زانكۆی شیكاگۆ (University of Chicago) یەكێك لە دە ناودارترین زانكۆكانی جیهانە كە تا ئێستا مامۆستاكانی ئەو زانكۆیە 87 خەڵاتی نۆبڵیان بەدەستهێناوەو دروستكردنی یەكەمین بۆمبای ئەتۆمی لەم زانكۆیەوە دەستیپێكرد كە دەكەوێتە ویلایەتی ئیلینوێی ئەمەریكاوە.
ئەم زانكۆیە كە بەناوبانگترین ئابوریناسە ژیرو بەئەزمونەكانی جیهانی لەخۆگرتووە، لەئۆكتۆبەری 1892دا بەهەوڵاو كۆششی گەورە سەرمایەداری بواری نەوت “جۆن رۆكفلەر”ەوە دامەزرا، كە بەبنەچە جولەكەو خاوەنی كۆمپانیای بەناوبانگی ستاندار ئۆیەل (Stansdard Oil ) بوو. رۆكفلەر ئەم زانكۆیەی بەگرانبەهاترین بەری ژیانی خۆی ناوبرد، كە گەورەترین سەرمایەگوزاری تیاكرد بۆ ئەوەی پسپۆڕی لەبوارە جیاوازەكاندا بەرهەمبهێنێت.
ئەم زانكۆیە كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، “لێگەڕێ مەعریفە لەزۆرەوە بۆ زۆرتر گەشە بكا تا ژیانی مرۆڤ دەوڵەمەندو بەپیتر بێت” كردووە بەدروشمی خۆی، .باشترین زاناو مامۆستای لەبوارەكانی كۆمەڵناسیی، پزیشكی، بیركاری، دەرونناسی، فیزیا، ئەندازیاری، یاساو سیاسەتو فەلسەفەدا بەرەهەمهێناوە، وێڕای ئەوەش بەهۆی لەخۆگرتنی باشترین ئابوریناسەكانی سەدەی بیستەمەوە خاوەنی قوتابخانەیەكی ئابوری هەرە ناسراوی سەدەی بیستەمە، كە كاریگەرییەكی گەورەی رەوتی فكریو رەفتاری دەوڵەتمەردانی جیهان هەبووە، لەنێو سیاسەتمەداراندا مارگرێت تاتشەری سەرۆك وەزیری پێشوتری بەریتانیاو رۆناڵد ریگانی سەرۆكی پێشوتری ئەمەریكا لەدەیەی 1980دا دیارترین ئەو كەسانە بون كە گوێیان لەئامۆژگاریەكانی قوتابخانەی شیكاگۆ گرتو بەقسەیان كردن، بەتایبەتی كاریان بەبیردۆزەكانی میلتۆن فریدمان كرد كە سەرسەختانە بانگەشەی بۆ بازاڕی ئازاد دەكردو پێداگری لەسەر ئەوەش دەكرد كە پێویستە كۆمەڵگا لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەببرێت.
قوتابخانەی شیكاگۆ ئاماژەیە بە شێوازی ئەندامانی بازنەی ئابوریی لەزانكۆی شیكاگۆ بەدرێژایی سەدەی رابردوو بانگەشەیان بۆ ئازادكردنی بازاڕ كرد لەهەرجۆرە كۆتو بەندێك كە رێگری لەگەشەی كارە سەرمایەو بەرهەمهێنان بكات.
زانكۆی شیكاگۆ بەشی زۆری خەڵاتەكانی نۆبڵی لە بواری ئابوریدا بردۆتەوە، لەوانە: میلتۆن فریدمان، تیۆدور شۆڵًتز، جۆرج ستیگلەر، رۆناڵد كۆز، گاری بەیكەر، میرتن میلەر، رۆبەرت فۆگەڵ، رۆبەرت لۆكاس، جەیمس هیكمان، ئەمانە هەموویان لە زانكۆی شیكاگۆ بوون كاتێك خەڵاتی نوبڵیان وەرگرت. هەروەها بەشێكی دیكەی ئابوریناسانیش كە خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە لەو زانكۆیە خوێندویانە، وەك: هێبەرت سیمۆنو جیمس بیوكاننو هاری ماركۆفیتسو مایرۆن سكوڵز، هەر لەبەرئەوەیە زانكۆی شیكاگۆ بەكارگەی بەرهەمهێنانی وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵا ناودەبرێت.
وێڕای ئەوەش “زانكۆی شیكاگۆ” كۆمەڵێك كەسایەتی ناوداری ئەمەریكاو دونیای پەروەردە كردووە، كە یەكێكیان باراك ئۆبامای سەرۆكی ئێستای ئەمەریكایە.
سەرچاوە: گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی