ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەهیواو گەشبینیەكی زۆرەوە لەهەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، كە پێیوایە لەڕێگەی هەڵبژاردنێكی ئازادو دادپەروەرانەوە هەمیشە دەرفەتی ئەوە باشتر بۆ كوردستان دەڕخسێت كە بەرەو ئاڕاستەیەكی راستو دروست هەنگاو بنێتو پرۆسەی دیموكراسی هەرچی زیاتر تێدا بەرجەستە بكرێت، لەدیدی ئێمەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستاندا تەنها پرۆسەیەك نییە بۆ گەشەی سیاسی، بەڵكو باوەڕمان بەوەشە كە هەڵبژاردن ئابوری ئەم هەرێمەش پێشدەخات.
لەدیدی ئێمەوە هەڵبژاردنی ئەمجارە ساتەوەختێكی گرنگە كە سیاسەتو سترایتجی ئابوری چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان پلانڕێژو دیاریدەكات، بەسەرنجدان لەوەی لایەنی ئابوری لەبەرنامەی هەموو لیستەكاندا جێگەو پێگەیەكی گرنگی پێدراوە، ئێمە بەهیوایەكی زۆرەوە لەم هەڵًبژاردنە دەڕوانینو لەم روانگەیەشەوە خوازیارین كە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان كارو كۆشش بۆ چارەسەر كردنی چەند گرفتێكی ئابوریو دۆسیەكی ئاڵۆزی بكات كە راستەوخۆ پەیوەندییان بەژیانی هاوڵاتیانەوەیە:
یەكەم/ رێژەی بەرزی بێكارییە. ئێستا بەشێك لەگەنجانی كوردستان بەدەست بێكارییەوە ئازار دەچێژنو دەكرێت بڵێن كە چارەسەر كردنی دۆسیەی بێكاریی گرانترین ئەركی حكومەتی ئایندە دەبێت، بەسەرنجدان لەوەی ساڵانە هەزاران خوێندكار كە لەزانكۆو پەیمانگاكان دەردەچن رووبەڕووی مۆتەكەی بێكاری دەبنەوەو بەئەندازەیەك ژیانیان شپرزەو بێزار دەكات كە چیتر ناتوانن بیر لەئایندەی ژیانی خۆیان بكەنەوەو پلان بۆ ژیانی رۆژانەیان دابڕێژن. پێویستە حكومەت چارەسەری ئەم كێشەیەی پێبێتو گەشە بەتوانای مرۆیی لەهەرێمی كوردستاندا بدات.
دووەم/ ئەو گەندەڵییە بەرفراوانەیە كە بەدامودەزگا جیاوازەكانی ئەم هەرێمەدا رۆچووە، گەندەڵی بەئەندازەیەك لەعێراقو كوردستانیشدا فراوانە كە بەپێی ئەو ریزبەندییەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ وڵاتە گەندەڵەكانی دونیای كردووە، عێراق لەریزی هەرە پێشەوەو یەكەمی ئەو وڵاتانەی جیهاندایە كە گەندەڵی دارایی دایخوراندون. ئەمەش نەك هەر بووەتە هۆی زیان گەیاندن بەمەسەلەی ئابوری وڵات، بەڵكو ئایندەی ئەم وڵاتەشی لەبەردەم قەیرانێكی گەورەدا راگرتووەو پێویستی بەچارەسەركردنە.
سێهەم/ مەسەلەی سەرچاوەكانی داهاتە، خەرجییەكانی ئێستای كوردستان بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بەبودجەیە بەستووە كە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە ساڵانە بۆی دابین دەكرێت، كە لەكۆی عێراقیشیدا لەڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستەبەر دەكرێت، ئەمەش كاریگەرییەكی خراپ لەسەر ئابوری وڵاتو كۆی كەرتە ئابورییەكانی وەك كشتوكاڵاو پیشەسازیو بازرگانی دادەنێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵاو كۆشش لەڕێگەی فرەیی سەرچاوەكانی داهاتەوە هەوڵاو كۆشش بۆ سەربەخۆیی ئابوری بدات.
چوارەم/ ئاسایشی خۆراكی وڵاتە، لەكاتێكدا كە ئێمە خاوەنی خاكێكی بەپیتو ئاوی شیرینو سازگارین، بەئەندازەیەك كۆی خۆراكی ئەم هەرێمە لەوڵاتانی دەرەوە دەهێنرێت، كە جێی نیگەرانیو مەترسییە، بەتایبەتی لەم روەوە كە رۆژ بەرۆژ ژمارەی دانیشتوانی وڵات لەبەرزبوونەوەدایەو لەبەرامبەریشدا بەرهەمهێنانی خۆراكیی ناوخۆ لەنزمبوونەوەدایە، باشترین كاریش كە حكومەتی داهاتوو بیكات لەدیدی ئێمەوە بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵە لەڕێگەی پلانو بەرنامەیەكی تۆكمەی درێژخایەنەوە.
پێنجەم/ دۆسیەی پیشەسازی كوردستانە، كە لەپیشەسازی سووكەوە بگرە تا پیشەسازییە قورسەكان زۆربەی هەرە زۆریان بەئەندازەیەك تێكشكاون كە بەشێك لەو كارگانەی هێشتا چالاكن هیوایان بەدرێژەدان بەكارەكەیان نییە لەئایندەدا، پێویستە جكومەتی ئایندەی هەرێم پشتیوانییەكی گەورەتر لەكەرتی پیشەسازی بكاو لەركەبەرە بەهێزەكانی دەرەوە بیپارێزێ، ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەكرێت، لەساڵانی ئایندەدا هەرێمی كوردستان رووبەڕووی مەترسی گەورەتر دەبێتەوە.
شەشەم/ ئێمە بەهیواوە لەوە دەڕوانین كە سیاسەتی دراوو دارایی لەهەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی رێكو پێكتر رێكبخرێتەوە پاش ئەم هەڵبژاردنە، وەك لەلایەنی ئابوری بەرنامەی زۆربەی لیستەكانی ئەم هەڵبژاردنەدا ئاماژەی پێكراوە، ئەگەر كار بەو بەرنامانە بكرێت كە بەرنامەی لیستەكان ئاماژەیان پێداوە ئەوا قەوارەیەكی ئابوری تۆكمە دێتە ئاراوەو كاریگەرییەكی گەورەی دەبێت لەسەر پەرەپێدانو پێشخستنی ئابوری كوردستانو هاندانی سەرمایەگوزاریو وەبەرهێنانی بیانی لەكوردستانو رێكخستنەوەی پەیوەندی لەنێَوان بۆرسەی جیهانیو بۆرسەی ناوخۆیی كوردستانو گەشەدان بەتوانای بانكەكانو ئازادكردنی بازاڕو رێگرتن لەمۆنۆپۆلو قۆرغكاری بازرگانی.
بەسەرنجدان لەلایەنی ئابوری بەرنامەی هەموو لیستەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی گەشبینە بەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە بوژانەوەی ئابوری بەدوادا دێتو دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئابوری لەهەرێمی كوردستاندا، گەشبینە بەوەی ئابوری بازاڕو كەرتی تایبەت بەهێز دەكاتو دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت كە خەڵكی كوردستان بەگشتی لەگوزەرانێكی باشتردا بژین.
راگەیاندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی