ئیتاڵییەکان پرۆژەیەکی دەگمەن لە ناوچەی قەرەداغ جێ‌ بەجێ‌ دەکەن

تیمێکی پسپۆڕی جیۆلۆجی ئیتاڵی پرۆژەی (جیۆپاک) لەناوچەی قەرەداغی سلێمانی جێبەجێ‌ دەکەن و پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی لە پرۆژەکە دەکات و سەرۆکی شارەوانی قەرەداغیش پرۆژەکە بە “دەگمەن” لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراست ناو دەبات
ئەمرۆ 28ی ئەیلول بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیکرد لە وەفدێک لە سەندیکای جێولۆجی ئیتاڵیا کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک پسپۆری ناسراوی ئیتاڵی لەبواری جیولۆجیاو ژینگەدا کە هاوکات کونسوڵی ئەو وڵاتەشن لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە بواری جیولۆجی و پاراستنی ژینگەی سروشتیدا.
لەدیدارێکدا  کە هەر یەک لە سەرۆکی شارەوانی قەرەداغ و بەرێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی ئامادەی بوون، وەفدە ئیتاڵییەکە  بیرۆکەی جێ‌ بەجێ‌ کردنی پرۆژەیەکیان لە ناوچەی قەرەداغ خستەروو ، کە بە “جێوپاک” ناسراوەو لەرێگەی پرۆژەکەوە لێکۆڵینەوە لە جیۆلۆجیاو سروشت و ژینگەو گیانداران و کلتور و شوێنەواری ناوچەکە دەکرێت و پاشان لەرێگەی رێکخراوی “یونسکۆ” وە هەوڵدەدرێت هەموو ئەو تایبەتمەندیانە بپارێزێن و بە جیهان بناسرێندرێن.
وەفدەکە رایانگەیاند سروشت و جیۆلۆجیای کوردستان زۆر تایبەتمەندی دەگمەنی هەیە کەتا ئێستا دەستی بۆ نەبراوەو لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نەکراو و جیهان پێی ئاشنا نییە و “ئەوپرۆژەیە دەتوانێت تیشک بخاتە سەر لایەنە شاراوەکانی سروشت و ژینگەی کوردستان و بە جیهانی بناسێنێت.”
راشیانگەیاند پرۆژەکە لەسەر بودجەی ئیتاڵیا جێ‌ بەجێ‌ دەکەن بە هاوکاری و پشتیوانی حکومەتی هەرێم و ئەو جۆرە پرۆژەیەش پرۆژەی دەگمەنن و تەنیا لەچەند وڵاتێکی لەوانە لە چین و ژاپۆن جێ‌ بەجێیان کردووە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی تەئکیدی کردەوە سروشتی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بەڵام  پێویستی بەلێکۆڵینەوەی زانستیەو رایگەیاند پشتیوانی و هاوکاری هەر هەوڵێک دەکەن بەو ئاراستەیە 
پشتیوانی خۆشی بۆ بیرۆکەو پرۆژەکەیان  دەربڕی.
دلیڤا عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی قەرەداغیش لەبارەی پرۆژەکەوە رایگەیاند پرۆژەکە لەسەر ئاستی ناوچەکە پرۆژەیەکی دەگمەنەو  بیرۆکەکە بە هاوکاری لقی سلێمانی کۆمەڵەی جێۆلۆجی کوردستان هاتووەتە ئاراوە
وتیشی: بەجێ‌ بەجێ‌ کردنی ئەو پرۆژەیە ناوچەکە لە جیهاندا دەناسرێت و گەشتیاران لە جیهانەوە رووی تێ دەکەن و هاوکات ناوچەکە دەکەوێتەژێر پاراستنی نەتەوەیەکگرتووەکان و  رێکخراوی یونسکۆوە بەمەش سروشت و ژینگە و کلتوری ناوچەکەش دەپارێزرێت.