هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان له‌كاتی‌ خۆیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟

كاتێك كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاریدا دووجاری‌ له‌سه‌ر یه‌ك هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان دوابخات، بۆ جاری‌ سێهه‌میش به‌ڵێنی‌ نه‌دا به‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا بكرێت.
 
به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ داهاتوودا به‌ریوه‌ بچێت، به‌ڵام كۆمسیۆن ئه‌و واده‌یه‌ی‌ دواخست بۆ مانگی‌ ئازار پاش ئه‌وه‌ش بۆ مانگی‌ نیسان، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن‌و پێكنه‌هاتنی‌ كۆمسیۆنی‌ نوێ‌، به‌ڵام ئه‌م واده‌یه‌ی‌ مانگی‌ نیسانیش ئه‌گه‌ری‌ دواخستنی‌ هه‌یه‌ به‌هۆكاری‌ ته‌كنیكی‌‌و سیاسی‌.
 
په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ له‌مانگی‌ ئابی‌ رابردوو یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌سه‌ند كردوو سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایی‌ هه‌ندێ‌ هێزی‌ بچووك، ئێستا ئه‌و یاسایه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردن، به‌مه‌ش یه‌كه‌م ئاسته‌نگ له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان لابرا.
 
له‌ 17ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو ئه‌ندامانی‌ نوێی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمیسیاران هه‌ڵبژێردران‌و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ش له‌رۆژی‌ 27ی‌ هه‌مان مانگدا سه‌ربه‌ست مسته‌فای‌ كرده‌ سه‌رۆكی‌ كۆمیسیۆنه‌كه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاسته‌نگی‌ دووهه‌میش لابراوه‌و كۆمسیۆنێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ ببات.
 
كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌زگایه‌كی‌ جێبه‌جێكاره‌و به‌رپرس له‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا، پاش بێنه‌و به‌رده‌یه‌كی‌ زۆر كه‌ هه‌شت مانگی‌ خایاند، مانگی‌ رابردوو په‌رله‌مان ئه‌ندامه‌ نوێیه‌كانی‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌ی‌ دیاری‌ كرد.
 
په‌رله‌مانتارو سیاسه‌تمه‌داران پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ جاری‌ سێهه‌م واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ چه‌ند به‌ربه‌ستێكی‌ سیاسی‌‌و ته‌كنیكی‌ هۆكاره‌ له‌دواخستنی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌.
 
فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ كۆمسیۆن كه‌ پاش پێنج ساڵ‌ مانگی‌ رابردوو وازی‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌ هێنا به‌”نیقاش”ی‌ راگه‌یاند “نه‌بوونی‌ پێویستییه‌كانی‌ به‌رێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردن وایلێكردین دووجار واده‌ی‌ به‌رێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخه‌ین”.
 
كۆمسیۆنی‌ نوێ‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا به‌یاننامه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا له‌سه‌ر زاری‌ سه‌ربه‌ست مسته‌فای‌ سه‌رۆكیه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو “ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمیسیاران واده‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی‌ داوه‌ به‌حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ نێوان (10 – 20)ی‌ مانگی‌ نیسانی‌ داهاتوو هه‌ڵبژاردن به‌رێوه‌ بچێت”، به‌ڵام حه‌یده‌ری‌ گومانی‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ له‌و واده‌یه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.
 
حه‌یده‌ری‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌پێی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی‌ له‌كاری‌ كۆمسیۆن هه‌یه‌تی‌، دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌بێت بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌ر له‌شه‌ش مانگ ئاماده‌كاری‌ ته‌واو بكرێت‌و ده‌ڵێت “مه‌سه‌له‌كه‌ یاری‌ نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌كی‌ دیموكراسی‌ ئاڵۆزه‌”.
 
به‌پێی‌ یاسای‌ كۆمسیۆن ئاماده‌كاری‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێت، سه‌ره‌تا به‌نوێكردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته‌ دیاریكردنی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌نگدان‌و دابینكردنی‌ پاره‌و كڕینی‌ پێداویستی‌ هه‌ڵبژاردن‌و موچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ بنكه‌كان، پاش ئه‌وه‌ش به‌ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن‌و كۆت‌و به‌نده‌كانی‌‌و ئینجا به‌رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن كۆتایی‌ دێت.
 
ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌ت، چونكه‌ به‌پێی‌ ده‌ستور حكومه‌ت راسپێردراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردن دیاری‌ بكات‌و بودجه‌ی‌ پێویستی‌ بۆ ته‌رخان بكات هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا كۆتایی‌.
 
نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دیاری‌ ده‌كات، پاش ئه‌ویش ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بودجه‌ی‌ پێویست بۆ كۆمسیۆن ته‌رخان ده‌كات تا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌رێوه‌ ببات، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت هیچ بڕیارێكی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.
 
كوتله‌ی‌ عێراقیه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشووتر ده‌ستی‌ تۆمه‌ت بۆ مالیكی‌‌و ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا درێژ ده‌كات به‌وه‌ی‌ به‌رێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ په‌ك ده‌خه‌ن، له‌مڕووه‌وه‌ مه‌یسون ده‌ملوجی‌ وته‌بێژی‌ عێراقیه‌ به‌”نیقاش”ی‌ راگه‌یاند “هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ باڵاده‌ستی‌ ناو حكومه‌ت، له‌سه‌رویانه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا مه‌به‌ستیانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوابخه‌ن”.
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “ده‌وڵه‌تی‌ یاسا هه‌وڵده‌دات له‌رێی‌ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یمه‌نه‌ی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بسه‌پێنێت”.
 
له‌هه‌مان رووه‌وه‌ موقته‌دا سه‌دری‌ سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ سه‌د كه‌ هاوپه‌یمانی‌ مالیكیه‌ له‌نێو كوتله‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانیدا، به‌راشكاوانه‌ له‌نیسانی‌ رابردوو مالیكی‌ تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن دوابخات تا ئه‌و كاته‌ی‌ خۆی‌ كۆمسیۆن كۆنترۆڵ‌ ده‌كات.
 
گرنگی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ رێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ كوتله‌كان بتوانن راده‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆیان بپێون، ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ زۆر له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا به‌ده‌ست بهێنێت، ده‌توانێت بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانیش ده‌نگێكی‌ نزیك له‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌.
 
ده‌وڵه‌تی‌ یاسا كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2009 به‌لیستێكی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی‌ كرد، بایی‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ بتوانێت سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شه‌ش پارێزگای‌ باشووری‌ شیعه‌نشین بباته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ته‌نها به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2010ی‌ كردوو (89) كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا.
 
سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و ئاسته‌نگه‌ ته‌كنیكیانه‌ی‌ له‌پێش به‌رێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانن، كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگی‌ سیاسیش هه‌ن كه‌ رێگریان دروستكردووه‌، به‌جۆرێك كوتله‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان گه‌یشتوونه‌ته‌ دوڕیانێكی‌ ناكۆكی‌ كه‌ نازانرێت نه‌خشه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كان له‌داهاتوودا چۆن ده‌بێت.
 
له‌مڕووه‌وه‌ مه‌حمود عوسمان په‌رله‌مانتاری‌ كورد به‌”نیقاش”ی‌ راگه‌یاند “دیمه‌نی‌ سیاسی‌ ئێستا پڕیه‌تی‌ له‌ناكۆكی‌، بێمتمانه‌یی‌ باڵی‌ كێشاوه‌ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی‌ نێوان كوتله‌كاندا، پێده‌چێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ سه‌ره‌ك كۆمار ده‌ستی‌ پێكردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان، نه‌گاته‌ ئه‌نجام”.
 
ململانێی‌ نێوان ده‌وڵه‌تی‌ یاساو عێراقیه‌ دیارترین به‌شی‌ ئه‌م ناكۆكیه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ به‌م دواییه‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ به‌غداو هه‌رێمدا دروست بوو، ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ناكۆكی‌ كه‌تووه‌ته‌ نێوان ده‌وڵه‌تی‌ یاساو هاوپه‌یمانی‌ كوردستانییه‌وه‌.
 
وه‌ئیل عه‌بدولله‌تیف په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو به‌”نیقاش”ی‌ راگه‌یاند ترسی‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان باڵ‌ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردندا بكێشێت‌و هه‌تا واده‌یه‌كی‌ دیارینه‌كراو دوابخرێت.
 
هه‌تا ئه‌مڕۆ هیچ حیزبێكی‌ سیاسی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ خۆی‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌، هه‌ندێكیش رایده‌گه‌یه‌نن هێشتا زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ دروست بكرێت.
 
له‌مڕووه‌وه‌ ئیحسان عه‌وادی‌ سه‌ركرده‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌”نیقاش”ی‌ راگه‌یاند “هێشتا زووه‌ بۆ راگه‌یاندنی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ سیاسی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان” ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كوتله‌كه‌یان تائێستا هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ گرێ‌ نه‌داوه‌.
 
ره‌وتی‌ سه‌در یه‌كه‌مین هێز بووه‌ كه‌ ده‌ستی‌ دایه‌ ئاماده‌كاری‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو، كاتێك هه‌ڵبژاردنێكی‌ ئاماده‌كاری‌ ئه‌نجامدا بۆ دیاریكردنی‌ پاڵێوراوه‌كانی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بزانێت كه‌ ده‌یانكاته‌ پاڵێوراوی‌ خۆی‌.
 
 
ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژارن له‌كاتی‌ خۆیدا یان دواكه‌وتنی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ گرێدراوه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌زیرانه‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نی‌ سه‌ره‌كییه‌ كه‌ واده‌كه‌ دیاری‌ ده‌كات‌و كۆمسیۆن راده‌سپێرێت، ره‌نگه‌ ئه‌وكاتیش كۆمسیۆن به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ماوه‌كه‌ توانای‌ ئه‌نجامدانی‌ نه‌بێت‌و خۆی‌ داوای‌ بكات جارێكی‌ تر دوابخرێت.
 
له‌هه‌موو باره‌كاندا به‌رێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی‌ خۆیدا ئاسان نییه‌، چونكه‌ ته‌نها پێنج مانگ‌و چه‌ند رۆژێك ماوه‌و تائێستاش كۆمسیۆن هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆ ئاماده‌سازی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.