توركیا و ئەوروپا دەكرێن.
لەم بارەیەوە بوشرا عوبێدی‌، ئەندامی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافەكانی‌ مرۆڤ لەعێراق بە مەدا پرێسی‌ راگەیاندووە: تاوانی‌ بازرگانیكردن‌ بەمرۆڤەوە پێش ساڵی‌(2003) لەكۆمەڵگەی‌ عێراقیدا بەدەگمەن بونی‌ هەبووە، بەڵام پاش ئەو بەروارە عێراق بۆتە وڵاتێكی لە بار بۆ ئەو دیاردەیە.
بوشرا عوبێدی‌ ئەوەشی وتووە: لە ئێستادا عێراق بۆتە وڵاتی هاوردەكەرو هەناردەكەر و ترانزێت و بازاڕی‌ خستنەڕووی‌ بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.
سێ‌ ساڵ پێش ئێستا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی، وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئەمەریكا رایگەیاندبوو: عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بۆتە مۆڵگەی ئەو باندانەی بازرگانی دەكەن بە مرۆڤەوە.
بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای ساڵی (2010)، ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتانی عێراقی كە بەشێكیان تەمەنیان نەگەیشتوەتە (11) ساڵ، بازرگانییان پێوەدەكرێت لەڕوی‌ سێكسییەوە ئیستیغلال دەكرێن، زۆر جاریش دەنێردریچن بۆ وڵاتانی دیكە.
بوشرا عوبێدی ئەوەشی ئاشكراكردووە:‌ مافیای‌ تایبەت بە ڕفاندنی‌ منداڵ و ژنان لەعێراق بونیان هەیە، پاش رفاندنیان بەقاچاخ رەوانەی‌ دەرەوەی‌ وڵاتیان دەكەن و ژمارەشیان لەزیادبوندایە.
ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق لەساڵی‌ (2012)، یاسای ژمارە (24) ی‌ تایبەت بە قەدەغەكردنی دیاردەی‌ بازرگانیكردن بەمرۆڤەوەی‌ دەركرد، بەڵام تا ئێستا بە هۆی هەندێك هۆی نادیارەوە یاساكە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.