بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرای دەكات كە یەدەگی دراوی بیانی زیادی كردووە و گەیشتۆتە 76 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار و لەهەمان كاتیشدا بانكی نێودەوڵەتی داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، لە دابەشكردنی سامانی وڵاتەكەیدا دادپەروەرانە بێت، چونكە ئەو بانكە تێبینی كردووە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە ئاستی بژێویی خێزانێك بۆ خێزانێكی دیكەی عێراقی، ئەوەش كاریگەریی خراپی كردۆتە سەر هەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستی لە عێراقدا. عەبدولباست توركی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكرد كە یەدەگی دراوی قورسی بیانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردووەوە تائێستا دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلار زیایكردووە، ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە تا كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، عێراق 74 ملیار دۆلار یەدەگی هەبوو، بەڵام ئێستا یەدەگی دراوی بیانی عێراق گەیشتۆتە 76 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار، ئەوەش گەورەترین یەدەگی دراوە كە عێراق لە مێژووی خۆیدا بەخۆوەی بینیوە.