كوردستان بە تامی نەوت
دۆسیەی تایبەت
ئایا نەوت كورد دەسوتێنێت؟
ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
رۆژهەڵاتی
ناوین سەڕەرای ئەوەی كە هەڵكەوتەیەكی جوگرافی پڕ بایەخی هەیە لەئاستی جیهانو لەڕووی
شارستانیشەوە لانكی ئایینە ئاسمانیەكانە، لەهەمانكاتیشدا كانگای سەرەكی بەرهەمهێنانی
نەوتو یەدەگی نەوتو گازی جیهانە، هەربۆیە هەمیشە چاوی زلهێزەكانی لەسەر بووەو
ماوەی زیاتر سەد ساڵە كێبڕكێیانە بۆ ئەوەی هەژمونی خۆیان بەسەر ئەم ناوچە پڕ بایەخەدا
بسەپێنن.
كوردستان
لەنێو ئەم جوگرافیاو ئەم هاوكێشە ئابورییەدا بایەخێكی ئێجگار گەورەی هەیە، بەپێی
دوا تۆژینەوەكانی بواری نەوت، ئەم وڵاتەی ئێمە یەكێكە لە 10 وڵاتە یەكەمەكەی جیهان
كە خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوتن، ئەمڕۆ زۆربەی هەرە زۆری كۆمپانیا گەورەكانی جیهان
چاویان بڕیوەتە هەرێمی كوردستانو سەڕەرای هەڕەشەكانی حكومەتی ناوەندیش ئەوان لەگرێبەستەكانیان
لەگەڵا حكومەتی هەرێم پاشگەز نابنەوە، هاوكات هەرێمی كوردستان یەكێكیشە لەو وڵاتانەی
كە لەخستنە سەر پێییی پڕۆژەی گازی “نابۆكۆ”دا كە پڕۆژەیەكی ستراتیجی ئەوروپیو
رۆژئاوایە، رۆڵێكی گرنگ دەبینێت.
ئەم
فاكتەرانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە هەر لەئێستاوە داهاتێكی زەبەلاحی نەوت دەڕژێتە
كوردستانەوە، هەربۆیە ئەمە وایكردووە كە پرسیارگەلێك لەمێشكی هەمووماندا بورژێت: ئەم
داهاتە زۆرەی نەوت چی لێدەكرێو لەچیدا خەرج دەكرێت؟ ئایا نەوت فاكتەری خۆشبەختییە
یان فاكتەرێكە بۆ وابەستەبوونی ئابوری ئەم وڵاتە بەدەرامەتی سروشتیو هەوڵنەدان بۆ
گەشەسەندنێكی پایەدارو بەردەوام؟
هەموومان
ئەو راستییە دەزانین كە “نەوتو گاز” پرسێكی نیشتمانی ئێجگار گرنگە، پرسێكە
كە پەیوەستە بەئێستاو بەئایندەی هەرێمی كوردستانو نەوەكانی داهاتوومانەوە، ئێستا
حكومەتو دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی گەورەدان،
ئایا ئەوان چ ئەركێكیان بەداهاتی نەوت سپاردووە؟ ئایا ئەوان بەرنامەو پلانی تۆكمەی
درێژخایەنیان داڕشتووە بۆ ئەوەی بەو داهاتە زۆرەی نەوتو سامانە سروشتییەكان ژیانی
ئابوریمان بەهێز بكەنو ژێرخانی ئابوریمان ببوژێننەوە؟ ئایا دۆسیەی نەوت بەو ئاڕاستەیەدا
ئیدارە دەكەن كە زیانمان پێبگەیەنێتو لەخەڵكێكی بەرهەمهێنەوە بەیەكجاری بمانكات بەخەڵكێكی
بەكاربەر؟ یاخود بەو ئاڕاستەیەدا دەیبەن كە لەبواری گەشەیەكی هەمەلایەنەی ئابوریو
سیاسیو كۆمەڵایەتیو كلتوریو مرۆییو ژینگەییدا فریامانكەوێت؟ ئایا دەسەڵاتدرانی
هەرێم بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵا داهاتی نەوت دەكەنو دەیكەنە سەرچاوەیەكی
گرنگی فراوانكردنی خزمەتگوزاریەكانو هەنگاونان بەرەو پیشەسازیی بونو باشتر كردنی
ژیانی خەڵكو رەونەق بەخشین بەبازاڕو كار یاخود ئەزمونی ئەو وڵاتە عەرەبیانە كۆپی
دەكەن كە گەلێكی موچەخۆریان بەرهەمهێناوە؟ ئایا حكومەتەكەی ئێمە خوازیارە وەك هەموو
وڵاتێكی دیموكراسیو خاوەن دامەزراوەی سەقامگیر لەڕێگەی وەرگرتنی باجەوە ببێتە موچەخۆری
خەڵك یان بەپێچەوانەوە گەرەكیەتی لەڕێگەی داهاتی نەوتەوە خەڵكی بكات بەمووچەخۆری خۆی؟
زۆر
ئاشكرایە كە ئەگەر پەیوەندیی نێوان “داهاتی نەوتو حكومەت” لەسەر بنەمایەكی
ناتەندروست بنیاتبنرێت ئەوا نەك هەر گەشەیەكی ئابوری پایەدار لەكوردستاندا نابینین،
بەڵكو وەك ئەزمونی زۆرێك لەوڵاتانی دیكە سەلماندویانە ئەم پەیوەندییە ناتەندروستە،
پرۆسەی گەشەی سیاسیو هەنگاونان بەرەو دیموكراسیش سستو پەكدەخات.
ئێمەی
كورد هەستدەكەین بەدرێژایی ئەم سەد ساڵەی رابردوو، نەوت مایەی نەهامەتی بووە بۆمان،
كە لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بەدەر لەخواستی خۆمان بووە هۆكاری بەستنەوەی وڵاتەكەمان
بەدەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراقەوە، لەقۆناغەكانی دواتریشدا دەوڵەتە یەك لەدوای یەكە
ستەمكارەكانی عێراق، نەوتی كوردستانیان بەكارهێنا بۆ وێرانكردنی كوردستانو بۆ پێكەوەنانی
ماشێنێكی زەبەلاحی عەسكەرتارییو لەدژی كورد خستیانەگەڕ، ئەو دەوڵەتانە ساڵانێكی زۆر
نەوتە سپییەكەیان بردینو دوكەڵە رەشەكەیان بۆ بەجێهێشتین.
ئێستا
ئێمە چاومان لەوەیە نەوتو داهاتی سامانە سروشتییەكان، وڵاتێكی ئاوەدانو ژێرخانێكی
ئابوری بەهێزمان بۆ بەرهەمبهێنێت، كە گەشەی سیاسیو دیموكراسییەكی رەگداكوتاوی لێبكەوێتەوە،
نەك ئەوەی دوبەیو وڵاتانی كەنداو بكرێتە سەرمەشقی ئەم وڵاتە پڕ لەخێرو بەرەكەتو
خاكی بەپیتو ئاوی سازگارە، بەكۆپی كردنی ئەو ئەزمونانە جگە لەمایەپوچی هیچیتر
ناچنینەوە!
دۆسیەی
نەوت دۆسیەیەكی هەستیارو پڕ لەململانێیە، گەر ژیرانە ئیدارەی نەكەینو نەچی لەداهاتەكەی
دەكەین، سەرەنجام لەبری ئەوەی كوردستانی پێروناك بكەینەوە، خۆمانی پێدەسوتێنین!