سلێمانی‌ .. به‌هۆی‌ ته‌زوی‌ كاره‌باوه‌ كرێكارێك گیان له‌ده‌ستده‌دات

به‌هۆی‌ ته‌زوی‌ كاره‌باوه‌ كرێكارێك له‌كاتی‌ كاركردندا له‌شاری‌ سلێمانی‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا، به‌وه‌ش ژماره‌ی‌ ئه‌و كرێكارانه‌ی‌ له‌مساڵدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ گه‌یشته‌ 49 كرێكار.
 سه‌رۆكی‌ لقی‌ سلێمانی‌ سه‌ندیكای‌ كرێكارانی‌ كوردستان، عوسمان حه‌مه‌ ئه‌مین، بە سایتی ژوری راگەیاند: سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مرۆ دوشه‌ممه‌، له‌یه‌كێك له‌پرۆژه‌كاندا له‌شه‌قامی‌ سالمی‌ سلێمانی‌، شیشی‌ سه‌قفی‌ پرۆژه‌كه‌ به‌ر هێڵی‌ كاره‌بای‌ به‌رده‌م پرۆژه‌كه‌ كه‌وتوه‌و ته‌زوی‌ كاره‌با له‌كرێكارێكی‌ داوه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ كرێكاره‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداو.
ناوبراو وتیشی‌، كرێكاره‌كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به‌و ناوی‌ (ساڵح عادل) ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵه‌.
سه‌رۆكی‌ لقی‌ سلێمانی‌ سه‌ندیكای‌ كرێكارانی‌ كوردستان ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو كه‌ له‌مساڵدا چه‌ند ڕوداوێكی‌ له‌م شێوه‌ دوباره‌ بۆته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ته‌زوی‌ كاره‌باوه‌ چه‌ند كرێكارێك له‌شوێنی‌ كاركرندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
عوسمان حه‌مه‌ ئه‌مین به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ له‌مه‌ودوا هه‌ماهه‌نگی‌‌و تێگه‌یشتن له‌نێوان فه‌رمانگه‌كانی‌ كاره‌باو خاوه‌نی‌ پرۆژه‌كاندا هه‌بێت تا ڕوداوی‌ له‌و شێوه‌یه‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌و سه‌لامه‌تی‌ كرێكاران پارێزراوبێت. له‌هه‌مانكاتدا پێویسته‌ كرێكارانیش وردبین‌و ئاگاداری‌ سه‌لامه‌تی‌ خۆیان بن.
به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ سه‌ندیكای‌ كرێكارانی‌ كوردستان ته‌نها له‌مساڵدا 49 كرێكار له‌كاتی‌ كاركردندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.