“گرێبه‌سته‌كه‌ی‌ به‌غدا‌و (BP) سه‌ركه‌وتوونابێت”

بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و غاز، له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ئاشكرایكرد، ئه‌سته‌مه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ (BP)ی‌ به‌ریتانیا، بۆ كاركردن له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك سه‌ركه‌تووبێت.
(قاسم محه‌مه‌د) بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و غاز، له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، حكومه‌تی‌ عێراق له‌بری‌ هاوكاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات له‌بواری‌ وزه‌‌و بواره‌كانی‌ دیكه‌، هه‌وڵده‌دات كۆنترۆڵی‌ هه‌رێم بكات‌و بیخاته‌ ژێر ڕكێفی‌ خۆیه‌وه‌.
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، حكومه‌تی‌ به‌غدا له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا هه‌وڵیداوه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ (BP) به‌ریتانیا واژۆبكات، بۆ كاركردن له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، به‌ڵام پێناچێت گرێبه‌سته‌كه‌ سه‌ربگرێت‌و هیچ ئه‌نجامێكی‌ هه‌بێت، وتیشی‌:”له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم، به‌بۆچوونی‌ ئێمه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ سه‌رناگرێت”.
پێشتر (عه‌بدولكه‌ریم لعێبی‌) وه‌زیرتی‌ نه‌وتی‌ عێراق ئاشكرایكردبوو، وه‌زارته‌كه‌یان گرێبه‌ستێكی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ (BP)ی‌ به‌ریتانیا واژۆكردووه‌، بۆ كاركردن له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك.