هەفتەنامەی وشە: ئاسایشی هەرێم كرایە قوربانیی بەرژەوەندیی ژمارەیەك بازرگان

سەرچاوەیەك ڕایدەگەینێت كە، تەقینەوەكانی بەردەم ئاسایشی هەولێر بە هۆی بەرژەوەندیی ژمارەیەك بازرگانەوە بووە، كە ڕۆڵیان هەبووە لە نیشتەجێكردنی ژمارەیەكی زۆر عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە هەرێمی كوردستان، كە تێیاندا هەبووە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەكان ئاسانكارییان بۆ تیرۆریستان كردووە. 
یەكشەممەی ڕابردوو دوو تەقینەوە بەردەم ئاسایشی هەلێری هەژاند كە بە هۆیەوە 7 كارمەندی ئاسایش گیانیان لە دەست دا و 59ـی دیكەیش كە هاووڵاتیی فریاگوزاریش لە نێویاندا هەیە بریندار بوون.
سەرچاوەیەكی بەرپرس بە هەفتەنامەی “وشە”ـی ڕاگەیاندووە، لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكانی بەردەم ئاسایشی هەولێر ئەنجامی باشی بە دەست هێناوە و لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا دەگەنە خاڵی كۆتایی لە ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە.
ئەو سەرچاوەیەی كە نەیویستووە ناوی ببرێت، هەروەها دەڵێت “چەند هۆكارێك هەن بۆ تەقینەوەكان، دیارترینیان ئاسانكارییی ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن كە ئێستا نیشتەجێی هەرێمن.”
بەپێی زانیارییەكانی ئەو هەفتەنامەیە، ماوەی چەند ساڵێكە خانوو و ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان بە ناوی عەرەبەوە دەكرێت، لە كاتێكدا پێشتر ئەو فایلە لە دەستی ئاسایشدا بووە و ڕێگەیان نەدەدا ئەوانەی گومانلێكراون لە هەرێم نیشتەجێ بن، بەڵام ئێستا بەشێكی بەرچاو لە پرۆژەكانی نیشتەجێكردن كە خانووی زۆر گرانبەهایان تێدایە، خاوەنەكانیان خەڵكی دەرەوەی سنووری هەرێمن و بە ناویانەوە تاپۆ كراون.
سەرچاوەكە نەیشاردەوە كە، “بە هۆی پاڵەپەستۆی ژمارەیەك بازرگانی هەرێمی كوردستانەوە، فایلی تاپۆی خانوو و موڵك لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە لە دەستی ئاسایش دەرهێنرا و خرایە دەست پارێزگاكان، بەو هۆیەشەوە كڕین و فرۆشتنی موڵك لە هەرێم بە ناوی خێزانە عێراقییەكانی دەرەوەی هەرێم كرایەوە و لە ڕێگەیەوە ژمارەیەك زۆر خەڵك لە ناوچەكانی تری عێراقەوە لە هەرێم نیشتەجێ كران، كە بە هۆی بەرژەوەندیی بازرگانانەوە خەڵك و كارمەندانی ئاسایش دەبنە قوربانیی كردەوە تیرۆریستییەكان.”
وەزارەتی كۆچی عێراق ژمارەی خێزانە كۆچكردووەكانی ناوچەكانی تری عێراق كە لە هەریچم نیشتەجێن بە 40 هەزار ماڵ ئاشكرا كردووە.