كه‌ركوك: له‌ دوو رووداوی هاتوچۆدا (8) كه‌س بوونه‌ قوربانیی

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ له‌ دوو رووداوی هاتوچۆدا له‌ سه‌ر رێگه‌ی گشتی كه‌ركوك داقوق و له‌ شه‌قامی فرۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك (3) كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداو (5)ی دیكه‌ش بریندار بوون. 
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی كه‌ركوك رایگه‌یاند: ئه‌مرۆ هه‌ینی له‌ ئاكامی پێكدادانی تراكتۆرێك و ترێلایه‌كی بارهه‌ڵگردا له‌ سه‌ر رێگای گشتی كه‌ركوك و قه‌زای‌ داقوق، كه‌سێك گیانی له‌ ده‌ستداو كه‌سێكی دیكه‌ بریندار بوو.
هه‌مان سه‌رچاوه‌ روونكرده‌وه‌ ئێواره‌ی ئه‌مرۆش له‌ ئاكامی پێكدادانی (3) ئۆتۆمبیلدا له‌ شه‌قامی فرۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك (2)كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداو (4)ی دیكه‌ش بریندار بوون.
سه‌رچاوه‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتووچۆی كه‌ركوك ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ رووداوه‌كه‌ له‌ نێوان (3) ئۆتۆمبێلی میتسۆبۆشی گلاند و ئۆپلێكی ئۆمیگاو ترێلایه‌كی بارهه‌ڵگردا روویداوه‌.
وتیشی: سه‌رجه‌م قوربانییه‌كان سه‌رنشینی ئۆتۆمبێله‌ متسۆبۆشییه‌كه‌ بوون و ئه‌ندامی یه‌ك خێزانن.