جیهان.. سوریا، نه‌وتی دابەزاند

 نرخی‌ نه‌وتی‌ جیهانی‌، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 16ی‌ ئه‌یلوول) دابه‌زی‌ بۆ نزمترین ئاست له‌ ماوه‌ی‌ پێنج هه‌فته‌ی‌ رابردوودا، كه‌ له‌ ژێر (109) دۆلاره‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌وه‌ش دوای‌ ره‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕینی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر دواخستنی‌ وه‌شاندنی‌ گورزی‌ سه‌ربازی‌ له‌ سوریا. 
پێشتر و له‌ كۆتایی مانگی‌ (ئاب)ی‌ ئه‌مساڵ، به‌هۆی‌ ده‌نگۆی‌ وه‌شاندنی‌ گورزی‌ سه‌ربازی‌ له‌ سوریا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، نه‌وتی‌ خاوی‌ برنت به‌رزترین نرخی‌ له‌ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا تۆماركرد كه‌ نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل گه‌شته‌ (117،34) دۆلار، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ دروستبوونی‌ مه‌ترسی‌ په‌ككه‌وتنی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌، كه‌ پێشتر به‌هۆی‌ په‌ككه‌وتنی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت له‌ لیبیا‌و عیراقه‌وه‌، زیانی‌ پێگه‌یشت. به‌ڵام نرخه‌كان روویان له‌دابه‌زین كرد، كاتێك روسیا ئاماده‌یی ده‌ربڕی‌ بۆ هاوكاریكردن له‌وه‌ی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌ سوریا بخرێته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌.
 جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ سێرگی‌ لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی نۆ مانگی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رێككه‌وتن، كه‌ ئامانج له‌ به‌رنامه‌كه‌ تێكشكاندنی‌ چه‌كی كیمیاوی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌ده‌. 
 بڕی‌ (2،71) دۆلار له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت دابه‌زی‌‌و نرخی‌ به‌رمیلێك راده‌ستكردن گه‌شته‌ (108،99) دۆلار، هه‌روه‌ها گه‌شته‌ (108،73) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، كه‌ ئه‌وه‌ش نزمترین ئاسته‌ له‌ (12ی‌ ئابی‌ 2013)ه‌وه‌. هه‌روه‌ها نه‌وتی‌ خاوی‌ ئه‌مریكی راده‌ستكردن (82) سه‌نت له‌ به‌رمیلێك دابه‌زی‌‌و نرخه‌كه‌ی‌ گه‌شته‌ (107.39) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، كه‌ پێشتریش نرخه‌كه‌ی‌ گه‌شتبووه‌ (106.48) دۆلار.