لە تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌لامه‌تیدا ده‌رناچێت

جۆره‌ نوێیه‌كه‌ی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا كۆرۆلا دووچاری ئاسته‌نگی بویه‌وه‌ كاتێك خرایه‌ ژێر تاقیكردنه‌وه‌ی پیاكێشانه‌وه‌، ئه‌م كاره‌ش پاش ئه‌وه‌دێت كه‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر مۆدێلی 2014كه‌یدا هێنرا، ئه‌مه‌ش به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی (ناوه‌ندی پاراستنی سه‌لامه‌تی ڕێگا خێراكان) كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕاگه‌یه‌ندرا.
ئه‌و ناوه‌نده‌ ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ توانای ئۆتۆمبیله‌ نوێیه‌كه‌ بۆ پیاكێشان زۆر “لاوازه‌”، به‌وپێیه‌ی كه‌ لاشه‌كه‌ی به‌پێی پێویست پته‌و نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ڕووبه‌ری شوێنی شۆفێره‌كه‌ به‌پێی پێویست فراوان نییه‌ به‌هۆی ئه‌و پارچانه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ كه‌ له‌ چوارده‌ورین، به‌تایبه‌تی به‌شی لای قاچی شۆفێره‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی ڕووداودا بۆی هه‌یه‌ زۆر به‌ ئاسانی ئازاری  پێبگات، ئه‌م زانیارییانه‌ش به‌پێی شوێنه‌واره‌كانی سه‌ر لاشه‌ی ئه‌و بووكه‌ڵه‌یه‌دا دیاریكراوه‌ كه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا كراوه‌ته‌ ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆرێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كانی جیهان له‌ بواری تاقیكردنه‌وه‌ی پیاكێشاندا سه‌ركه‌وتنی زۆر گه‌وره‌ به‌ده‌ست ناهێنن، به‌ڵام له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی دیكه‌دا ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ر به‌ده‌ست دێنن.
هاوكات مایكڵ كرۆڵی ووته‌بێژی كۆمپانیای تۆیۆتا ڕایگه‌یاند كه‌ كۆمپانیاكه‌یان “سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گشت ئۆتۆمبیله‌كان بكاته‌ ژێر قورسترین تاقیكردنه‌وه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوه‌ندی پاراستنی سه‌لامه‌تی ڕێگا خێراكان تاقیكردنه‌وه‌كانی قورستر كردووه‌، ئێمه‌ش ئاماده‌ین ڕووبه‌ڕوی ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ ببین.