ئه‌فغانستان: ئاهه‌نگێكی‌ بووك گواستنه‌وه‌ بووبه‌ شیوه‌ن

ئه‌مڕۆ 8ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2012 له‌ ئه‌فغانستان له‌ ئاكامی‌  چوار ته‌قینه‌وه‌ی‌ جیاوازدا 30كه‌س بوونه‌ قوربانی‌.
مه‌حه‌مه‌د ئیسماعیل جێگری‌ هه‌ماهه‌نگی‌ فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی‌ ویلایه‌تی‌ هلمند ئاشكرای‌ كرد، له‌ ئاكامی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ مێنێكی‌ چێنراو چوار ژن و چوار منداڵ و دوو پیاو گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌.
به‌ پێی‌ هه‌واڵێكی‌ كه‌ناڵی‌ “یه‌ك”ی‌ ئه‌فغانستان، ئیسماعیل راگه‌یاندووه‌، به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌ی‌ “موسا قه‌لعه‌”ی‌ ویلایه‌تی‌ هلمند رووییداوه‌ و له‌هه‌مان ته‌قینه‌وه‌شدا دوو ژن و دوو منداڵ و دوو پیاویش برینداربوون.
مه‌حه‌مه‌د ئیسماعیل وتیشی‌، قوربانیانی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ به‌شداربووانی‌ ئاهه‌نگێكی‌ بووك گواستنه‌وه‌ بوون.
هاوكات كه‌ناڵی‌ “لمر”ی‌ ئه‌فغانستان بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ بۆمبێكدا له‌ ویلایه‌تی‌ “زابل” ی‌ باشووری‌ وڵات، دوو منداڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
له‌ لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ هێرشێكی‌ خۆكوژی‌ له‌ ویلایه‌تی‌ “قه‌نده‌هار” روویداو و له‌ ئه‌نجامدا سێ پۆلیس كوژرا و چوار پۆلیسی‌ تریش برینداربوون.
له‌ ئاكامی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكی تریش له‌ ویلایه‌تی‌ “لغمان” پێنج سه‌ربازی‌ سوپای‌ ئه‌فغانستان بوونه‌ قوربانی‌.