2 هەزارو 500 كارگە،هه‌لی كاریان بۆ (50) هه‌زار هاوڵاتی دابینكردووه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی له‌وه‌زاره‌تی بازگانی‌و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایكرد، به‌هۆی كاركردنی زیاتر له‌دوو هه‌زارو (500) كارگه‌وه‌، هه‌لی كار بۆ (50) هه‌زار هاوڵاتی دابینكراوه‌.
(ئاراس ڕه‌ئوف) به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، به‌هۆی كاركردنی به‌رده‌وامی دوو هه‌زارو (500) كارگه‌وه‌، زیاتر له‌ (50) هه‌زار هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دابینكراوه‌، وتی:”له‌ئێستاشدا زیاتر له‌ هه‌زارو (500) كارگه‌ له‌قۆناغی دامه‌زراندندان، كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌مزوانه‌ ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌ن”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی له‌وه‌زاره‌تی بازگانی‌و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم ڕوونیكرده‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌و كارگانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان داده‌مه‌زرێن، ئامێره‌كانیان له‌دادنوس تۆماركردبێت، مۆدێلیشیان له‌(2009) كه‌متر نه‌بێت، پێویستیشه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كه‌ن خزمه‌ت به‌ئابووری بگه‌یه‌نێت، هه‌ر كارگه‌یه‌كیش ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدابێت له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه‌ زه‌وی بۆ دابینده‌كرێت.