سلێمانی‌: رۆژنامه‌نووسان‌و ئاسایش روبه‌روی‌ یه‌كده‌بنه‌وه‌

له‌چوارچێوه‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ ڤیستیڤاڵی‌ دروستكردن‌و بنیاتنانی‌ شاری‌ سلێمانیدا، بریاره‌ رۆژنامه‌نووسان‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ له‌یارییه‌كی‌ تۆپی‌ پێدا روبه‌روی‌ یه‌كتر ببنه‌وه‌.
 یارییه‌كه‌ی‌ نێوان رۆژنامه‌نووسانی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایش له‌لایه‌ن ناوه‌ندی‌ ته‌لاری‌ خێزانی‌ سلێمانییه‌وه‌ رێكده‌خرێت، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامی‌ یانه‌ی‌ ته‌لاری‌ خێزانی‌، جوتیار عه‌لی‌ بۆسكانی‌،ڕایگەیاند: له‌گه‌ڵ دروستبونی‌ بیرۆكه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ڤیستیڤاڵی‌ رۆژی‌ سلێمانی‌ له‌ساڵیادی‌ بنیاتنانی‌ شاری‌ سلێمانیدا، یانه‌كه‌یان چه‌ند چالاكییه‌كی‌ جۆراوجۆر ئه‌نجامده‌دات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌مساڵدا به‌نیازن یارییه‌كی‌ تۆپی‌ پێ بۆ رۆژنامه‌نووسان‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایش رێكبخه‌ن.
بریاره‌ 14ی‌ ئه‌م مانگه‌ ‌ ڤیستیڤاڵی‌ رۆژی‌ سلێمانی‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌یادی‌ 228 ساڵه‌ی‌ دروستبوونی‌ شاری‌ سلێمانی سازبكرێت‌و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌‌‌ له‌چه‌ند شوێنێكی‌ جیاوازی‌ سلێمانی‌ چالاكی‌ جۆراو جۆری‌ هونه‌ری‌، كلتوری‌‌و وه‌رزشی‌ ئه‌نجامده‌درێت.
جوتیار عه‌لی‌ وتیشی‌، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یان خستۆته‌ به‌رده‌م هه‌ردوو لایه‌نی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایش‌و رۆژنامه‌نووسان له‌رێی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆوه‌، هه‌ردوولا ره‌زامه‌ندی‌ خۆیان ده‌ربریوه‌ بۆ ئه‌نجامدان‌و به‌شداریكردن له‌و یارییه‌دا.
له‌باره‌ی‌ كات‌و شوێنی‌ ئه‌نجامی‌ یارییه‌كه‌، ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ یانه‌ی‌ ته‌لاری‌ خێزانی‌ وتی‌، بریاره‌ یارییه‌كه‌ پاشنیوه‌رۆی‌ رۆژی‌ 15/11/2012 له‌یاریگای‌ یانه‌ی‌ نه‌ورۆز له‌شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجامبدرێت.
له‌باره‌ی‌ بیرۆكه‌ی‌ یارییه‌كه‌وه‌، ناوبراو رونیكرده‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسان چاوی‌ خه‌ڵكن‌و ئاسایشیش پارێزه‌ری‌ خه‌ڵكه‌، “بۆیه‌ به‌پێویستمانزانی‌ یارییه‌كی‌ دۆستانه‌و برایانه‌ ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ رێكبخه‌ین‌و پیشانی‌ بده‌ین كه‌ گرنگترین شت به‌لای‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ ئه‌م شاره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان خه‌ڵكی‌ شاره‌.‌”
بریاره‌ یارییه‌كه‌ پاشنیوه‌رۆی‌ رۆژی‌ 15/11/2012 له‌یاریگای‌ یانه‌ی‌ نه‌ورۆز له‌شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجامبدرێت