بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵاوگەیەک بۆ دووبارە پاڵاوتنەوەی ئەو قیرەی حکوومەتی فیدراڵ دەینێرێت، دادەمەزرێنێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانی سلێمانی توانا کەمال، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاندوە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدا هەیە پاڵاوگەیەک دابمەزرێنێت، بۆ ئەو قیرەی حکوومەتی عێراق وەکو بەشی هەرێمی کوردستان بۆ هەر سێ پارێزگاکە و ئیدارەی گەرمیان دەینێردرێت، بۆ ئەوەی دووبارە پڕۆسەی پاڵاوتنی تێدا ئەنجام بدرێت”.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی سلێمانی گوتیشی “هۆکاری دامەزراندنی ئەم کارگەیە بۆ ئەوەیە كە زۆرێک لە ماددە چەورییەکان و چینە گازەکان و پارافین و ماددە کیمیاییەکان کەم ببنەوە و قیرێکی جوانمان دەست بکەوێت، دواتر بەسەر ئەو کارگە و لایەنانەی پەیوەندیدارن بە قیرکردنی ڕێگاوبانەکان، دابەشی بکەین”.