داوا له نهتهوه یهكگرتووهكان دهكرێت، ژینگهو شوێنهواره مێژووییهكانی دۆڵی شاوری ناوچهی بتوێنو پشدهر له زیانی كۆمپانیاكانی بواری نهوت بپارێزێت.
له یاداشتنامهیهكدا، ئەنجوومەنی پاراستنی ژینگە و مافە گشتییەکان، ئهمڕۆ(چوارشهممه) داوای له رێكخراوی یونسکۆ-سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان كرد بێت بههانای شوێنهواره مێژووییهكانی ناوچهكانی بتوێنو پشدهر(دۆڵێ شاوری) بهتایبهتی.
لهو یاداشتهدا هاتووه، چەند کۆمپانیایەکی بیانی، بە گرێبەستو هاوکاریو پاڵپشتی هەندێک بەرپرسی کورد لە حکومەتی هەرێم، بە بیانوی گەڕان بەدوای نەوتدا، بە شێوەیەکی زۆر چڕ و نائاسایی کەوتونەتە گەڕانو پشکنینو هەڵکۆڵینی خاکی ناوچەکە، بە دانپیانانی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی خودی کۆمپانیاکانیش، ئەو گەڕانە دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگەی ناوچەکەو وشککردنی سەرچاوە ئاویەکانی و لەناوبردنی دەیان شوێنەواری مێژوویی دێرینی ناوچەکە.
دهقی یاداشتهكه بخوێنهرهوه:
بۆ بەردەمی یونسکۆ/ سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
بابەت/ داواکاری بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکان
سڵاو و ڕێزی مرۆڤدۆستی و خەباتی مەدەنی…
دۆڵی شاورێ و ناحیەی سەرکەپکان، دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شاری ڕانیە، سەر بە ناحیەیی سەرکەپکان، قەزای ڕانیە و پارێزگای سلێمانیە، لە هەرێمی کوردستان.
دۆڵی شاورێ، ناوچەیەکی شاخاویە، خاوەن سروشتێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە و، بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی جۆراوجۆر دەوڵەمەندە. مێژووی ئاوەدانی لەو دەڤەرەدا بۆ سەرەتایەکی زوو دەگەڕێتەوە، خاوەنی چەندان شوێنەواری مێژوویی دێرینە.
لە کۆنەوە ئەو دەڤەرە بۆتە جێگای چاوتێبڕین و ململانێی گروپ و خەڵکە جیاوازەکان، هەر لە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلامەوە کەوتۆتە بەر شەڕی فتوحات و شاڵاوی عەرەبە موسڵمانەکان، تا دەگاتە سەردەمی ئینگلیزەکان لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەڵام هەموو جار ناوچەکە لەلایەن خەڵکی ڕەسەنی ئەو دەڤەرەوە بەرگری لێکراوە و پارێزراوە، تەنانەت لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس (صەدام حسین)دا، ئەو دەڤەرە یەکێک بووە لەو شوێنە دەگمەنانەی کە هیچ کات ئەو ڕژێمە نەیتوانیوە دەستی بەسەردا بگرێت و پێگەی خۆی لێ قایم بکات.
ئێستاش ماوەیەکە، چەند کۆمپانیایەکی بیانی، بە گرێبەست و هاوکاری و پاڵپشتی هەندێک بەرپرسی کورد لە حکومەتی هەرێم، بە بیانوی گەڕان بەدوای نەوتدا، بە شێوەیەکی زۆر چڕ و نائاسایی کەوتونەتە گەڕان و پشکنین و هەڵکۆڵینی خاکی ناوچەکە، بە دانپیانانی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی خودی کۆمپانیاکانیش، ئەو گەڕانە دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە و وشککردنی سەرچاوە ئاویەکانی و لەناوبردنی دەیان شوێنەواری مێژوویی دێرینی ناوچەکە.
ئێمە “ئەنجوومەنی پاراستنی ژینگە و مافە گشتییەکان” لە ٢٧/٧/٢٠١٣ بۆ بەرگریکردن لە ژینگە و خەڵک و خاکی ئەو ناوچەیە دامەزراوین، هەر دوای دامەزرانمان واژۆی زیاتر لە ١٣٠٠ کەسمان تەنها لە سنوری ناحیەی سەرکەپکان بۆ پشتیوانی چالاکییەکانی ئەنجوومەن و پاراستنی ژینگە و خاک و سەرچاوە سروشتی مێژوویەکانی ئەو دەڤەرە کۆکردەوە، لەو ماوەیەدا و تا ئێستا (٢٠/١٠/٢٠١٣) چەند بەیاننامەیەکمان دەرکردوە و چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و کۆمپانیاکان دانیشتنمان ئەنجامداوە، وە بە هۆی ئەوەی حکومەت و کۆمپانیاکان ئامادەنەبوون داواکارییەکانمان جێبەجێبکەن، چەند خۆپیشاندانێکمان ڕێکخستوە، کە بەهۆی فشاری ئەو خۆپیشاندانان و چالاکیانەوە لە ئێستادا توانیومانە ئیشی کۆمپانیاکان بوەستێنین، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نیە کە لە هەر کات و ساتێکدا دەست بە ئیشکردن بکەنەوە، بۆ بەرگرتن لەو ئەگەرە پێویستمان بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە، بە تایبەت داواکارین یونسکۆ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دۆڵی شاورێ و تەواوی سنوری ناحیەی سەرکەپکان وەک ناوچەیەکی شوینەواری بناسێنێت و بیخاتە ژێر چاودێری خۆی و شوێنەوارە دێرینەکانی لە هەر ئەگەر و مەترسییەکی لەناوچوون بپارێزێت…
هەندێک لە ناوچە شوێنەوارییەکانی دۆڵی شاورێ و سنوری ناحیەی سەرکەپکان، کە ئێستا لەژێر مەترسی لەناوچووندان:_
(١.باسکی ملی شەڕی، ٢.شاری ئاشکەرییان، ٣.ئەشکەوتی بێتکار، ٤.خەندەق یان کۆڵانی گوڵان، ٥. گۆڕستانە دێرینەکانی ناوچەکە کە ژمارەیان نزیکەی ٨٠ گۆڕستان دەبێت، ٦. گۆڕەوشار و باسکی جۆخین، ٧. شوی سپی و ئەشکەوت و دەلاقەکانی چیای بێترخێن، ٨. کانی قەقێیان یان گردی خانە، ٩. قەڵاتەکان کە ژمارەیان نزیکەی ١٥ قەڵات دەبێت لەگەڵ ئاسەواری شورای درێژ و قەڵای ٦٠ بەردی لە گوندەکانی دۆڵەڕەقە و بۆتێ، ١٠. گۆڕی قەر و گوڵەزەر، ١١. شاری زێرەت، ١٢. کورەی گەچی کۆن، ١٣. گوارەی کچە کافر، ١٤. گردی خەزێن، ١٥. کەڵەکە کافرەکان،١٦. گۆڕی شاهور، ١٧. گردشاهور، ١٨. قەڵای شاهور، ١٩. کانیاوە دێرینەکان کە ژمارەیان لە ٥٠٠ کانی زیاتر دەبێت، ٢٠. کوڕاشەڵ، ٢١. قەسرۆک، ٢٢.گردە زاڵ، ٢٣. ملەبا، ٢٤. سۆیزبێر، ٢٥. ملەوەت، ٢٦. زێرەت، ٢٧.دێرێ، ٢٨. قەڵاتی دۆڵەڕەقە، وە هتد……)
هەموو ئەو ناوچە شوێنەواریانە لەگەڵ ملیۆنان داری سەوز و هەزاران رەز و باخ و زەوی و زاری ناوچەکە و هەزاران سەر گیانداری ماڵی و کێوی، ئێستا بەهۆی مەترسی ئیشی کۆمپانیاکان لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان…
ئێمە داواکارین وە دەمانەوێت کە هەموو ئەوانە وەک سەرمایەی مرۆیی و نیشتیمانی گەورە تەماشابکرێن و پارێزگاریان لێبکرێت و پەرەیان پێبدرێت، لەبری وێرانکردن و لەناوبردنیان پێویستە بکرێن بە شوێنی گەشت و گوزاری بۆ ئەوەی خەڵکی لەسەرانسەری جیهانەوە بێن سەردانیان بکەن و، کەسێتی تاکی کوردیان پێ بەهێز بکرێت و وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات سودیان لێوەربگیرێت، بە گوێرەی دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، ئەرکی حکومەتە و دەمانەوێت بە هەموومان حکومەت ناچاربکەین ئەو ئەرکە ئەنجامبدات…
جگەلە ئەو بابەتانەی کە باسکران ئێمە پێمان وایە، گەڕان و پشکنینی ئەو کۆمپانیا نەوتیانە و هەڵکەندنی چاڵی نەوتی و تەقاندنەوەی خاکی ناوچەکە بەو شێوە فراوان و چڕوپڕە، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندان نەخۆشی لەشێوەی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، ئەمەش بەهۆی پیسکردنی هەوا و دەردانی چەندان پاشماوەی گازی زیانبەخش، هەروەها پیسکردن و وشککردنی سەرچاوە ئاویە شیرینەکانی ناوچەکە، ژیان لە ناوچەکەدا قورس دەکەن و لە ئایندەدا دەبنە هەڕەشە بۆ چۆڵکردنی ئەو گوندانە لە ئاوەدانی…
ئەو جۆرە گەڕان و پشکنینەی کۆمپانیاکان دەبێتە هۆی پیسبوونی خاکی ناوچەکە و لەکارکەوتن و بێبەرهەمکردنی، کە ئەمەش دیسان گرفتی گەورەی ئابوری و زیندەگی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست دەکات….
سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئێمە پێمان وایە ئەو جۆرە گەڕانەی کۆمپانیاکان مەبەستی لاوەکی دۆزینەوەی نەوتە، بەڵکو مەبەستە سەرەکییەکە بریتییە لە دۆزینەوە و بە نەخشەکردنی تەواوی سەرچاوە سروشتییە جۆراوجۆرەکانی ژێرزەوی و سەرزەوی ناوچەکە و سودوەرگرتن لەو نەخشانە لە داهاتوودا بۆ مەبەستی سیاسی و بەکارهێنانەوەیان دژی کورد و نیشتیمانەکەی، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەوەیە کە کورد لە ئێستادا هیچ پێویستییەکی ئەوتۆی بە داهاتی نەوت نیە و، دوای نزیکەی دە ساڵیش لە دەرهێنانی نەوت تا ئێستا ١ دۆلاری داهاتی ئەو نەوتە بۆ سوودی گشتی خەڵکی کوردستان بەکارنەهێنراوە، بەڵکو چەند کەس و گروپ و دەستەیەکی بچووک سودمەندی سەرەکی بوون و، لە دەرهێنانی نەوتیشدا هیچ حسابێک بۆ نەوەی داهاتوو نەکراوە و، ئەوە لە بەرچاو نەگیراوە کە نەوت سامانێکی سروشتیە و دەبێت بە بەرنامە و پلان دەربهێنرێت ئەگینا کۆتایی دێت و نەوەکانی داهاتوو دوچاری چەندان نەهامەتی دەکات…
لە کۆتاییدا جارێکیتر داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین کە بەدواداچوونی جددی بۆ ئەم پەیامەی ئێمە بکات و، دۆڵی شاورێ و تەواوی ناحیەی سەرکەپکان بخاتە ژێر چاودێری خۆیەوە بۆ پاراستنی ناوچە شوینەوارییە مێژووییە دێرینەکانی ئەو دەڤەرە لە لەناوچوون و لەهەمان کاتدا پەرەپێدان و پێشخستنیاندا…
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی ئەنجوومەنی پاراستنی ژینگە و مافە گشتییەکان
12.10.2013
ناحیەی سەرکەپکان/ ڕانیە/ سلێمانی