پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت هەموو مەرجەکانی گەشەپێدانی گەشتیاری لە کوردستاندا ئامادەییان هەیە، تەنیا لەرووی پسپۆریەوە کەموکورتی هەیە و لەو رووەشەوە هاوکاری وڵاتانی پێشکەوتووی بواری گەشتیاری بە گرنگ وەسف دەکات ، وەزیری گەشتوگوزاری رۆمانیاش چەندین پلانی وەزارەتەکەی بۆ گەشەپێدانی بواری گەشتیاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ 28ی ئەیلول بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیکرد لە وەزیری گەشتوگوزاری رۆمانیا،
لەدیدارێکدا کە بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەی بوو، پارێزگاری سلێمانی و وەزیری گەشتوگوزاری رۆمانیا گفتوگۆیان کرد لەبارەی میکانیزمەکانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
پارێزگاری سلێمانی لەو رووەوە تایبەتمەندییەکانی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ وەزیری گەشتوگوزاری رۆمانیا خستەروو
پارێزگار وتی: لەرووی تۆبۆگرافی و کلتور و ئابوری و ئەمنیەوە پارێزگای سلێمانی گونجاوترین شوێنە بۆ وەبەرهێنان لە بواری گەشتوگوزاردا، و هەموو پێدراو هۆکارەکانی گەشەپێدانی گەشتیاری ئامادەییان هەیە، بەڵام تەنیا لەرووی پسپۆڕی شارەزاییەوە کەموکوڕیمان هەیە و لەو رووەوە پێویستمان بە کۆمپانیاو پسپۆڕی رۆمانیا هەیە بۆ دروستکردنی پیشەسازی گەشتیاری.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سلێمانی لەرووی باری ئابوورییەوە بارودۆخیان باشترەو خەڵک ئارەزووی لە گەشت هەیە بۆ وڵاتانی دەرەوە و داوای کرد رۆمانیا ئاسانکاری بکات بۆ گەشتیارانی هەرێم لە رووی پێدانی ڤیزا و ئامادەکردنی گەشتی راستەخۆی فرۆکەوانی لەنێوان سلێمانی و رۆمانیادا.
لەبەرامبەردا وەزیری گەشتوگوزاری رۆمانیا ئاشکرای کرد لەپلانی وەزارەتەکەیدایە لە کوردستانەوەپلانی درێژخایەنی ناساندنی گەشتیاری وڵاتەکەی بۆ خۆرهەڵات دەست پێ بکات و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بەر لەوەی پۆستی وەزارەتی گەشتوگوزاری وڵاتەکەی وەربگرێت سەردانی سلێمانی کردووەو سلێمانی شارێکی جیاوازە لە شارەکانی تری عیراق و کراوەترە بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری
تەئکیدشی کردەوە کە زۆر بوار هەیە بۆ هاوکاری هەردوو لا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری گەشتیاریدا.
وەزیری گەشتوگوزاری رۆمانیا روونیشی کردەوە کە بەهەوڵی وەزارەتەکەی، هەرێمی کوردستان لە پێدانی ڤیزادا تایبەتمەندی پێ دراوەو لەماوەی 15 رۆژدا ڤیزا دەدرێت بەو هاووڵاتیانەی هەرێم کە خوازیاری گەشتکردن بۆ رۆمانیا
وتیشی: ئامادەین لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێم کار بکەین و تواناو پسپۆری و شێوازی ئیدارەدانی کەرتی گەشتیاری رۆمانیا بگوازینەوە بۆ هەرێم .
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بریاردا بەهاوکاری بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی وەزیری گەشتوگوزاری رۆمانیا لەگەڵ کۆمپایناکانی ئەو بوارە لە سلێمانی کۆ ببنەوەو میکانیزمێک دابنێن بۆ ئاشناکردن و پێکەوە کارکردنی کۆمپانیاکانی هەردوو لا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی بواری گەشتوگوزار لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆمانیادا.