بازاڕی مسگه‌ران (سوق الصفافیر) یه‌كێكه له‌بازاڕه كۆنه‌كانی به‌غدا، كه له‌سه‌رده‌می خه‌لیفه (موسته‌نسر بیللا)دا له‌نزیك كۆشكی خه‌لیفه‌و هه‌روه‌ها نزیك خوێندنگه‌ی (موسته‌نسریه) كه‌ده‌كه‌وێته سه‌ر رووباری دیجله له‌دیوی ره‌سافه‌وه، دروست كراوه.
ئه‌م خوێندنگه‌یه مێژووی دروستكردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1233و له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌لیفه (موسته‌نسر بیللا) بنیات نراوه، كه له‌سه‌رده‌می خۆیدا فێرخوازێكی زۆری له‌وڵاتانی دوور‌و نزیكی عیراقه‌وه له‌خۆی كۆكردبۆوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خوێندكارانه هه‌ر له‌وێ ده‌مانه‌وه، لهنزیكیانهوه چه‌ند دوكانێك دروستكرانو ناوی لێ‌نرا بازاڕی مسگه‌ران.
به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی رژێمه‌وه
ئه‌و بازاڕه پێداویستییه‌كانی فێرخوازانی خوێندنگه‌كه‌ی دابین ده‌كرد، له‌كه‌لوپه‌لی ناوماڵ‌و بابه‌تی ده‌فرو ئامان‌و كاسهو ژێركاسهو مهنجهڵو هه‌ر پێداویستییه‌كی له‌و جۆره كه به‌كاریان ده‌هێنا بۆ چێشتلێنان، یان ئاو خواردنه‌وه‌و ئاوهێنانو ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار چوارچێوه‌ی وێنه‌و نیگاریشی لێ دروست دهكراو زۆربه‌ی كاتیش ئه‌و كه‌لوپه‌لانه نهخشو نیگاریان له‌سه‌ر ههڵدهكۆڵراو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جوان ده‌ڕازێنرانه‌وه، كه‌لوپه‌له‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌مس دروست ده‌كران، به‌و پێیه‌ی ئه‌وكاته مس مادده‌یه‌ك بوو به‌ئاسانی ده‌ست ده‌كه‌وت‌و هه‌رزانیش بوو، به‌چه‌كوشێكی ئاسن‌و هه‌ندێك ئامێری بچووك نه‌خشیان له‌سه‌ر دروست ده‌كرد، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی كات نهخشو نیگارهكانیش په‌ره‌یان پێدراو زۆر جار وێنه‌ی شوێنه‌وارێكی مێژوویی گرنگ، یان دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێش، یاخود وێنه‌ی كه‌سایه‌تی‌و هێمایه‌كی پڕمانا ده‌بوونه نه‌خشی سه‌ر ده‌فره مسینهكان.
ساڵانێكی زۆر ئه‌م بازاڕه پڕ جموجۆڵ بوو، به‌ڵام له‌دوای ساڵی (1991)ه‌وه، ورده ورده له‌جموجۆڵ كه‌وت، ئه‌ویش دوای گه‌مارۆی ئابووری، كه به‌هۆی داگیركردنی كوێته‌وه به‌سه‌ر عیراقدا سه‌پێنرا، ئه‌وه‌ش سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ی رژێمی پێشووی عیراق بوو، كه‌بووه هۆی په‌ككه‌وتنی ئابووری‌و كاریگه‌ری هه‌بوو بۆ سه‌ر زۆربه‌ی لایه‌نه ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چونكه گه‌مارۆی ئابووری وایكرد، جموجۆڵی كه‌رتی گه‌شتیاری به‌ره‌و نه‌مان بچێت‌و گه‌شتیارانی بیانی نه‌ده‌هاتن بۆ سه‌ردانی شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی عیراق‌و شت‌كڕین.
ده‌ست لهپیشهكانیان هه‌ڵده‌گرن
له‌دوای 2003وه ئه‌م بازاڕه هه‌ر وه‌ك خۆی مایه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی توندوتیژییه‌وه له‌به‌غدا بهگشتیو له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌تایبه‌تی، گه‌شتیار رووی تێنهدهكردن، ئه‌وه‌ش وایكرد ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خاوه‌ن دوكانه‌كانی ئه‌و گوزه‌ره دوكانه‌كانیان بفرۆشن‌و ده‌ست له‌و پیشه‌یه هه‌ڵبگرن كه‌پیشه‌ی باووباپیرانیانهو پشتاوپشت بۆیان ماوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و وهستاكارانهش كه هه‌ریه‌كه‌یان بهچهكوشهكهی ده‌ستی ریتم‌و ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو له‌كاتی ههڵكهندنو دروستكردنی نهخشو نیگاری سه‌ر ده‌فرو ئامانهكان.
ئه‌بو ئه‌نوه‌ر ته‌مه‌نی زیاتر له 50 ساڵه‌و پیشه‌كه‌ی له‌باوانه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، له‌دوكانه‌كه‌یدا چه‌ندین وێنه ده‌بینرێت، كه‌زۆربه‌یان وێنه‌ی باوكی‌و باپیریو وێنه‌ی كه‌سایه‌تییه عیراقییه‌كانه، ئه‌بو ئه‌نوه‌ر وێنه‌یه‌كی (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)ی لای خۆی هێشتۆته‌وه كه له‌سه‌ر ئامانێكی مسین كێشاویه‌تی، ئه‌و وێنه‌یه‌ی نه‌فرۆشتووه، چونكه پێی وایه (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) تاكه سه‌ركرده‌یه كه‌خزمه‌تی عیراقی كردبێت.
سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه
ئه‌بو ئه‌نوه‌ر له‌باره‌ی بازاڕه‌كه‌وه بۆ كوردستانی نوێ ده‌ڵێ:»ئه‌م بازاڕه سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه، ئێستا پڕبووه له‌دوكانی كوتاڵ فرۆش‌و زۆربه‌ی مسگه‌ره‌كان رۆیشتوون، ئێمه پشت به‌گه‌شتیار ده‌به‌ستین، گه‌شتیاریش كه‌مه، چونكه بارودۆخی ئاسایش جێگیر نییه». ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بازاڕی مسگه‌ره‌كان له‌سه‌رده‌می (موسته‌نسر بیللا)دا دروست كراوه، زیاتر له‌هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دروستكراوه‌و چه‌ند دوكانێكیش بهدهورییهوه دروست كرا بۆ دروستكردنی ده‌فرو ئامان‌و كه‌لوپه‌لی ناوماڵ وه‌ك مه‌سینه‌و سوراحیو په‌رداخ، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌مادده‌ی مس دروست ده‌كران، له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێندكارێكی زۆر له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه ده‌هاتن بۆ خوێندن له‌خوێندنگه‌ی موسته‌نسریه، به‌ڵام ئێستا بازاڕه‌كه به‌ده‌ست كه‌میی جموجۆڵه‌وه ده‌ناڵێنێت، به‌تایبه‌ت دوای سه‌پاندنی گه‌مارۆی ئابووری‌و جه‌نگه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ ئێران‌و كوێت‌و دوای ئه‌وه‌ی ئیتر گه‌شتیار رووی نه‌ده‌كرده بازاڕه‌كه به‌هۆی بارودۆخی خراپی ئه‌منییه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆربه‌ی دوكانه‌كانی بازاڕه‌كه گۆڕاون بهكوتاڵ فرۆش.
به‌كارهێنانه‌وه‌ی كۆنه‌كان
لای خۆیه‌وه ئه‌بو حسێن كهچوار مشقی لێی دانیشتووه‌و كۆمه‌ڵێك تابلۆی له‌پشتییه‌وه هه‌ڵواسراوه، چهكوشێكو قه‌ڵه‌مێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و كارده‌كات. ئه‌بو حسێن كار له‌سه‌ر ده‌فرو ئامان‌و كه‌لوپه‌لی مسی كۆن دهكاتو بابه‌تی نوێیان لێ دروست ده‌كات، زۆر جاریش به‌پێی خواستی كڕیار بابه‌تێكی نوێیان لێ دروست ده‌كات. هاووڵاتییه‌ك له‌گوندێكی دووره‌وه سوراحییهكی هێناوه كه‌مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 40 ساڵێك لهمهوبهرو له‌سه‌رده‌می خۆیدا بۆ ئاو هه‌ڵهێنجان، یان ئاو بهخۆداكردنو خۆشتن، یان بۆ ده‌ستنوێژ به‌كارهاتووه. ئه‌بو حسێن ده‌ڵێ:»رۆژگارێك زۆربه‌ی خێزانه‌كان بهگۆزهو ئامانی مسین له‌ڕووباری دیجله‌وه ئاویان هێناوه، ته‌نانه‌ت چێشت لێنانیشیان هه‌ر له‌مه‌نجه‌ڵی مسدا بووه، كه به‌قه‌باره‌ی جیاجیا بوون‌و نهخشو نیگاری جۆراوجۆریشیان له‌سه‌ر بوو».
قاوه له‌ناو مسدا خۆشتره
ئێستا ئه‌بو حسێن ئه‌و سوراحییه تێكدهشكێنێتو ده‌یكاته چه‌ند پارچه‌یه‌كی بچووك‌و قاوهدانی (دلوه القهوه) لێ دروست دهكاتو ده‌ڵێ:»مس به‌رگه‌ی ئاگر زۆر دهگرێتو له‌ناو عه‌شایری عه‌ره‌بیشدا خواستی زۆر له‌سه‌ره، چونكه پێیان وایه قاوه‌یه‌ك له‌مسدا بگیرێته‌وه تامێكی تایبه‌تی هه‌یه، كه‌جیاوازه له‌و قاوهدانانهی له‌مادده‌ی تر دروست ده‌كرێن، جگه له‌وه‌ش قاوه له‌مسدا زوو سارد نابێته‌وه».
ئه‌بو حسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه منداڵه‌كانی خۆی فێری ئه‌و پیشه‌یه نه‌كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان چوونه‌ته‌وه به‌ر خوێندن‌و رێگایه‌كی تریان گرتۆته‌به‌رو له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه هیچكام لهمنداڵهكای پیشه‌كه‌ی باوكیان بگرنه ده‌ست. «ئه‌م پیشه‌یه به‌هۆی باوردۆخی ناجێگیری ئاسایشه‌وه، به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت».
رۆژێك دێت ده‌بووژێته‌وه
دوكانێك له‌دوكانه‌كانی تر رێك‌وپێك تره، ئه‌ویش دوكانی (مسته‌فا)یه، دوكانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌فری مسینی تێدا ریز كراوه، كه‌وێنه‌ی سه‌ركرده‌كانی تێدایه، وێنه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم‌و مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عیراق‌و وێنه‌ی مه‌لا مستهفاو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌و چه‌ندین وێنه‌ی تری كه‌سایه‌تییه مێژووییهكانیشی له‌ناو دوكانه‌كه‌یدا ریز كردووه، جگه له‌وێنه، مسته‌فا ژماره‌یه‌ك شمشێری داناوه، كه له‌شێوه‌ی شمشێره‌كانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامدا دروستكراون.
(مسته‌فا)ش به‌هه‌مان شێوه ئاماژه بهبێبازاڕی ده‌كات، به‌هۆی بارودۆخی ئاسایشه‌وه، كه‌وایكردووه گه‌شتیاران به‌تایبه‌ت بیانییه‌كان روونه‌كه‌نه بازاڕه‌كه‌ی ئه‌وان، له‌به‌رئه‌وه زۆربه‌ی كاڵاكانیان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌مێنێته‌وه‌و نافرۆشرێت. به‌ڵام مسته‌فا زۆر گه‌شبینه به‌داهاتووی بازاڕهكهیانو ده‌ڵێ:»رۆژێك دێت ئه‌م هه‌وره ره‌شه ده‌ڕه‌وێته‌وه‌و بازاڕی مسگه‌ران جموجۆڵی تێده‌كه‌وێته‌وه».
كوردستانی نوێ