بەهۆی دەرفەتی زۆر بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئێرانی، ئێستا عێراق بۆتە بازاڕێكی باش بۆ ئەو وڵاتە و زۆرینەی كەرەستەی بەكارهاتووی رۆژانەی ناو عێراق لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، لەوانەش ئۆتۆمبێلی ئێرانی كە مەرجەكانی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ ئۆتۆمبیل تێدا نییە.
پسپۆِرانی بواری ئابوری لە عێراق رایان وایە، بە هۆی سیاسەت و هاندانی حكومەتی ئێستای عێراق و هەرزانیی نرخیان، ئۆتۆمبێلی ئێرانی بازارەكانی باشور و ناوەراستی عێراقیان پڕكردووە.
ئامارەكانی وەزراەتی بازرگانیی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن، ساڵی پار (31) هەزار ئوتۆمبێلی ئێرانی هاوردەی عێراق كراون، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا مانگی نیسان ئێران (171) هەزار ئوتۆمبێلی بە عێراق فرۆشتووە.
پێش پرۆسەی ئازادی لە ساڵی (2003)، ئوتۆمبێلی ژاپۆنی و ئەڵمانی لە عێراق زۆرترین بوون، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی، لە ڕووی سیاسییەوە عێراق نزیك بوویەوە لەئێران، ئەم نزیكبوونە سیاسییەیش بووە هۆی باڵادەستی ئابووریی ئێران لە سەر عێراق و لە ماوەیەكی كەمدا بازاڕەكانی عێراق پڕ بوون لە كاڵاو كەرەستەی ئێرانی.
حەیدەر شبلی، بەرپرسی بەشی هاوردەكردنی ئوتۆمبێلی ئێرانی لەوەزارەتی ئابووریی عێراق، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە: حكومەتی عێراق دەزانێت ئەو ئوتۆمبیلانەی لەئێرانەوە هاوردە دەكرێن تایبەتمەندیی پێشكەوتووی نییە، بەڵام بە هۆی هەرزانی نرخەكانیان، هاوردەی دەكەن.
بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئوتۆمبێل لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەڕۆژی (18ی ئەیلولی ئەمساڵ) ـەوە، ئەو پارچانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، دەبێت لە كارگەی ئەسكەندەریەی باشوری بەغداد پێكەوە ببەسترێن.
كارگەی ئەسكەندەریەی هەڵكەوتوو لە باشوری شاری بەغداد، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بۆ پێكەوەبەستی پارچەی هەندێك لەو ئۆتۆمبێلانە بەكاردەهات، كە هاوردەی عێراق دەكران.