ده‌نگۆی راگرتنی چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە لە ئارادایە کە بریتین لە خزمه‌تگوزارییه‌كانی ڤایبه‌ر، سكایپ، واتساب، تانگۆ ، لەم بارەیەوە وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه له هه‌رێمی کوردستان ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه راناگیرێن.
ئومێد محه‌مه‌د ساڵح وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان رونیدەکاتەوە تائێستا هیچ زانیارییه‌كی ره‌سمی له‌باره‌ی راگرتنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ڤایبه‌ر، سكایپ، واتساب و تانگۆ نه‌گه‌یشتووه‌ته وه‌زاره‌ته‌كه‌یان.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن دەڵێت لەوەها حاڵه‌تێكدا وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ ئەگەر بڕیاری راگرتنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئینته‌رنێتیش ده‌ربكات ئێمه پابەندی ئەو بڕیارە نابین.
هۆكاره‌كه‌ش ئەوەیە كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت له هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تیان له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه و كارێكی له‌و جۆره له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمدایه. نەک فیدراڵ.
ئومێد محمد ساڵح ئاشکرایکرد:ئێمه له‌گه‌ڵ داخستنی ئه‌و جۆره خزمه‌تگوزارییانه‌دا نین و گه‌ر بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه ده‌ربكرێت ئێمه پابه‌ند نابین و له‌كاتی ده‌رچوونی بڕیارێكی له‌و جۆره‌شدا بۆچوون و بڕیاری خۆمان ده‌بێت.