بە هۆی پەسندنەکهوتنی بوودجەی ئەمەریكا لە كۆنگرێسی ئەو وڵاتە، حكوومەت بێ پارە بووە و لە ناچاریان 800هەزار كارمەندی خۆی ناردووەتە پشوویەكی زۆرەملێی بێ مووچە.
بە هۆی پەسندنەكردنی بوودجەی وڵاتەكەیان لە كۆنگرێسدا، دامودەزگانی حكوومهت چیی تر توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییان نییە و ئۆبامایش كۆنگرێس تۆمەتبار دەكات كە لە پەسندكردنی بودجەدا دەستوبردی نەكردووە.
بە گوتەی ئۆباما ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت، كاریگەریی خراپی لەسەر هەلومەرجی ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت و كۆسپیش لە بەردەم بەرنامە چاكسازییهکهی حكوومەتەكەی دروست دەكات.
ئەمە یەكەمین جارە كە لە حهڤده ساڵی ڕابردوودا ڕێكنەكەوتنی حكوومەت و كۆنگرێس لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە، ببێتە هۆی ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت.
هۆكاری پەسندنەكرانی پڕۆژە بۆ بەرنامەی بیمە دەرمانییهکهی حزبی دیموكرات دەگەڕێتەوە كە حزبی كۆماریخواز دژایەتیی دەكات. بە گوێرەی ئەم بەرنامەیە كە لە بوودجەدا داندراوە، پێویستە هەموو كەسێك لە ئەمەریكادا بیمەی ‘دەرمان’ـی هەبێت تەنانەت ئەگەر خۆیشی نەیەوێت، بەڵام ئەگەر توانای دانی بیمەكەی نەبوو، حكوومەت لە جیاتیی دەیدات.
ئەمە بە لای كۆماریخوازەكان جۆرێكە لە سەندنەوەی ئازادیی هەڵبژاردن و پێیان وایە كە دەبێت خەڵك خۆیان سەرپشك بن لەوەی بیمەیان هەبێت یان نا.
ئەم ناكۆكییە لە دانیشتنەكانی كۆنگرێسدا یەكلا نەكرایەوە و پەسندكردنی بوودجە دواكەوت. ئەمە لە كاتێكدایە كە دەبووایە سەرەتای مانگی 10، پڕۆژەیاسای بودجە پەسند بكرایە.
پێشبینی دەكرێت كە ئەم قەیرانە سیاسییە كاریگەریی لەسەر هەلومەرجی ئابووری بە تایبەت بەهای پشكەكان لە بازاڕە دارییەكاندا هەبێت.
مامەڵەكاران لە بازاڕی دراو باس لە دابەزینی ڕێژەیی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دراوەكانی دیكەدا دەكەن. تەنانەت هەندێ لە ئابووریناسان پێشبینی دەكەن كە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، كاریگەریی خراپی لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت.
پێشبینی دەكرێت كە وەستانی كاتیی كاری دامودەستگەكانی حكوومەت بۆ ماوەی سێ تا چوار هەفتە نزیكەی پهنجا ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی ئەم وڵاتە بگەیێنێت.
بە گوێرەی پێشبینییەكانی كۆمپانیای خزمەتگوزاریی دارایی ئەمەریكا گۆڵدمن ساكس، ئەم كێشەیە دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە كەم بكاتەوە.