رێكخراوێك هه‌زار ئافره‌ت فێری‌ پیشه‌ی‌ درومان ده‌كات

رێكخراوی پاوه‌ن، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كاندا له‌رێگه‌ی‌ چه‌ند خولێكی تایبه‌ته‌وه‌، تائێستا زیاتر له‌هه‌زار ئافره‌تی‌ فێری به‌رگدرویی كردوه‌و مامۆستای ئه‌و خولانه‌ش داوا ده‌كات حكومه‌ت كارگه‌یه‌كی بچوك بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سود له‌توانا مرۆییه‌كانی ناوخۆ وه‌ربگیرێت.
ماوه‌ی زیاتر له‌دو مانگه‌، رێكخراوی پاوه‌ن خولێكی بۆ زیاتر له‌ 100 كه‌س له‌شاری سلێمانی‌و چه‌مچه‌ماڵ كردۆته‌وه‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ندێك له‌به‌شداربوانی خوله‌كه‌ توانیویانه‌ هه‌لی كار بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه‌و له‌رێی درومانیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتیان په‌یدا بكه‌ن.
 مامۆستای خوله‌كه‌، ئاراس عه‌لی، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خانمه‌ به‌شداربوه‌كانی خوله‌كه‌ ئاره‌زوییه‌كی بێوێنه‌یان هه‌یه‌ بۆ فێربونی درومانی‌و ده‌یانه‌وێت هاوشێوه‌ی مۆدێله‌ جیهانیه‌كان كاربكه‌ن‌و تواناكانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ‌و وتی، “ئێمه‌ به‌نوێترین شێوازی سه‌رده‌م راهێنانیان پێده‌كه‌ین‌و تائێستا هه‌زار ئافره‌تمان فێری درومان‌و بڕین كردوه‌، تا بتوانن به‌ده‌ستی خۆیان بژێوێی‌ ژیانیان په‌یدا بكه‌ن”.
 مامۆستا ئاراس باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ئێستادا زیاتر ئه‌و ستایلانه‌ی پۆشاكیان فێرده‌كه‌ن كه‌ له‌بازاڕه‌كانی كوردستان بره‌ویان هه‌یه‌و ده‌فرۆشرێن، به‌تایبه‌تیش مۆدێلاتی توركی. 
سپی حسێن، یه‌كێكه‌ له‌و ئافره‌تانه‌ی به‌هۆی خوله‌كانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ فێری درومان بوه‌و ئێستا وه‌ك خۆی باسی ده‌كات پێشكه‌وتنی به‌رچاوی له‌كاره‌كه‌یدا به‌ده‌ستهێناوه‌و ده‌ڵێت: “پێشتر كه‌مێك پێشینه‌ی‌ درومانیم هه‌بو، به‌ڵام له‌ئێستادا ئیش بۆ بازاڕ ده‌كه‌م‌و داهاتم زۆر باش بوه‌و به‌هۆی خوله‌كه‌وه‌ توانیومه‌ شێواز‌و مۆدیلی نوێ فێربم”.
 هه‌روه‌ها تارا كه‌ریم، یه‌كێكی تره‌ له‌به‌شداربوانی خوله‌كه‌و به‌وهۆیه‌و وه‌ك خۆی باسی‌ ده‌كات توانیویه‌تی سود له‌خوله‌كه‌ ببینێت‌و وتی: “به‌هۆی ئه‌م خوله‌وه‌ زانیاری نوێم له‌باره‌ی درومانیه‌وه‌ وه‌رگرت‌و ئاشناش بوم به‌ستایله‌ نوێیه‌كانی توركی كه‌ ئێستا بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی داگیركردوه‌”.
 ئه‌و دو فێرخوازه‌ داواكارن له‌حكومه‌ت كارگه‌یه‌كی جلوبه‌رگ بكاته‌وه‌، تا به‌رهه‌می ناوخۆ به‌ره‌وپێش ببرێت.
هاوكات به‌رپرسی رێكخراوی پاوه‌ن بۆ پێگه‌یاندنی پیشه‌وه‌ران‌و كاڵای نیشتمانی، كامه‌ران عومه‌ر، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕو كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێی خوله‌كه‌وه‌ هانی ئافره‌تانی هه‌رێم بده‌ن تا له‌رێیی ئه‌م پیشه‌یه‌وه‌ بژێوی‌و داهات بۆ ژیانی خۆیان په‌یدابكه‌ن‌و وتی: “ماوه‌ی چوار ساڵه‌ خه‌ریكی ئه‌م خوله‌ین‌و تا ئێستاش توانیومانه‌ نزیكه‌ی هه‌زار ئافره‌ت فێری درومانی بكه‌ین‌و زیاتر له‌ 100 ئافره‌تیش كاره‌كه‌یان كردوه‌ به‌سه‌رچاوه‌ی بژێوی ژیانی خۆیان‌و توانیویانه‌ دوكان دابنێن یان له‌ماڵه‌وه‌ كار بكه‌ن”.
عومه‌ر پێشنیارده‌كات حكومه‌ت سود له‌م خولانه‌ وه‌ربگرێت تا توانای مرۆیی هه‌رێمی پێ به‌رزبكرێته‌وه‌و جارێكی تر له‌خزمه‌تی وڵاته‌كه‌دا به‌كاربهێنرێته‌وه‌و وتی: “رۆژانه‌ به‌به‌های‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار جلوبه‌رگ هاورده‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م پاره‌یه‌ له‌ناوخۆدا خه‌رجبكرێته‌وه‌، پاره‌ی وڵاته‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌”.
دوای كۆتاییهاتنی ئه‌م خوله‌، بڕیاره‌ رێكخراوه‌كه‌ بێبه‌رامبه‌ر قوماش‌و مه‌كینه‌ی درومانی بدات به‌هه‌ندێك له‌و ئافره‌تانه‌ی به‌شداری خوله‌كه‌ن، تابتوانن سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌ له‌ژیانی پیشه‌ییاندا ده‌ستپێبكه‌ن.