ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هێرشكردنە سەر گۆڕی بێكەس ئیدانە دەكات

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەتوندی ئیدانەی ئەو كارە ناجوامێرانەیە دەكات لەهەفتەی رابردوودا بەرامبەر بەگۆڕی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس ئەنجامدراو بووە هۆی شكاندنی كێڵی گۆڕەكەی.
شێركۆ بێكەس‌و شیعرەكانی، شێركۆ بێكەس‌و هەڵوێستەكانی، شێركۆ بێكەس‌و داهێنانەكانی، شایستەی ئەوەن كورد شانازییان پێوە بكات، ئەو هۆش تاریكانەی دەستیان بۆ گۆڕی ئەو شاعیرە بوێرە درێژ كرد، كەسانێكی جوانكوژن‌و چاویان بەرەسەنایەتی‌و بەماناكانی ئەڤین‌و روناكی‌و شیعرو جوانی‌و ئازادی هەڵنایەت.
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وێڕای ئیدانە كردنی ئەو كارە ترسنۆك‌و ناجوامێرانەیەی بەرمبەر بەشێركۆ بێكەس كرا، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەكات كە هەموو هەوڵێكیان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو كارە بخەنەگەڕ، بەمەبەستی لێپێچینەوەو بەسزاگەیاندنیان.
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی
20/10/2013