مه‌رزی‌ شوشمێ‌ پێویستی‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ به‌غدا هه‌یه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ ڕایگه‌یاند، مه‌رزی‌ بازرگانی‌ شوشمێ‌ كه‌ بكرێته‌ مه‌رزێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هاوشێوه‌ی‌ مه‌رزی‌ باشماخ پێویستی‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌و ئێران هه‌یه‌. 
(نوخشه‌ ناسیح) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ بە NNA ڕاگەیاند‌، به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌رزی‌ شوشمی‌ بكرێته‌ مه‌رزێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ چه‌ندینجار وتوێژو ڕێككه‌وتن له‌نێوان پارێزگاری‌ سلێمانی‌‌و كاربه‌ده‌ستانی‌ ئێرانی‌ له‌شاری‌ سنه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ ده‌وێت بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ مه‌رزه‌كه‌ بكه‌نه‌ مه‌رزێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.
وتیشی‌:”ئێمه‌ لای‌ خۆمانه‌وه‌ له‌ئێستادا سه‌رقاڵی‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆژه‌ی‌ ڕێگه‌وبان‌و دروستكردنی‌ بینای‌ تایبه‌ت به‌مه‌رزه‌كه‌ن‌و ئاسانكاری‌ بۆ ده‌كه‌ین‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رشانی‌ ئێمه‌و قائیمقامیه‌تی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و پارێزگاری‌ سلێمانییه‌ جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام بڕیاری‌ كۆتایی‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ بكرێته‌ مه‌رزێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هاوشێوه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ بێگومان ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ بۆ وه‌ربگیرێت”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، له‌هه‌فته‌ی‌ ڕابردوودا له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی‌ پاسه‌وانی‌ سنورو ئێران كۆبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش چاوه‌ڕێی‌ حكومه‌تی‌ ئێران ده‌كه‌ن كه‌ بڕیاری‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بدات له‌وباره‌یه‌وه‌ مه‌رزه‌كه‌ بكه‌نه‌ مه‌رزێكی‌ فه‌رمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.
 
مه‌رزی‌ شوشمێ‌ ده‌كه‌وێته‌ شارۆچكه‌ی‌ ته‌وێڵه‌ی‌ سه‌ربه‌ناحیه‌ی‌ بیاره‌، له‌ئێستادا مه‌رزه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ فه‌رمی‌ كراوه‌ته‌وه‌ ته‌نها كاری‌ بازرگانی‌‌و هێنانی‌ چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ بیناسازی‌ سنورداری‌ تێداده‌كرێت، به‌كردنیشی‌ به‌مه‌رزێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌كی‌ گرنگ بۆ به‌ستنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌، هاوكات ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ ئابوری‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.