له‌هه‌رێم قه‌ده‌غه‌كرا

شیری‌ سیمیلاكی‌ نیوزله‌ندی به‌هۆی‌ بوونی‌ جۆره‌ كه‌ڕوویه‌كی‌ زیانبه‌خش له‌ناو شیری‌ سیمیلاكی‌ نیوزله‌ندیدا، وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێم فرۆشتنی‌ ئه‌و شیره‌ی‌ قه‌ده‌غه‌كرد.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌شیری (سیمیلاك گه‌ین پڵه‌س) كه‌ دروستكراوی كۆمپانیای فۆنتیرای نیوزله‌ندیه‌، پیسبوه‌ به‌جۆره‌ به‌كتریایه‌كی زیانبه‌خش، بڕیاردرا به‌قه‌ده‌غه‌كردنی‌ به‌كارهێنان و فرۆشتنی ئه‌وجۆره‌ شیره‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا تا دڵنیابوون له‌سه‌لامه‌تی و پاكی شیره‌كه‌.
ڕوونیشكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌م تیمه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌وجۆره‌ شیره‌و دڵنیابونه‌وه‌ له‌پاكی شیره‌كه‌و سه‌لامه‌تی به‌كارهێنانی بۆ منداڵان.
هاوكات (سۆران عه‌بدولغه‌فور) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، بۆبه‌دواداچوونی‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێم، پشكنینیان بۆ ئه‌و جۆره‌ شیره‌كردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌، دووجۆرن یه‌كێكیان نیوزله‌ندیه‌‌و یۆ خواردنی‌ منداڵ ناگونجێت، جۆره‌كه‌ی‌ دیكه‌ ئێرله‌ندیه‌، كه‌ ئه‌و جۆره‌ی‌ دووهه‌م هیچ كێشه‌یه‌كی‌ تیادا نیه‌‌و له‌سنوری‌ سلێمانی‌، ته‌نها ئه‌و ئێرله‌ندیه‌ هه‌یه‌.
ئاشكراشیكرد، خاوه‌نی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌یان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شیری‌ سیمیلاك هاورده‌ده‌كات، كه‌ هه‌ركاتێك شیری‌ سیمیلاكی‌ نیوزله‌ندی‌ له‌سنوری‌ سلێمانیدا هه‌بێت، ئه‌و به‌رپرسیار ده‌بێت‌و ڕێوشوێنی‌ یاسایی له‌گه‌ڵدا ده‌گرنه‌به‌ر.