ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەچەندین روەوە جێی بایەخو گرنگە، ئەمەریكا هێزێكی گەردونیو خاوەنی گەورەترین ئابوری جیهانو بەهێزترین هێزی سەربازیو سیاسی دونیایە، كە بەدرێژایی ساڵانی رابردو ئەمەریكا كاریەگەرییەكی گەورە بەسەر دۆخی سیاسی كورد بەگشتیو رووداوەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەبووە.
ئەم وڵاتە كە بەئەندازەی كیشوەرێك بەرینو فراوانەو لەباوەشی دوو ئۆقیانووسی گەورەی جیهاندا هەڵكەوتووە، یەكێك لەسیستەمە هەرە دیموكراسییەكانی جیهانی تێدا سەقامگیرە. وێڕای ئەوەش خاوەنی بەهێزترینو تۆكمەترین هێزی سەربازی جیهانە، بودجەی سەربازی ئەمەریكا بەگەورەترین بودجەی سەربازی دونیا دادەنرێت لەئاستی جیهاندا، زۆربەی ئەم بودجەیەی پەنتاگۆنیش تەرخان كراوە بۆ داهێنانی نوێی تەكنیكو تەكنەلۆژیا كە بنەمای باڵادەستیو دەسەڵاتی ئەمەریكایە بەسەر سەرتاسەری ئەم گۆی زەوییەدا، ئەمەریكا زیاتر لە700 بنكەی سەربازی لە36 وڵاتی جیهاندا هەیە، گرنگترین ئۆقیانووسو دەریاكانی جیهانو بگرە ئاسمانیش لەژێر چاودێری ئەمەریكادایە، فەرماندەییەكانی ئەمەریكاش بەسەر چەند روبەرێكی جوگرافیدا دابەشكراون كە سەرتاسەری ئەم هەسارەیە دەگرنەوەو هەریەكەو بەرپرسیارێتی ناوچەیەكی دیاریكراوی ئەم دونیایەیان لەئەستۆدایە.
لەڕووی ئابورییەوە، لەدوای رێككەوتننامەی بریتنودزی 1944ەوە، دۆلاری ئەمەریكی گرنگترین بزوێنەری پرۆسەی بازرگانی نێودەوڵەتییە، تاكە دراویشە لەئاستی جیهاندا كە بەهای هەموو دراوەكانی تر لەسەر بنەمای نرخەكەی دیاریدەكرێت، دیاریكردنی نرخی زێڕو نەوتیش لەبازاڕەكانی جیهاندا هەر بەدۆلارە، گەورەترین بۆرسەی جیهان “ۆل ستریت” لەئەمەریكادایە كە رۆژانە دەیان ملیار دۆلاری تێدا ئاڵووێر دەكرێت. بەشێكی زۆری ملیاردێرەكانی جیهان كە هەندێكیان تەمەنیان لەخوار چل ساڵەوەیە دانیشتووی ئەمەریكان. لەكۆی 30 فڕۆكەخانەی هەرە گەورەی جیهان، حەڤدەیان لەئەمەریكادان، بارەگای سەرەكی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانكی جیهانیو رێكخراوی گات “بازرگانی جیهان” لەئەمەریكادان كە ئاڕاستەی سیاسەتی ئابوری جیهان دیاریدەكەن. بارەگای سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان لەئەمەریكادایە. بەپێی پلەبەندی باشترین زانكۆكانی جیهانیش، لەنێو بیست زانكۆدا حەڤدەیان ئەمەریكین. زۆرترین رێژەی وەرگرانی خەڵاتی نۆبل ئەمەریكین. ئینگلیزی كە زمانی رەسمی ئەمەریكایە ئەمڕۆ بووە بەزمانێكی جیهانیو لەسەرتاسەری دونیادا قسەی پێدەكرێت. ئەمەریكا خاوەنی گەورەترین دەزگای هەواڵگریو زانیاری كۆكردنەوە، گەورەترینو گرنگترین ئاژانسەكانی هەواڵاو كەناڵە ئاسمانیەكانو رادیۆو رۆژنامەو گۆڤارە جیهانیەكانو بەرهەمهێنەری نوێترین داهێنانەكانی تەكنیكو تەكنەلۆجیاو سەرنجڕاكیچشترین ئامڕازە سەرگەرمییەكانی جیهانە.
ئەمەریكا كە پشت بەئابوری ئازاد دەبەستێت، خاوەنی سامانێكی گەورەی سروشتی وەك نەوتو غازی سروشتیو خەڵوزو یۆرانیۆمە، لەڕووی بەرهەمهێنانو هەناردە كردنی بەروبومی كشتوكاڵیەوە لەئاستی جیهاندا یەكەمە، زۆرترین رێژەی بەرهەمهێنانی گۆشتی مانگاو دانەوێڵەو میوەو رووەكو توتنی هەیە، لەڕووی پیشەسازیشەوە ئەمەریكا خاوەنی گرنگترین بەرهەمە پیشەسازییەكانی جیهانە، بەحوكمی ئەوەی بەردەوام خەریكی نوێكردنەوەی تەكنەلۆجیاكەیو بەكارهێنانی كارامەترین دەستی كارە، ئەمەریكا لەچەندین پیشەسازی گەورەی جیهاندا پێشەنگە، وەك دەرهێنانی نەوتو دورستكردنی ئوتومبێلی گرانبەهاو پیشەسازی چەكی قورسو فڕۆكەو كارەباو بەرهەمە ئەلكترۆنییەكان.
ئەمەریكا لەباوەشی دوو ئۆقانوسی گەورەی جیهاندا هەڵكەوتووە: لەڕۆژهەڵاتەوە ئۆقیانوسی ئەتڵەنتیكو لەڕۆژئاواشەوە ئۆقیانوسی ئارام دەوریانداوە، لەباكورەوە كەنەدا هاوسنورییەتیو لەباشوریشەوە مەكسیك، بەهۆی بنكەی گوانتانامۆشەوە هاوسنوری وڵاتی كوبایەو لەڕێگەی ئالاسكاشەوە سنوری بەسنوری روسیاوەیە، كۆمەڵێك دورگەی بچوكو پەرتەوازەی نێو زەریای هێمنیش بەشێكن لەسنوری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
لەڕووی فراوانی روبەرەوە، لەدوای روسیاو كەنەداو چین، ئەمەریكا بەچوارهەمین وڵاتی هەرە گەورەی جیهان دێتو بەپێی سەرژمێری ساڵی 2012ش دانیشتوانەكەی زیاتر لە311 ملیۆن كەسە.