ئاسانترین مامه‌ڵه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ بچووك له‌كوێیه‌؟ ‌

پڕۆژه‌ی‌ بچووك له‌وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوو تازه‌گه‌شه‌كردووشدا به‌شێكی‌ گرنگه‌ له‌ئابووری‌ وڵات‌و رێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌هێزی‌ كار له‌خۆده‌گرێت‌و له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بێكارییدا به‌شداری ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ هەر وڵاته‌و به‌پێی‌ سیاسه‌تی‌ ئابووری‌ خۆی‌ گرنگی‌ به‌و جۆره‌ پڕۆژه‌یه‌ ده‌دات‌و ئاسانكاریی بۆ ده‌كات.
سایتی‌ (CNN) له‌ڕاپۆرتێكدا، كه‌پشتی‌ به‌داتاو ئاماره‌كانی‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تیی به‌ستووه‌، ئه‌و 10 وڵاته‌ یه‌كه‌مه‌ی‌ ریزبه‌ند كردووه‌، كه‌ئاسانكاریی زیاتر بۆ پڕۆژه‌ی‌ بچووك ده‌كه‌ن‌و له‌هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌دا به‌ئاسانترین شێوه‌‌و به‌كه‌مترین كات‌و تێچوون مۆڵه‌تی‌ پڕۆژه‌ی‌ بچووك ده‌درێته‌ خاوه‌ن پڕۆژه‌كان.
له‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌، كه‌ باشترین وڵات له‌نێوان ئه‌و 10 وڵاته‌ی‌ جیهاندا كه‌ ئاسانكاریی بۆ پڕۆژه‌ی‌ بچووك ده‌كات له‌ڕووی‌ مامه‌ڵه‌‌و پێدانی‌ مۆڵه‌ت‌و به‌كارهێنانی‌ سه‌رمایه‌وه‌، نیوزله‌ندایه‌، كه‌ له‌نێوان 185 وڵاتی‌ جیهاندا توانیویه‌تی‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م بده‌ست بهێنێت.
له‌نیوزله‌ندا به‌یه‌ك رۆژ ته‌واو ده‌بێت
له‌دوای‌ نیوزله‌نداش ئوسترالیا به‌پله‌ی‌ دووه‌م دێت‌و كه‌نه‌داش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ به‌وه‌ به‌ناوبانگه‌ رووبه‌رێكی‌ فراوانی‌ هه‌یه‌‌و چڕیی دانیشتووانه‌كه‌ی‌ زۆر كه‌مه‌، پله‌ی‌ سێیه‌می‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ئاسانكارییدا بۆ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆژه‌ی‌ بچووك. دوای‌ ئه‌و سێ وڵاته‌ش سه‌نگافۆره‌‌و ماكدۆنیا، كه‌دوو وڵاتی‌ تازه‌گه‌شه‌كردوون پله‌كانی‌ چواره‌م‌و پێنجه‌میان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر كردووه‌. هه‌روه‌ها هۆنگ كۆنگ پله‌ی‌ شه‌شه‌م‌و جۆرجیا حه‌وته‌م‌و رواندا پله‌ی‌ هه‌شته‌می‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌دوای‌ ئه‌وانیشه‌وه‌ بیلۆروسیا پله‌ی‌ نۆیه‌م‌و ئێرله‌نداش ده‌یه‌مین وڵاتی‌ لیسته‌كه‌یه‌.
راپۆرته‌كه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ باشترین وڵات كه‌ پشتیوانی‌ له‌پڕۆژه‌ی‌ بچووك ده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و رێوشوێن‌و هه‌نگاوانه‌ كاریكردووه‌ كه‌ ده‌بێ له‌كاتی‌ ده‌رهێنانی‌ مۆڵه‌تی‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ بچووكدا له‌و وڵاته‌ بگیرێته‌به‌ر‌و كاتیش گرنگی‌ پێدراوه‌، چونكه‌ گرنگه‌ بزانرێت به‌چه‌ند رۆژ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ ته‌واو ده‌بێت‌و سه‌رجه‌م كاره‌كانی‌ رسومات‌و باج‌و لانیكه‌می‌ سه‌رمایه‌‌و كاره‌كانی‌ تری‌ ته‌واو ده‌بێت.
ئه‌مریكا حه‌وت هه‌نگاوی‌ ده‌وێت
نیوزله‌ندا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ دراوه‌تێ، كه‌ پێدانی‌ مۆڵه‌تی‌ پڕۆژه‌ی‌ بچووك زۆر ئاسانه‌ تیایدا‌و خاوه‌نی‌ پڕۆژه‌كه‌ ته‌نیا به‌یه‌ك هه‌نگاو ناوی‌ كۆمپانیاكه‌ی‌ تۆمار ده‌كات‌و ته‌نیا یه‌ك رۆژیشی‌ پێده‌چێت بۆ ده‌رهێنانی‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ی‌، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌، لانیكه‌می‌ سه‌رمایه‌ش بۆ تۆماركردنی‌ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له‌و وڵاته‌دا ته‌نیا نزیكه‌ی‌ 129 دۆلاری‌ ئه‌مریكییه‌.
به‌ڵام ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كای‌ ئه‌مریكا له‌و راپۆرته‌دا پله‌ی‌ سێزده‌یه‌می‌ به‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی‌ بازرگانی‌ حه‌وت هه‌نگاوی‌ ده‌وێت تامۆڵه‌تی‌ ده‌درێتێ، له‌پێدانی‌ ئه‌و پله‌یه‌شدا شاری‌ نیویۆرك به‌پێوه‌ر وه‌رگیراوه‌.
رای‌ پسپۆڕانی‌ ئابووری‌
پسپۆڕانی‌ ئابووری‌ ده‌ڵێن:»پڕۆژه‌ی‌ بچووك‌و مامناوه‌ند له‌وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوو تازه‌گه‌شه‌كردوودا به‌ڕێژه‌ی‌ 90% به‌شداریی له‌پێكهێنانی‌ دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌كان ده‌كات، له‌وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیشدا پڕۆژه‌ی‌ بچووك ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ له‌ 10 كرێكار كه‌متر كاری‌ تێدا ده‌كه‌ن گرنگی‌ زۆری‌ پێدراوه‌، بۆ نموونه‌ له‌میسر پڕۆژه‌ی‌ بچووك 95%ی‌ دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌كان پێكده‌هێنێت‌و له‌تونس ئه‌و رێژه‌یه‌ 42%‌و له‌مه‌راكیش 50%ی‌ دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌كان پێكده‌هێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ پڕۆژه‌ی‌ بچووك‌و مامناوه‌ند به‌وه‌ به‌ناوبانگه‌ كه‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ ده‌ستی‌ كار له‌خۆی‌ كۆده‌كاته‌وه‌‌و به‌وه‌ش به‌شدارییه‌كی‌ به‌رچاو له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بێكارییدا ده‌كات.
كوردستانی نوێ‌