منداڵ‌و كار.. دووانەیەكی لێك دانەبڕاو

                                                                                                                                 
 “خاڵە عەلاگەت ناوێت، وەرە بۆ بنێشت دوانی بە هەزار، ئاوی سارد، چلورەو مۆتەی سەرقاوە .. هتد، ئەمانە هاواری ئەو منداڵانەن،
كە رۆژانە دەیانجار لەناو بازاڕو كۆڵان‌و شوێنەگشتیەكاندا كار دەكەن بۆ بژێوی خۆیان‌و خێزانەكانیان”.
وەكو بۆنەیەكی تەقلیدی‌و دووبارە هەموو ساڵێك لەسەروبەندی رۆژی جیهانی منداڵاندا كە دەكاتە 6/1، رێكخراوەكان ئەو یادە بەچەندین شێوەی جیاواز دەكەنەوە، بەڵام هێشتا دەیان منداڵ لەكوردستاندا نازانن رۆژێكیان هەیەو بە جەژنی ئەوان ناودەبرێت.
هەر كۆمەڵگەیەك بەهەردوو لایەنی رەسمی‌و  نارەسمی‌و  لە رێگەی داب‌و نەریت‌و رێساو یاساو پەیڕەوەكانی تری ژیانی كۆمەڵگە، هەوڵ دەدەن بۆ دیاریكردنی گرفتەكان‌و چارەسەركردنیان جا بەپێی سەردەمەكان گرفتەكان جیاوازن‌و هۆكاری هەمەچەشن هەن بۆ دروست بوونی گرفتەكان‌و جیاواز لە كاریگەری، بۆیە ئەوە گرفتەكان دیاری ناكرێت بەبێ‌ دیاریكردنی هۆكارەكانی دروست بونیان، پاشان لە پاڵ ناسینی گرفتەكانی‌و دیاریكردنی هۆكارەكانیان چارەسەری گونجاو دەستنیشان دەكرێت.
لە كوردستاندا بەشێك لە منداڵان كاریان پێدەكرێت بەبێ‌ ئەوەی خۆیان ئارەزووی كاركردنیان هەبێت، چونكە هەر منداڵیك ئارەزوی كاركردنی هەبێت واتە ئامادەیە دەستبەرداری تەمەنی منداڵی خۆی بێت، كارپێكردنی منداڵان لە هەموو جیهاندا بونی هەیە، بەڵام رێژەكەی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتیكی تر دەگۆڕێت، لە وڵاتی ئێمەدا هێندە بەربڵاوە دەتوانی بە دیاردە هەژمار بكرێت.
هۆكاری كاركردنی منداڵان دەگەڕێتەوە سەر هەژاری خێزانەكان، هەندێك كاتیش كەمتەرخەمی هەیە لە هەندێك لە خێزان، بەڵام بە گشتی هەژاری وا لە خێزانەكان دەكات منداڵەكانیان بخەنە بەر كارو لە خوێندن دوربن، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەم وڵاتەی ئێمەدا هیچ مافێك نییە بۆ منداڵان.
زانایانی دەروونی تەمەنی منداڵانیان بۆ مرۆڤ دیاریكردووە، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا تەمەنی منداڵ بەپێچەوانەی ئەو تەمەنەیە كە زانایان دیاریان كردووە، ئەوەتا خالید عەبدولكەریم، توێژەری كۆمەڵایەتی، دەڵێت: “هەر مرۆڤێك تەمەنی لە خوار 18 ساڵییەوە بێت، ئەوە بە منداڵ هەژمار دەكرێت ئەمەش پێوەرێكی جیهانییەو كەس ناتوانێت نكۆڵی لێبكات”.
گرفتی منداڵانی ئیشكەرو منداڵانی سەر شەقامەكان، ئەمەش دیاردەیەكی تری كۆمەڵایەتییە، رۆژانە ئەم دیاردەیە بەرچاو دەكەوێت لە شەقام‌و ترافیك لایت‌و بازگەو بازاڕو دوكانەكان‌و چێشتخانەكان، تەنانەت لە هەندێك شوێندا شەوانەش كاردەكەن.
بەشێوەیەكی گشتی دووجۆر لە منداڵانی ئیشكەر هەن ئەوانەی كە لەژێر چاودێری كەسوكارەكانیان كاردەكەن‌و ئەوانەی دور لە چاودێری كەسوكارەكانیان كاردەكەن لەشوێنە جیاجیاكان، بێگومان ئەم منداڵانەی كەلە ژێر چاودێری‌و ئاگاداری كەسوكارەكانیان كاردەكەن بەشێوەیەك لەشێوەكان باشترە لە منداڵانی تر كە تەنها بەمەبەستی كاركردن لەلایەن كەسوكارەكانیان دەنێردرێن بۆ كاركردن‌و دوور لە ئاگاداری‌و چاودێری‌و تەنها بەمەبەستی بەدەستهێنانی بڕێك پارەو دەستكەوت ئەمیش لە دووبارەدا هۆكارە بۆ كاركردنی منداڵان.
ئەوەشی بەشێوەیەكی گشتی بەدی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، دوای كۆتایی هاتنی دەوامی رەسمی‌و دەست پێكی وەرزی هاوین (پشوو) كە خوێندنگەكان لە پشودان، ژمارەی منداڵانی ئیشكەر زیاتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ وەرزەكانی تر كە منداڵان لە خوێندنگەن.
هەرچەندە بەپێی یاساكان منداڵ لەخوار تەمەنی 15 ساڵیەوە نابێت هیچ كارێك بكات، بەڵام هێشتا لەكوردستان كار بەو یاسایە نەكراوە.
منداڵان هەندێك جار لەو شوێنەی كە كاری لێ دەكەن بێتاقەت دەبن بەهۆی ئەو سەرزەنشتەی لەلایەن گەورەكانەوە دەكرێتە سەریان، ئەوەتا ئەو منداڵەی كە لە ترافك لایتێك وەستاوەو چاوەڕێی ئەوە دەكات كە شۆفێرێك بنێشتێكی لێ بكڕێت، بەڵام هەندێك جار  پێچەوانەكەی دەبینێت، سۆنیا ئەو مناڵەیەو، دەڵێت: “زۆر جار سەرزەنشت دەكرێتم لەلایەن شۆفێرو سەرنشینانەوە، ئەوان نازانن من بەزۆر ئەو كارەم پێدەكرێت، ئەگینا منیش حەزم لەمەنیەو حەزدەكەم بچمەوە بۆ ماڵەوە”.
رۆژی جیهانی منداڵان لەساڵی 1925 ـەوە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان‌و هەرێمی كوردستانیش ئەو یادە دەكرێتەوە، لەوكاتەی كە كۆنفرانسی جیهانی بۆ خۆشگوزەرانی منداڵان لەجنێفی پایتەختی سویسرا بەستراو رۆژی یەكی حوزەیران (مانگی شەش) ی هەموو ساڵێك دیاریكرا بە رۆژی جیهانی منداڵان.
هەندێك لە منداڵان، بەسەرسوڕمانەوە بێئاگایی خۆیان نیشان دەدەن لە جەژنی منداڵان‌و، دەڵێن: “بۆ رۆژی منداڵانیش هەیە”.
بۆ هەندێك منداڵ ئەگەر رۆژێكی واش هەبێت، هیچ جێگەی بایەخ نییە، چونكە هەردەبێت بچنە سەر شەقامەكان‌و كاری خۆیان بكەن.
بەكارهێنانی منداڵان بۆ سواڵكردن، بەتایبەتی ئەوانەی كەمئەندامن یان لەرووی دەروونیەوە تەواونین، كە هەندێك لەوانە حەبی بێهۆشكەریان پێدەدرێت‌و لەشوێنەگشتیەكاندا سواڵیان پێدەكرێت، بەبڕوای پسپۆرانی بواری منداڵان ئەمەش یەكێكە لەو دیاردە مەترسیدارانە كە هێشتا نەتوانراوە چارەسەری تەواوەتی بۆ بدۆزرێتەوە.
شارەزایان‌و توێژەرانی كۆمەڵایەتیش باس لەگرنگی قۆناغی منداڵی دەكەن‌و پێیان وایە قۆناغێكی هەستیارەو پێویستە بەهۆشیارییەكی تەواوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
 
pukmedia