گرتنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ند، نهخۆشییو سوتاندنی باخه‌كان، وایكردووه باخهوانهكانی خانه‌قین بێ ئومێدبن، چونكه جگه لههیلاكی قازانجێكی ئه‌وتۆیان بۆ ناهێنێ.
ئوسامه مه‌كی ته‌مه‌ن ٥١ ساڵ ده‌ڵێت:”ئه‌و دوو باخه‌ی له‌باوباپیرانمه‌وه بۆم ماوه‌ته‌وه، پێشتر زیاتر له‌هه‌زار دارخورمایان تێدابوو، هاوكات ساڵانه ١٠ تۆن خورمای به‌رهه‌م ده‌هێنا. به‌ڵام دوای گرتنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ند، كهخانهقین ده‌كات به‌دوو به‌شه‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی ئاوی كشتوكاڵی ناوچه‌كه‌یه، ژماره‌ی داره‌كانی دوو باخه‌كه به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردووه، به‌جۆرێك به‌رهه‌می ساڵانه‌یان سێ تۆن تێپه‌ڕ ناكات”.
ئوسامه وتیشی:”گرتنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ند، جگه له‌باخه‌كانی من، كاریكردۆته سه‌ر به‌رهه‌می زۆربه‌ی باخه‌كانی دیكه له‌خانه‌قین”.
خورما پێش نه‌وت بووه
له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی باخه‌كه تێپهڕبوویتایه، داره سووتاوو وشكههڵاتووهكانت به‌رچاو ده‌كه‌وتن. ئوسامه مه‌كی ده‌ستی بۆ ئه‌و دارانه درێژكردو به‌حه‌سره‌ته‌وه وتی:”قه‌دری دارخورما لای باخه‌وانه، چه‌ندین ساڵی ته‌مه‌نم له‌سه‌ر گه‌وره‌كردنی هه‌ر دارێك داناوه، بۆیه به‌قه‌د مناڵه‌كانم ئازیزن له‌لام. كه‌چی ده‌ردی بێ ئاوی زۆربه‌یانی به‌به‌رچاومه‌وه وشك كرد”.
ئه‌و له‌نێو باخه شه‌ش دۆنمییهكهیهوه كه‌چه‌ندین داری ته‌مه‌ن ١٠٠ ساڵی تێدابوو روونیكرده‌وه، باخی خورما له‌باخه‌كانی دیكه جیاوازه، چونكه نه‌وه دوای نه‌وه كار له‌سه‌ر چاندن‌و خزمه‌تكردنی دهكهنو سوودمه‌ندی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌بن. دارخورما لانیكه‌م شه‌ش ساڵی ده‌وێ تا بێته‌به‌ر.
خانه‌قین یه‌كێكه له‌شاره‌كانی پارێزگای دیاله، هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئێران. ٣٥٥ كیلۆمه‌تر له‌به‌غدای پایته‌ختی عیراق‌و ٣٦٠ كیلۆمه‌تر له‌هه‌ولێره‌وه دووره. دانیشتووانه‌كه‌ی ٢٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌بن، جگه له‌نه‌وت، ئه‌و شاره بهدارخورمایش به‌ناوبانگه.
خورما پێش دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌عیراقدا رواوه‌و ته‌مه‌نی بۆ زیاتر له‌چوار هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام ئێستا ئه‌و وڵاته خورما هاورده ده‌كات.
به‌رهه‌می خورما له‌خانه‌قین
به‌پێی زانیارییه‌كانی ئوسامه، كه‌زیاتر له‌چل ساڵ ته‌مه‌نی خۆی له‌نێو باخه‌كانی خورما له‌خانه‌قین به‌سه‌ر بردووه، له‌عیراقدا ٦٠٠ جۆر خورما ههنو خانه‌قین پتر له (٦٠) جۆری له‌خۆگرتووه.
له‌باره‌ی چاندنی داری خورمایشهوه، ئوسامه وتی:”لێره خورما له‌ڕێی براله (نه‌مام)ه‌وه زیاد ده‌بێ، ئه‌ویش به‌بڕینی ئه‌و لقه بچووكه‌ی (فه‌سیله) له‌ته‌نیشتییه‌وه دهردهچێو چاندنه‌وه‌ی له‌شوێنێكی دیكه. ئه‌و براله‌یه، لانیكه‌م پێویستی به‌شه‌ش ساڵ هه‌یه تابێتهبهر”.
وتیشی:”هه‌موو ساڵێك له‌كاتی به‌هاردا، به‌مه‌به‌ستی زیادكردنی به‌رهه‌م، داره‌كان پێون یاخود موتوربه ده‌كه‌ن، كه‌بریتییه له‌نێرو مێ كردنی داره‌كان”.
رووباری ئه‌ڵوه‌ند درێژییه‌كه‌ی ١٥٠ كیلۆمه‌تره، له‌چیاكانی زاگرۆس له‌ئێرانه‌وه ههڵدهقوڵێو دێته خانه‌قین. به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی، دوای كوژرانی دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئاق قۆینلوو له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه‌ی، ئه‌و رووباره ناوی ئه‌ڵوه‌ندی لێنراوه. دوای گرتنه‌وه‌ی ئاوه‌كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، كه‌مئاوی خانه‌قین‌و كشتوكاڵه‌كه‌ی گیرۆده كردووه.
له‌باره‌ی وه‌رزی لێكردنه‌وه‌ی خورماوه، ئوسامه ده‌لێت:»باشتره داری خورما مانگی تشرینی یه‌كه‌م ئاو بخواته‌وه. پێویسته له ١٥ی مانگه‌وه ده‌ست به لێكردنه‌وه‌و فرۆشتنی بكرێ».
كاریگه‌رییه‌كانی گرتنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ند
خورما به‌زه‌بری گه‌رمای خۆر پێده‌گات، عیراق كه یه‌كێكه له‌وڵاتانی گه‌رمی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چه‌ندین ساڵ به‌زۆرترین بهرههمو فره‌یی جۆره‌كانی خورما ده‌ناسراو ملیۆنه‌ها دارخورمای تێدابوو. به‌ڵام شهڕهكانو پشت به‌ستن به‌نه‌وت وایكردووه هه‌نارده‌ی ساڵانه‌ی خورما (١%)ی داهاته‌كانی بودجه‌ی عیراقیش پێكنه‌هێنێت.
ستار یاوه‌ر خوداد كهباخێكی حه‌وت دۆنمیی هه‌یه‌و زیاتر له‌په‌نجا ساڵه باخه‌وانی دارخورمایه له‌خانه‌قین، زۆر خه‌فه‌تباره به‌سووتانی باخه‌كان.
ستار یاوه‌ر وتی:»جگه له‌گرتنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ند، بڵاوبوونه‌وه‌ی نهخۆشییهكانو خواردنی خورما له‌لایه‌ن جاڵجاڵۆكه‌وه بوونه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می خورما. له‌یادمه جاران حكومه‌تی عیراق ساڵانه به‌فڕۆكه په‌ینی كیمیایی ده‌پڕژانده سه‌ر داره‌كان. به‌ڵام ئه‌وه حه‌وت ساڵ ده‌بێ شتێكی له‌و شێوه‌یه‌مان نه‌بینیوه».
باشترین جۆره‌كانی خورما
ئوسامه مه‌كی له‌باره‌ی جۆری خورماكانهوه وتی»دیارترین جۆره‌كانی خورما بریتین له: (عهشرهسی، زه‌هدی، خه‌سته‌وی، خه‌زراوی، میرحاج، مه‌كتوم، به‌ربه‌ن، مه‌هراب). جۆری زه‌هدی زۆرترین فرۆشی هه‌یه، چونكه یه‌ك كات پێون دهكرێتو یه‌ك جاریش دهبڕدرێتو لێكردنهوهشی ئاسانه. به‌ڵام ئه‌وانی دیكه خزمه‌تكردنی زیاتریان دهوێو لێكردنهوهشیان زۆر ئاسان نییه. باشترین جۆری خورما مه‌كتوم، به‌رحی، برێم، میرحاج، عهشرهسیه خورمای زۆر بهناوبانگو چاكن».
به‌پێی قسه‌كانی ستار یاوه‌ر، نرخی ئێستا زۆر هه‌رزانه‌و زیاتر قازانجی بۆ به‌قاڵه نه‌وه‌ك باخه‌وان. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، نرخی خورما ساڵانه به‌گوێره‌ی داخوازیی‌و خستنه‌روو ده‌گۆڕێ. پار تۆنێك خورمای زه‌هدی به ١٥٠ هه‌زار دینار بوو.
به‌پێی ئاماره‌كان له‌ساڵی ١٩٦٠دا، عیراق خاوه‌نی زیاتر له ٣٢ ملیۆن داری خورما بووه، له‌ساڵی ٢٠٠٠دا ئه‌و ژماره‌یه بۆ ١٦ ملیۆن كه‌م بۆته‌وه.
خورما… ئاڵتونی ئاسمان
سه‌ڵاحه‌دین مه‌كی مسته‌فا، كه‌یه‌كێكه له‌خاوه‌ن باخه‌كانی شاری خانه‌قین ده‌ڵێت:»پێشتر شاره‌كه نزیكه‌ی ٢٠ هه‌زار دارخورمای تێدابووه، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه ئه‌و ژماره‌یه بۆ نزیكه‌ی ١٠ هه‌زار دابه‌زیوه. به‌رهه‌می ساڵانه‌ی خانه‌قینیش پێشتر به‌نزیكه‌ی هه‌زار تۆن مه‌زه‌نده كراوه، به‌ڵام ئێستا بۆ دوو سه‌د تاسێسهد تۆن دابه‌زیووه.
ئه‌و خورمای بهئاڵتوونهكهی ئاسمان ناوبرد‌و وتی:»ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق یان هه‌رێمی كوردستان بیانه‌وێ گرنگیی به‌خورما بدهنو پاڵپشتیمان بكه‌ن، ئێمه ئاماده‌ین خورمای باش به‌رهه‌مبهێنین».