چیرۆكی كورد له‌گه‌ڵ نه‌وت

ره‌نگه‌ له‌هه‌ر هاوڵاتییه‌كی كورد ده‌رباره‌ی نه‌وت له‌كوردستاندا بپرسێت، به‌دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌شه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وته‌وه‌ن، وه‌ڵامی حازر به‌ده‌ستیان ئه‌وه‌ بێت كه‌ “نه‌وت بۆ كورد مایه‌ی نه‌فره‌ت بوو نه‌ك ره‌حمه‌ت”!
مێژووی سه‌د ساڵی رابردوو، راستی ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌لماندووه‌، له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هێزه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌و رۆژگاره‌ی جیهان كه‌ دركیان به‌وه‌ كرد بوو نه‌وت داینه‌مۆی دنیای پیشه‌سازییه‌، هه‌ڵپه‌یان بوو له‌سه‌ر ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا كه‌ پێشبینی ئه‌وه‌یان كردبوو نه‌وتیان تێدایه‌، كوردستان یه‌كێك له‌و ناوچانه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی “سایكس ـ بیكۆ” كوردستان له‌نێوان دوو زلهێزی ئه‌و رۆژگاره‌دا به‌نهێنی دابه‌ش كرا، كه‌ به‌ریتانیا‌و فه‌ره‌نسا بوون.
له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیشه‌وه‌، به‌ریتانیا به‌ده‌ر له‌خواستی كورد خۆی، ویلایه‌تی موسڵی به‌زۆر لكاند به‌وڵاتی تازه‌ دامه‌زراوی عێراقه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وكات له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌، ئه‌ودوای عێراق نه‌یانده‌توانی له‌سه‌رپێی خۆیان راوه‌ستن.
ته‌نانه‌ت له‌كێشمه‌كێشی نێوان به‌ریتانیا‌و توركیاشدا سه‌باره‌ت به‌چاره‌نوسی ویلایه‌تی موسڵ، كه‌ به‌ریتانیا پێویستی به‌پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا بوو بۆ لكاندنی ئه‌و ویلایه‌ته‌ به‌عێراقه‌وه‌، ته‌نها ئه‌وكاته‌ ئه‌مه‌ریكا رازی بوو، كه‌ به‌شێك له‌ئیمتیازو پشكی نه‌وتی كه‌ركوكی به‌ركه‌وت.
له‌قۆناغه‌كانی دواتریشدا، نه‌وت بوو به‌نه‌هامه‌تی بۆ دانیشتوانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی كه‌ركوك‌و خانه‌قین‌و عه‌ین زاله‌و به‌زۆره‌ملێ‌ له‌خاكی دێرینی باوباپیرانیان راگوێزران، پاشان فرۆشی نه‌وتی كوردستان، كه‌ داهاتی سه‌ره‌كی ئه‌و ماشێنه‌ جه‌نگییه‌ زه‌به‌لاحه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی پێده‌سته‌به‌ر كرا له‌كوشتاری كوردا به‌كارهێنرا.
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس‌و هاتنی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهان بۆ كوردستان، به‌رده‌وام نه‌وت‌و داهاتی نه‌وت فاكته‌رێكی گرژی‌و ئاڵۆزی نێوان كوردستان‌و به‌غدا له‌لایه‌ك‌و هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆنی كوردستانیش بووه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ زۆرێك له‌و پاڵاوگانه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن به‌بڕوای شاره‌زایانی بواری ژینگه‌، جێی مه‌ترسی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان‌و كاریگه‌رییه‌كی خراپیشیان له‌سه‌ر جوانی سروشتی كوردستان ده‌بێت.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ئه‌و راستییه‌ی پێناشردرێته‌وه‌ كه‌ نه‌وت كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌، دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنان‌و هه‌نارده‌ كردنی نه‌وت‌و گازی سروشتی به‌و ریچژه‌یه‌ی ئێستا له‌كوردستاندا هه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌حكومه‌تی كوردستان به‌خشیوه‌ وزه‌ وه‌ك چه‌كێكی سیاسی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورد به‌كاربهێنێ‌و هێزه‌ گه‌وره‌كانی جیهانیش به‌پاراستنی ئاسایشی كوردستان په‌یوه‌ست بكات.
 
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی