ژنه‌ كوردێك كۆمپانیایه‌ك بۆ به‌رهه‌می هه‌نگوین داده‌مه‌زرێنێت ‌

فیدان ئایدین کەژنه‌ هه‌نگه‌وانی شاری ده‌رسیمی باكووری كوردستانە، بۆ هه‌نارده‌كردنی هه‌نگوین كۆمپانیایه‌كی دامه‌زراندووه‌و به‌رهه‌می هه‌نگه‌وانان ده‌كڕێته‌وه‌و دواتر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی توركیای ده‌كات.
فیدان بێجگه‌ له‌هه‌نگه‌وانی، سه‌رۆكی رێكخراوێكی ژنانه‌ له‌ناوچه‌ی ده‌رسیم‌و ده‌ڵێ:»شه‌ش ساڵه‌ له‌(دۆڵی مونزور) هه‌نگه‌وانی ده‌كات‌و سێ ساڵیشه‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی هه‌نگه‌وانانی ده‌رسیم بووه‌».
توركیا داوای لێكرد
فیدان درێژه‌ی به‌قسه‌كانی داو وتی:»ماوه‌ی ٢٢ ساڵ بوو سه‌ردانی شاری ده‌رسیمم نه‌كردبوو، كاتێك كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌، بڕیارمدا له‌ده‌رسیم نیشته‌جێ بم، دوای نیشته‌جێبوونیشم ده‌ستم به‌كاری كشتوكاڵی كرد، به‌ڵام سوودی نه‌بوو، بۆیه‌ ده‌ستم به‌كاری هه‌نگه‌وانی كرد. دواتر داوام له‌یه‌كێتیی هه‌نگه‌وانانی توركیا كرد، تاسه‌ردانی ناوچه‌ی ده‌رسیم بكه‌ن».
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یان به‌رپرسانی یه‌كێتیی هه‌نگه‌وانانی توركیا داوایان لێكرد، كه‌یه‌كێتیی هه‌نگه‌وانانی ده‌رسیم دابمه‌زرێنێت، بۆیه‌ دوای گه‌ڕان له‌ناوچه‌كه‌و وتوێژكردن له‌گه‌ڵ هه‌نگه‌واناندا، ئه‌و یه‌كێتییه‌یان دامه‌زراندوه‌».
فیدان به‌رده‌وامی به‌قسه‌كانیداو وتی:»وه‌كو ژنێكی هه‌نگه‌وان به‌سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌وه‌ ده‌ستم به‌م كاره‌ كردوه‌، دواتر توانیم مۆڵه‌تی دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌ك وه‌ربگرم‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ ده‌ست به‌هه‌نارده‌كردنی هه‌نگوینی ناوچه‌كه‌ بكه‌م».
كارێكی پڕ زه‌حمه‌ت
له‌باره‌ی ئاسته‌نگ‌و چه‌رمه‌سه‌ریی كاره‌كه‌ی، ئه‌و ژنه‌ هه‌نگه‌وانه‌ی شاری ده‌رسیم ده‌ڵێت:»وه‌كو ژنێكی ده‌ستپێشخه‌ر، رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی زۆر بوومه‌وه‌، كاری هه‌نگه‌وانی كارێكه‌ پێویستی به‌هێز هه‌یه‌، كاتێك ده‌چیته‌ كوێستانه‌كان كه‌س هاوكاریت ناكات بۆماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌كوێستانه‌كان به‌ته‌نیا ده‌مێنیته‌وه‌، مانه‌وه‌ له‌كوێستان ئاسان نییه‌، كاره‌با، رێگاوبان‌و ته‌له‌فۆن له‌كوێستاندا نییه‌، له‌وه‌ خراپتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌نگه‌كان پێمانه‌وه‌ ده‌ده‌ن، به‌جۆرێك ئه‌مساڵ هه‌نگێكی زۆر پێوه‌یداوم».
ئێستا ئیتر هه‌نگه‌وانی بۆته‌ كارێكی راهاتوو له‌مێشكی فیدان‌و روونیده‌كاته‌وه‌، ناتوانێ وازی لێ بهێنێت، هه‌روا بۆته‌ شاره‌زایه‌كی باشی ناوچه‌كه‌ی خۆی، «هه‌نگه‌وانی كارێكی ئه‌وتۆیه‌ له‌گه‌ڵی راهاتی ناتوانی وازی لێ بهێنیت، ساڵانه‌ یه‌ك تۆن هه‌نگوین به‌رهه‌م ده‌هێنم، بۆیه‌ ده‌مه‌وێ له‌مه‌ودوا ئه‌م هه‌نگوینانه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بكه‌م».
جێگه‌ی ئاماژه‌ بۆكردنه‌، ناوچه‌ی ده‌رسیم ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌ی توركیایه‌، نزیكه‌ی هه‌زارو ٥١٨ جۆر گژوگیای تێدایه‌، دۆڵ‌و به‌رزاییه‌كانی مونزور ده‌وڵه‌مه‌نتره‌ له‌به‌ریتانیاو هۆڵه‌ندا.