ژوری بازرگانی سلێمانی.. چۆن دروست بوو؟

 

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، مێژوویەكی دورودرێژ لەدوای خۆیەوە بەجێدەهێڵێت، ئەم مێژووە پڕە لەبازرگانی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر، بەتایبەتی ئەو بازرگانانەی لەسەرەتاوە بەهەول‌و كۆششی بێوچانی خۆیان، خشت بەخشتی ئەم ژورەیان خستە سەریەك‌و خەونیان بە”ئابورییەكی بەهێزو وڵاتێكی بەهێز”ەوە دەبینی.
رەنگە ئەمە قەدەری رۆژگار بێت كە لەو بیست بازرگانەی “ژوری بازرگانی سلێمانی”یان دامەزراند، تەنها من لەژیاندا مابم، هەموو ئەو هاوڕِێ بەڕێزانەم كە رۆژگارێكی تاڵا‌و شیرینمان پێكەوە بردەسەر‌و ژووری بازرگانیمان دامەزراند ئێستا لەژیاندا نەماون، مەرگ هات‌و یەك بەیەك ئەوانی بەرەو شوێنێكی نادیار لەگەڵا خۆی برد، روحیان شاد. 
من دەمەوێ‌ ئەو بیرەوەریانەم بنوسمەوە كە رۆژانی سەرەتای دروستبونی ژووری بازرگانی سلێمانی دەگرێتەوە، ئێستا كە من خەریكی نوسینەوەی ئەم بیرەوەریانەم، هەموو هەستەكانم دەخەمەكار بۆ ئەوەی یادەوەریم خیانەتم لێنەكا‌و راستگۆیانە ئەم چەند لاپەڕەیە سەبارەت بەو روداوە بۆ مێژوو، بۆ نەوەكانی داهاتومان بگێڕمەوە.
لەدەیەی 1960دا، سلێمانی جموجۆڵێكی بازرگانی‌و ئابوری تێكەوتبوو، شار تا دەهات لەڕووی دانیشتوان‌و روبەرەوە فراوانتر دەبوو، بازرگانی‌و جموجۆڵی بازرگانیی پێویسترو گرنگتر دەبوو، هەرچەندە شەڕی نێوان بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان‌و حكومەتی عێراق لەو رۆژگارەدا چەندین گرفتی نەخوازراوی خستبووە بەردەم گەشەكردنی ئابوری ئەم شارە، بەوكاتەدا شار چەندین بازرگانی دیارو كارای تیا هەڵكەوتبوو، كە بەشێكیان بەحوكمی تێكەڵی‌و هاموشۆیان بۆ شارو وڵاتانی دەرەوەی كوردستان، چاوكراوەترو وریاتر بوون‌و لەگەڵا تێپەڕینی كاتیشدا هەستیان بەپێویستی دامەزراندنی رێكخراوێكی تایبەت بەخۆیان دەكرد كە بتوانێت ئاسانكاریان بۆ بكا‌و دەستوبرد ئیش‌وكاریان لەبەر بڕوات، ئەوێ‌ رۆژێ‌ لەچەند شارێكی عێراقدا “ژوری بازرگانی” دامەزرا بوو، بەتایبەتی لەبەغداو موسڵ‌و بەسرەو كەركوك‌و چەند بازرگانێكی شاری سلێمانیش لەكەركوك‌و بەغدا ناسنامەی ژوری بازرگانیان دەرهێنابوو، ئیتر دامەزراندنی ژووری بازرگانی بۆ بازرگانەكانی شار ببوو بەكارێكی پێویست.
سەرەتا ئەم بیرۆكەیە لەلای بازرگانێكی ناوداری سلێمانی دروستبوو، كە “شێخ ئەحمەد جەلال” بوو، ئەو پیاوێكی پیاوانەی شار بوو، چەپ بونەكەشی یارمەتیدەر بوو بۆ پەیبردن بەگرنگی‌و بایەخی وەها رێكخراوێك، ئەو دۆستایەتی لەگەل من بەهێز بوو، زۆربەی كات دەهاتە محلەكەی من‌و هەر كە سەری قسەمان لەوبارەوە دادەمەزراند بیری لەوە دەكردەوە كە چۆن لەسلێمانیش وەك شارە گەورەكانی تری عێراق ژوری بازرگانی بكرێتەوە؟! بەردەوام ئەم پرسیارەی لەمێشكی خۆیدا دەهێناو دەبرد، لەو رۆژگارەدا شێخ ئەحمەد بەهەوڵا‌و كۆششی خۆی سەرمایەیەكی باشی پێكەوە نابوو، قادر مستەفای پارێزەر كە پورزای بوو یارمەتیدەرو پلانداڕێژەری زۆر كاری بوو، لەسەرەتاوە تەكبیری دانانی “نەقلیاتی بار گواستنەوەی بۆ كرد”‌و دواتریش شیخ ئەحمەد كە پڕۆژەیەكی دامەزراندنی ئاوی لەقەلادزێ بەتەندەر بۆ دەرچوو، ژیرانە لەماوەیەكی كەمدا تەواوی كردو قازانجێكی زۆر خەیاڵی دەستكەوت، پاشان كە بەڕێزان محەمەدی مەلا ئەمین‌و مەحمودی برای لەهەولێر گرێبەستی دروستكردنی چەندین خانویان بۆ دەرچوو، لەبەر وریایی شیخ ئەحمەدیان نارد بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پڕۆژەكە بكاو بیبات بەڕێوەو ئەویش زۆر ئازایانە تەواوی كردو لەوەش سودێكی مادی زۆروزەبەندی كرد، لەناوەڕاستی دەیەی 1960یشدا چەند پڕۆژەیەكی گەورەی لەزانكۆی سلێمانی وەرگرت‌و ئیتر ئەم پیاوە بەمانای وشە بۆ ئەو رۆژگارەی كوردستان “سەرمایەدار” بوو.
ئەم “سەرمایەدار”ە كە هەڵگری بیروباوەڕی چەپ‌و شیوعیانە بوو، تەواو كەوتبووە سەر كەڵكەڵەی ئەوەی بەكردەكی كار بۆ دامەزراندنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بكات، بەڵام هێنانەدی ئەم خەونەی روبەڕوی ئاستەنگێك دەبۆوە، ئەویش ئەوە بوو كە زۆربەی هەرە زۆری بازرگانە گەورەكانی شار “حاجی‌و ئیماندار‌و كوردپەروەر بوون”‌و دانویان لەگەڵا ئەمدا نەدەكوڵا، كە سەردەمانێك لەسەر ئەندامێتی “حزبی شیوعی” گیرا بوو، لەبەرئەوە شێخ ئەحمەد لەهەنگاوی یەكەمدا ترس‌و دڵەڕاوكەی ئەوەی بوو، كە ئەو بازرگانانە بەقسەی نەكەن‌و پشتی نەگرن، خۆی ئەم راستیەی باش ئەزانی، سەرباری ئەوەش خاڵێكی تری نزیك نەبونەوەی بازرگانەكانی شار لەشێخ ئەحمەد لەراستیدا ئەوە بوو كە ئەو بەپیاوێكی لوت بەرز‌و خۆبەزلزان مەشهور بوو.
لەو رۆژانەدا، كە شێخ ئەحمەد كەوتبووە سەر كەڵكەڵەی دروستكردنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی، من لەهەڕەتی گەنجێتیدا بووم، باوكم حاجییەكی بەقەدرو بازرگانێكی ناسراوی شار بوو، منیش بەهەمانشێوەی شێخ ئەحمەد هەنگاونان روەو ئەو ئامانجە خواست‌و خولیام بوو، پێكەوە كەوتینە تەكبیر‌و راگۆڕینەوەو سەرەنجام بەشێخ ئەحمەدم وت: شێخ ئەحمەد ئەو جەماعەتە حاجیە بازرگانە دانێ بۆ خۆم، من هەموویان رازی ئەكەم بەباوكیشمەوە.
بۆ ئەو مەبەستە كەوتمە جموجۆڵا‌و پەیوەندیەكی چڕ‌و پڕم بەزۆربەبانەوە كردو لەماوەی یەك دوو رۆژدا چەند بازرگانێكی شارم بۆ ئەو كارە سازو رازی كرد، حاجی باوكیشم رەزامەندی نیشاندا، یەكێك لەبازرگانە دیارەكانی ئەوكاتی شاریش، حاجی ئەحمەدی كەریم ئاغا بو، كە چوم بۆ لای‌و فكرەو ئامانجی ئیشەكەم بۆ باسكرد، یەكسەر ئەویش پشتگیری لێكردو زۆری بەلاوە باش بوو، بەئەندازەیەك بەو كارە شاگەشگە بوو كە تەنانەت وتی: ئەگەر هەموو جەماعەت كارەكەیان بەلاوە باش بوو با كۆبونەوەی یەكەم بۆ دامەزراندنی لەماڵی ئێمە بكرێت.
دوای ئەوە هاتمەوە بۆ محەلەكەی خۆم، شێخ ئەحمەد چاوەریی خەبەرێكی خۆشی ئەكرد، وەڵام‌و هاتنەپێشەوەكەی حاجی ئەحمەدم بۆ گێڕایەوە، شێخ ئەحمەد لەخۆشیا بزە گرتی‌و كۆڵێك دڵخۆش بوو. دوای یەك دوو رۆژ بازرگانەكانی شار ئاگادار كران كە لەكاتژمێر چواری ئێوارەدا لەماڵی حاجی ئەحمەد كۆدەبینەوە‌و هەر ٢٠ ئەندامەكەش ئامادە بون، ئەوە بوو لەو كۆبونەوەیەدا دوای تاوتوێ‌ كردنی چۆنیەتی دامەزراندنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، لەسەر نوسراوێك رێككەوتین‌و هەر هەموومان ئیمزامان كرد.
حاجی ئەحمەد وتی: راپەڕاندنی ئەم كارە پێویستی بەپارەیە، لەبەرئەوە با هەر یەكەو ٥٠ پەنجا دینار بدات كە هەمووی ئەكاتە هەزار دینار، هەر كاتێك خەڵكی ناسنامەی وەرگرت پارە وەرگیراوەكە دەدەینەوە، بەڵام با پارەكە لای عەزیز (واتە بەندە) بێت.
ئالەو ساتەدا كە حاجی ئەحمەد ئەو قسەی كردو پلانەكەی بەوشێوەیە داڕشت، هەستم كرد شێخ ئەحمەد زۆری پێناخۆش بوو، بەڵام لەبەرئەوەی كارەكەمان تێكنەچێ هیچی نەووت. بۆ سبەی هەموو ئەندامەكان هەركەسەو پەنجا دیناری خۆیان ناردە لای من‌و خرایە قاسەوە، ئیتر كەوتینە بەدواداچونی رێوشوێنە یاساییەكانی دامەزراندنی ژووری بازرگانی، بۆ ئەوەی بەرەسمی “موافەقەت” وەرگرین لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی میریی. 
ئەو كاتە “بایز عەزیز دزەیی” پارێزگاری سلێمانی بوو، دۆستی نزیكی قادر مستەفای پارێزەر بوو، لەهەمانكاتیشدا ئەو خۆشی بازرگانیش بوو، زۆری پێخۆش بوو ئەم كارە بكرێ، ئەوە بوو ئاسانكاری بۆ كردین‌و بەئاسانیش رەزامەندی بەغداش وەرگیرا.
كە مۆڵەتی دامەزراندنمان پێدرا، لەبیناكەی تۆفیق قەزاز لەشەقامی مەولەوی شوقەیەكمان بەكرێگرت‌و تابلۆیەكمان هەڵواسی، ئیتر بەدەیان‌و سەدان كەس فۆرمی ئەندام بونیان وەرگرت، بۆ ئەندام چەند مەرج‌و پلەبەندییەكمان هەبوو، كە پلەبەندی ئەندامێتی بەپێی ئیمكانیەتی مادی كەسەكە دیاریدەكرا، مەرج بوو هەر ئەندامێك پشتگیریی دوو كەسی دەستەی دامەزرێنەرو تەئیدی بانقیشی بهێنایە بۆ ئەوەی دەركەوێت كە چەند توانای مادی هەیە‌و بەو شێوەیە تەقدیری پلەبەندییەكەی دەكرا، كە بازرگانی پلە یەكە یان پلە دوو سێیە.
رەوتی ئیشوكارەكان هەر لەسەرەتاوە بەهەوڵا‌و كۆششی دەستەی دامەزرێنەر بەباشی بەرەوپێش دەچوو، بەماوەیەكی كەم پارەی قەرزەكەمان دایەوە‌و بەڕێز كاك حەمە سدیقی پارێزەریش كرایە بەڕێوبەری ئیداری‌و بەڕێز سەباح مەجید قەدوری كە ئێستا لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەژی، كرایە بەرێوەبەری ژمێریاری.
پاش تێپەڕِینی ماوەیەك دەبوو لەڕووی یاساییەوە هەڵبژاردن بكرێت بۆ دیاریكردنی سەرۆك‌و ئەنجومەنی ژووری بازرگانی‌و هەندێ بەشی تر، بەپێی یاسا دەبوو ئەندامی ئەنجومەنی ژوور تەمەنی لە٣٠ ساڵ كەمتر نەبێت، من ئەو كاتە هەرچەندە ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەو یەكێك لەدامەزرێنەرانی ژووریش بووم، لەبەرئەوەی تەمەنم لە ٣٠ ساڵ كەمتر بوو، نەمتوانی خۆم بۆ پاڵاوتن ناونوس بكەم.
ئەنجومەن یەكەم هەڵبژاردنی بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك سازكرد‌و سەرەنجام بەزۆرینەی دەنگ شێخ ئەحمەد بەیەكەم سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی هەڵبژێردرا، هەرچەندە “حاجی ئەحمەد”ی ركەبەریشی ئارەزوی ئەو پۆستەی هەبوو، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی بەشێخ ئەحمەد ئەكرا، بەحاجی ئەحمەد نەدەكرا، شێخ ئەحمەد پیاوێكی كردەو لێهاتوو بوو كە لەهەژارییەوە خۆی پێگەیاند بوو، بەڕاستی حەقی خۆی بوو، ئەو ئیداریەكی زۆر باشیش بوو، زمانی عەرەبی زۆر بەچاكی ئەزانی‌و وتاربێژێكی زۆر كارامەو دەم‌و زمان پاراویش بوو، لەهەر مەجلیسێكدا كە ئەو قسەی بكردایە سەرنجی هەموانی بەلای خۆیدا رادەكێشا. 
من زۆربەی ئێواران دەوامم لەگەڵا دەكرد‌و هەیبەتێكی زۆر باشی بۆ ژووری بازرگانی دروستكرد، ئەمەش بەكارەكانیەوە دیاربوو، بۆ نمونە لەو كاتانەدا كە هێشتا تازە ژووری بازرگانی دامەزرا بوو، هەموو ژوورە بازرگانیەكانی عێراقی بانگهێشتكرد بۆ سلێمانی‌و كۆبونەوەكەش چەند رۆژێكی خایاند‌و زۆر جێگای تەقدیر بوو، چونكە بەسەركەوتوویی كۆتایی هات. یان كاتێك كە سەرۆكی ژووری بازرگانی تاران، بانگهێشتی ژورە بازرگانیەكانی بەسرەو بەغدادو سلێمانی كرد، لەسلێمانی شێخ ئەحمەد چوو بۆ تاران لەگەڵیاندا، كاتێكیش كە لەگەڵ شادا تەوقە ئەكا‌و خۆی ئەناسێنێت كە سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانیە، شا بەتایبەتی لەگەڵی ئەوەستێت‌و چەند پرسیارێكی لێئەكات. 
ئێمە چەند ساڵێكمان بەم شێوەیە بەڕێكرد، تا ئەوكاتەی لەژوری بازرگانی دوركەوتمەوە‌و دوای منیش شێخ ئەحمەدیش دوركەوتەوە‌و خەڵكانی تر هاتنە پێشەوە، ئیتر سستییەك كەوتە كارەكانی ژوورەوە، تا وایلێهات ژووری بازرگانی بەرەو لەناوچون دەچوو، میری وەك “دائیرە”یەكی سەر بەحكومەتی لێكرد، ئەوە بوو بازرگانەكانی لەیەك جیاكردەوە، ئەوە بوو هەرچی بریكاری بانقی هەبوایە دەبوو پێناسی ژوری بازرگانی هەبێ، دوای ئەوەش سەرۆكی كارگەی جگەرەو كارگەی چیمەنتۆو چەند كەسێكی تر كران بەسەرۆك‌و بەڕێوەبەری ژوور. 
تا كار گەیشت لەوەی جارێكیتر خوالێخۆشبوو تەها ئەحمەد تەها هات بۆ لام‌و وتی “ئەیانەوێت ژوری بازرگانی زیندوكەنەوە‌و بڕیاریان داوە بەبێ هەڵبژاردن تۆ ببیت بەسەرۆك‌و چەند كەسێكیش بەئەندام لەمەجلیس ئیدارە”.
من داوای لێبوردنم لێ كردن، ئەو كاتە خۆم ئیشم زۆر بوو نەمئەتوانی هیچ ئیشێكی تر بكەم، لەڕاستیدا گەر كاریشم نەبوایە، ئەوەی بەشێخ ئەحمەد ئەكرا قەت بەمن نەئەكرا. 
ئیتر ئەوە بوو هەڵبژاردن كراو چەند لیستێك پێكهێنرا، یەكێك لەوانە لیستی حاجی ئەحمەد بوو كە بازرگانێكی گەورەی شار‌و هەر لەسەرەتاشەوە ركەبەری شێخ ئەحمەد بوو، چونكە حەزی بەوە دەكرد ببێت بەسەرۆك، بەڵام لەهەڵبژاردندا سەرنەكەوت‌و جارێكتریش هەر شێخ ئەحمەد جەلال زیاتر دەنگی هێنا‌و بردییەوە.
ئەم دۆخە بەوشێوەیە درێژەی كێشا‌و لەسایەی دەسەڵاتی بەعسیشدا ژوری بازرگانی مرێندرا، تا كاتی راپەرین كە حكومەتی هەرێم ویستی زیندوی كاتەوە، بەڵام ئێمەو مانان نەتەمەنمان‌و نەتاقەتمان دەرفەتی ئەوەی پێدەداین كە بەو گەرمیەوە بێینەوەو ژور زیندوكەینەوە، هەرچەندە برادەرانی خۆم خوالێخۆشبوان كاك عەلی بۆسكانی‌و كاك زاهیر ئەحمەد‌و ئەوان ئامادەییان تیا بوو، هەموو دانیشتنەكانیش دیسان لەمحەلەكەی مندا ئەكرا، بەڵام خۆم ئامادە نەبوم بچمە لیستەكەوە، دوای هەڵبژاردن كاك زاهیر بووە سەرۆكی ژورەكەو كاك عەلی دووهەم كەس بوو كە هەردوكیان دەنگی باشیان هێنا. 
تێبینی: بەداخەوە ئەو ٢٠ كەسەی كە دامەزرێنەری ژوری بازرگانی بون، كەسیان نەماون، ناوی ئەو ئەو بیست كەسەی كە لەماڵی حاجی ئەحمەد كۆبوینەوە‌و لەیادم ماوە بریتی بوون لە:
١- حاجی ئەحمەد كەریم ئاغا
٢- حاجی ئەحمەد رەشید
٣- حاجی دەروێش غەفور 
٤- حاجی مەلا مەعروف عەبدوڵا
5- حاجی عەبدولعەزیز حاجی مەعروف
٦- حاجی عەبدولرەحمان عەلی 
٧- حاجی محەمەدی كۆڵەك‌ 
٨- عەبدول حاجی محەمەد سلۆ 
٩- حاجی مەلا فەرەج عەبدولرەحمان   
10- گرەبێت تەعلبندیان
11- شاهین ئیمیان
12- حاجی ئەحمەد مەلا ئیبراهیم
14- حاجی مەحەمەد موراد عەلی
15- شێخ ئەحمەد جەلال تەها 
16- حاجی محەمەد مەلا ئەمین