گومرك‌و باج له‌كۆمپانیاكان وه‌رناگیرێت

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ دیوان‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد، به‌گوێره‌ی یاسا ئه‌و كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی جیهان كه‌ ده‌یانه‌وێت كارو پرۆژه‌كانیان له‌هه‌رێمدا بخه‌نه‌گه‌ڕ، گومرك‌و باجیان لێوه‌رناگیرێت.
(عه‌زیز ئیبراهیم) به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ چواری ساڵی (2006) وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ی كه‌ مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانیان هه‌بێت، بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ پاره‌ی گومركیان لێوه‌رناگیرێت، بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵیش باجیان لێوه‌رناگیرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ دیوان‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕوونیكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم كارئاسانی ته‌واوی بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی جیهان كردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كارو پرۆژه‌كانیان له‌هه‌رێمی كوردستاندا بخه‌نه‌گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ڕووی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ بوژانه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت‌و كێشه‌ی كه‌می هه‌لی كاریش نه‌مێنێت.