300 هەزار كەسی دیكە لە ئاسیا دەبنە ملیۆنێر

ساڵی رابردوو زیاتر لە 300 هەزار كەسی دیكە بوونە ئەندامی یانەی ملیۆنێرەكانی كیشوەری ئاسیا، ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی سامانی ناوچەكە بۆ 7.5 ترلیۆن جونەیهی ئیستەرلینی.
بەپێی رووپێوێكی كۆمپانیای كابگیمینی بە هاوكاری لەگەڵ رۆیال بەنك ئۆف كەنەدا، كۆی گشتیی ژمارەی خاوەن ملیۆنەكان لە جیهاندا لەساڵی 2012دا بە رێژەی 9.4% زیادیان كردووە، بەوشێوەیەش ژمارەیان بووەتە 3.68 ملیۆن كەس لە جیهاندا .
بەپێی ئەو رووپێوە چەند هۆكارێك بوونەتە هۆی زیادبوونی سامان لە كیشوەری ئاسیا، لەوانەش زیاتربوونی قازانج ، بەهێزبوونی بازاڕی پشكەكان ، بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و خانووبەرە، زۆربوونی پاشەكەوت. هەروەها ئەو خاوەن ملیۆنانە پارەی كاشیشیان لەبەردەستە بە رێژەیەك كە لە یەك ملیۆن دۆلار كەمتر نییە.
ئەو رووپێوە، 10 وڵات و ناوچەی ئاسیای گرتووەتەوە، لەوانەش چین، ژاپۆن، ئوسترالیا و كۆریای باشوور. لەسەر ئاستی جیهانیش ، ئەمریكای باكوور لە پێش ئاسیاوەیە بە زۆربوونی ئەو ملیۆنێرانەی لەوێ نیشتەجێن، چونكە لەوێ بە رێژەی 11.5 % زیادبوونە، كە ژمارەیان بووەتە 3.37 ملیۆنێر .
لەساڵی 2009دا ژمارەی خاوەن ملیۆنەكانی ئاسیا لە ژمارەی خاوەن ملیۆنەكانی ئەوروپا زیاتربوو ، لەساڵی 2011یشدا لە ملیۆنێرەكانی ئەمریكای باكوور زیاتربوون .
هەر بەپێی ئەو رووپێوە، خاوەن ملیۆنە زۆرە سەرسوڕهێنەرەكانیش زیادبوون، واتە هەریەك لەوانە زیاتر لە 19 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی هەیە، بەشێوەیەك كە رێژەی ئەوانە لە ئاسیا گەیشتووەتە 15.4% لەساڵی رابردوودا لەنێو كۆی ملیۆنێرەكاندا، واتە ژمارەیان 25 هەزار كەسە، كە كۆی سامانەكانیان بە رێژەی 18% زیادیكردووە، واتە دوو ئەوەندەی رێژەكە لە جیهاندا .
 
هەر بەپێی ئەو رووپێوە ، كە ئەنجامەكانی لەسەرەتای ئەو مانگەدا لە چین بڵاوكرایەوە ، كە بەرزبوونەوەی پشكەكان ئەمساڵ بووە هۆی پەیدابوونی 26 ملیاردێری نوێ لەو وڵاتەدا ، بەوشێوەیەش ژمارەیان گەیشتە 315 ملیاردێر ، كە 10 ساڵ پێش ئێستا یەك ملیاردێر لە چین نەبوو.
بەپێی ئەو ئەنجامانە رێژەی خاوەن ملیارەكان لە كیشوەری ئاسیادا بە رێژەی 4% زیادیكردووە ، بەوشێوەیەش ژمارەیان بووەتە 44505 كەس .
ئەریك لاسیلز ، گەورە شرۆڤەكاری ئابووری لە كۆمپانیای RBC دەڵێ “ئێمە پێویستیمان بەوەیە دان بەوەدابنێین كە جیهانگیری بووەتە هۆی ئەوەی كە نایەكسانی بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو لەنێوان خەڵكدا دروستببێ، بەڵام لە هەمانكاتیشدا رێژەی هەژاریش كەمتربووە”.