جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە رایگەیاند بەپێی یاساكانی بودجەی 2013 دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرەبووی هەناردەكردنی نەوت بۆ عێراق بكاتەوە. جەختیش دەكاتەوە یاساكانی ئەو بودجەیە هەرێمی كوردستان ناچار دەكات نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات.
حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە، رایگەیاند: “یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2013ی عێراق لە یەكێك لە بڕگەكانی جەخت لە سەر پێویستی پابەندبوونی هەرێمی كوردستان دەكات بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی بە حكومەتی ناوەندی عێراق”.
گوتیشی “یاسای بودجەی ساڵی 2013 هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بەغدا لە زیانەكانی هەناردەنەكردنی نەوت لە لایەن هەرێمەوە لە ماوەی رابردوو قەرەبوو بكاتەوە، لە كاتێكدا بڕیاربوو هەرێمی كوردستان لەو ماوەیە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردە بكات”.
شەهرستانی زیاتر گوتی “ئەو پارەیەی پێویستە هەرێمی كوردستان لە بڕی هەناردەنەكردنی ئەو بڕە نەوتە بە بەغدای بدات بە ١٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت”.
جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە هەروەها پێشبینی كرد “هەمان بڕگەو بە مەرجی تووندتر لە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2014 دابنرێ بۆ ناچاركردنی هەرێمی كوردستان بۆ قەرەبووكردنەوەی حكومەتی فیدراڵی لەو زیانانەی كە لە عێراق كەوتووە بەهۆی رادەستنەكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغدا”.
ئەم لێدوانانەی شەهرستانی لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان داوا لە بەغدا دەكات پارەی كرێی دەستی كۆمپانیاكانی خاوەن كار لە كەرتی نەوتی هەرێم خەرج بكات وەك مەرجی پێشوەخت بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە لایەن هەرێمەوە بۆ دەرەوە بەو بڕەی لە بودجەی فیدراڵی عێراقدا جەختی لەسەر كراوە.