ته‌قینه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر 19 پردی یوتێرنی له‌ سلێمانی راگرت

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ئاشكرایده‌كات، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ مانگی‌ رابردووی‌ شاری‌ هه‌ولێر كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌كانی‌ سلێمانی‌ داناوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی كه‌ پێشتر رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵكرابوو بۆ دروستكردنی 19 پرد، پاشه‌كشه‌ی كردوه‌.
له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای سلێمانیدا ،به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێت: “ماوه‌ی نزیكه‌ی  ساڵێك بوو له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای‌ ئه‌وروپی‌ له‌ دانوستاندابوون بۆ دروستكردنی‌ نزیكه‌ی‌ 19 پرد له‌سه‌ر شه‌قامی‌ مه‌لیك مه‌حمود و رێگه‌ی‌ سلێمانی‌ – تاسلوجه‌،  بۆ ئه‌وه‌ی‌ یوتێرن (پێچكردنه‌وه‌كانی‌ ده‌سته‌چه‌پ) ی‌ سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه‌ نه‌هێڵین كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ و رووداوی‌ دڵته‌زین”.
وتیشی: “سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ به‌ریتانی‌ رێكه‌وتوون بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌، به‌ڵام دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ مانگی‌ رابردووی‌ شاری‌ هه‌ولێر و به‌هۆی‌ هۆشداری‌ حكومه‌تی‌ به‌ریتانیاوه‌، كۆمپانیاكه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌  رایانگه‌یاندووه‌ ناتوانن پرۆژه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن و لێره‌ كار بكه‌ن  بۆیه‌ ناچار بووین بگه‌رێن به‌شوێن كۆمپانیای‌ به‌دیلدا بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌”.
پارێزگاری‌ سلێمانی‌ راشیده‌گه‌یه‌نێت:  گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌سته‌وه‌سان نه‌بوون له‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ ئه‌منی‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ درووست بكه‌ن “له‌ خێری‌ خۆیان نییه‌” كه‌ كاری‌ تێكده‌رانه‌ له‌ سلێمانی‌ ئه‌نجام ناده‌ن، به‌ڵكو  هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ “به‌ هیمه‌تی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هاوكاری‌ هاوڵاتیان ته‌واوی‌ پلانه‌كانیان پوچه‌ڵ كراوه‌ته‌وه‌”.
پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌ باره‌ی‌ پڕۆژه‌كانی‌ سلێمانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: “كاری‌ زۆر له‌سه‌ر پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی‌ سلێمانی‌ كراوه‌و  له‌ دوو ساڵی‌ ئاینده‌دا ئه‌نجامه‌كانی‌ ده‌رده‌كه‌وێت و” سلێمانی‌ ده‌بێته‌ شارێكی‌ بێ‌ كه‌موكوڕی‌ له‌ زۆربه‌ی‌ رووه‌كانه‌وه‌”.
له‌و رووه‌شه‌وه‌ پارێزگار ئاماژه‌  بۆ پڕۆژه‌كانی‌ ریسایكلینی‌ خاشاكی‌ سلێمانی‌ و چاره‌سه‌ر و دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ قورسی‌ سلێمانی‌ و راكێشانی‌ هێڵی‌ ئاوی‌ نوێ‌ بۆ سلێمانی‌ و دروستكردنی‌ به‌نداو له‌ نزیك سلێمانی‌ و پڕۆژه‌ی‌  رێگه‌ی‌ سه‌د مه‌تری‌ سلێمانی‌ و پڕۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێ‌ بوون و دروستكردنی‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ پیشه‌سازی‌ گه‌وره‌و مام ناوه‌ند و ماسته‌رپلانی‌ هاتووچۆی‌ سلێمانی‌  ده‌كات.
پارێزگار راشیده‌گه‌یه‌نێت: هه‌موو ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژیانه‌ كاریان له‌سه‌ر كراوه‌و هه‌ندێكیان چوونه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌و هه‌ندێكی‌ تریان له‌ گرێبه‌ست نزیك بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌جێبه‌جێ‌ بوونیان “سلێمانی‌ ده‌بێته‌ شارێكی‌ بێ‌ كه‌موكوڕی‌ له‌ زۆربه‌ی‌ رووه‌كانه‌وه‌”.
پارێزگار ته‌ئكیدیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ “به‌پێی‌  قه‌باره‌و ژماره‌ی‌ دانیشتوان هه‌موو ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌ی‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجام دراوه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ قه‌زاو ناحیه‌كانیش ئه‌نجام دراون”.
پارێزگار وتیشی‌: “له‌ كۆتایی‌ ئه‌مساڵدا 95%-98%ی‌ گونده‌كان پڕۆژه‌كانی‌ ئاو و كاره‌با و رێگه‌یان ته‌واو ده‌بێت و له‌و رووه‌وه‌  كه‌موكوڕیان نابێت”.
ئه‌م وتانه‌ی‌ به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌  كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا هات له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك بازرگانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كه‌ له‌دیوانی‌ پارێزگا به‌رێوه‌چوو.