پێشانگه‌كانی بازرگانی ده‌بنه‌ هۆی ڕاكێشانی كۆمپانیاكان

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ دیوان‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد، پێویسته‌ كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌ی بازرگانی له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتربێت، چونكه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌ی بازرگانی جیهان، ڕوو له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن‌و كاروپرۆژه‌كانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ.
(عه‌زیز ئیبراهیم) به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌كان ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ڕاكێشانی كۆمپانیاكانی جیهان بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ ده‌یان كۆمپانیای گه‌وره‌ی جیهانی ڕوویان له‌هه‌رێم كردووه‌، وتی:”هه‌رچه‌ند زیاتر پێشانگه‌ی بازرگانی زیاتر له‌هه‌رێم بكرێته‌وه‌، سودی گه‌وره‌ به‌وه‌به‌رهێنان ده‌گات، چونكه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پێشانگه‌یانه‌وه‌، كۆمپانیای گه‌وره‌ی بازرگانی له‌جیهاندا سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن‌و كاروپرۆژه‌كانیان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ دیوان‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم  ڕوونیكرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ به‌هاتنی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهان ده‌بوژێته‌وه‌، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌بریكاربوونی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانیش ده‌بێت.