سیلیڤیۆ بەرلسكۆنی، ئەو پیاوە سەرمایەدارە ئیتاڵییەیە كە سێ جار بۆ پۆستی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژێدراوەو بەسكانداڵە سێكسییەكانی لەلای ئیتاڵییەكان ناسراوە.
بەرلسكۆنی كە ئێستا پێیناوەتە تەمەنی 76 ساڵییەوە، لەتافی لاوێتیدا بۆ ئەوەی بژێویی ژیانی مسۆگەركا، بەڕۆژ لەسۆپەرماركێتدا گسكی دەفرۆشتو شەوانیش لەكاباریەو سەر شانۆی كەشتییە گەشتیاریەكاندا گۆرانی دەچڕی، ئەو لەتەمەنی 25 ساڵیدا قەرزێكی وەرگرتو خستییە پڕۆژەیەكی بیناسازییەوەو بوو بەخێرو بەرەكەتو بەسەریا رژا. ئیتر لەو دەمەوە كە ئەم تامی پارەی چەشت، بەجارێك چەشەو چڵێس بوو، لەوساوە هەر دەیخاتە سەر یەكو پارەو سەروەتو سامانی ئێستای لەژماردن نایە.
بەرلەسكۆنی نەك هەر دەوڵەمەندترین پیاوی ئیتاڵیایە، بەڵكو یەكێكە لەدەوڵەمەنترین سیاسەتمەدارەكانی جیهانیش، ئەو خاوەنی كۆمەڵێك بانكو كەناڵی تەلەفزیۆنو هۆڵی سینەماو دەزگای چاپو پەخشو كۆمپانیای ریكلامو هەروەها خاوەنی یانەی ئەی سی میلانو كۆمەڵێك ڤێلاو كۆشكو تەلاری دڵڕفێنیشە لەئیتاڵیاو جیهانیشدا. ئیتاڵییەكان نازناوی سوارچاكو قەیسەری نوێی رۆمایان بەسەردا دابڕیوە، سوارچاكێك كە دوژمنی سەرسەختی چەپەكانو هەمیشە خەون بەژیانێكی جاویدانیەوە دەبینێتو بەردەوام حەزی لەگەنجبوونەوەیە، ئەو دەیان نەشتەرگەری جوانكاری بۆ روخسارو راستكردنەوەی پشتو راكێشانی پێستو رواندنەوەی قژیو لابردنی چرچو لۆچی پێڵووەكانی ئەنجامداوە.
بەرلەسكۆنی لەگۆڕەپانی مێبازیشدا بەئەندازەیەك سوارچاكو قارەمانە كە بەشێك لەرۆژنامەكانی ئیتاڵیا بە”بێ حەیاترین سەرۆك وەزیر”ی جیهلنی ناودەبەن، كە زۆرجار قسەی سێكسی بەزاریدا دێت، تەنانەت ساڵی 2003 كە خەریكی رواندنەوەی قژی بوو، لەچاوپێكەوتنێكدا وتی “لەبەرئەوە توك بەسەرمەوە نەما هاودەمی كچم زۆربون”.
ئیتر ئەوە ئیتاڵیایە، ئەوێ هەر وڵاتی دانتیو داڤنشیو گرامشی نیە، بەڵكو وڵاتی پیتزاو سۆفیا لۆرینو ئەلپاچینۆو ماڵدینیو شازی پێڵاوو شازی مۆدیلی پۆشاكو شازی دزو قۆڵبڕو مافیاكانیشە.