برنجی خڕی چینی، جێگهی برنجی کوردی لهچێشتخانهکاندا گرتۆتهوه، بهڵام زۆرێک له هاوڵاتیان ئاگاداری جۆرهکهی نین.
لەزۆرێك لەچێشتخانەكانی سلێمانیدا برنجی خڕی چینی، بەنرخی كوردی دەفرۆشرێت، بەبێئەوەی زۆرێك لەهاوڵاتیان ئاگاداربن كە ئەو برنجەی دەیخۆن برنجی چینیە. بەرپرسانی حكومی دەڵێن سزای هەر چێشتخانەیەك دەدەن برنجی چینی بەنرخی كوردی بداتە هاوڵاتیان.
برنجی كوردی تامو بۆنێكی خۆشی هەیەو زۆرێك لەهاوڵاتیان تامەزرۆیین، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە زۆرێك لەچێشتخانەكان برنجی چینی بەكاردێنن كە لەشێوەدا هاوشێوەی برنجی كوردییە.
هیوا محەمەد، 28 ساڵ، گەنجێكی سلێمانیە، زۆرینەی چێشخانەكانی شارەكە گەڕاوە بۆ دەستكەوتنی برنجی كوردی، بەڵام ئەو دەڵێت هەتا ئێستا گومانی لەو برنجە هەیە كە بەنرخی كوردی لەنێو چێشتخانەكان لێدەنرێت.
ئەو وتی كە بۆی دەركەوتوە زۆرینەی برنجەكان چینینو بەناوی برنجی كوردییەوە دەفرۆشرێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوەی وایكردوە هاوڵاتیان لێكی جیانەكەنەوە، ئەوەیە كە هەردوكیان شێوەیان لەیەك دەچێت.
هیوا وتیشی «من زیاتر برنجی كوردی دەخۆم، بەڵام زۆرینەی چێشتخانەكان دەڵێن برنجی كوردیمان هەیە، كەدەیخۆیت دەردەكەوێت ئەم برنجە بەكاری دەهێنن برنجی چینیە«.
هەندێك لەخاوەن چێشتخانەكانو فرۆشیارانی برنج ئاماژە بەوە دەكەن كەئێستا زۆرینەی چێشخانەكان برنجی چینی بەناوی برنجی كوردییەوە دەفرۆشن، بەبێ ئەوەی كڕیارەكە لەوە ئاگاداربكرێتەوە.
بەهزاد ئەحمەد لە چێشتخانەكەی خۆیەوە قسەی بۆ هاوڵاتی كرد سەبارەت بەو برنجەو وتی «زۆرینەی چێشخانەكان برنجی چینی دەفرۆشن بەناوی برنجی كوردییەوە، یاخود تێكەڵاوی دەكەن لەگەڵ برنجەكەدا، لەبەرئەوەی كەخەڵكی حەزیان لەبرنجی كوردییەو تام و چێژی خۆشترەو خەڵكی زیاتر رادەكێشێت».
بەهزاد بەدەم كاركردنەوە لەشوێنی ئامادەكردنی خواردن بۆ میوانەكانی وتی «ئێمە لەچێشتخانەكەماندا بەو كەسانە دەڵێن برنجی خڕ، ناڵێن برنجی كوردی».
ئەو چەند جۆرێك برنجی لێنابوو كە یەكێكیان برنجی چینی بوو، وتی «برنجی چینی هاوشێوەی برنجە كوردییەیە بەڵام لەتامدا زۆریان جیاوازە، ئەمەش وای كردوە زیاتر خەڵك بیخۆن بێ ئەوەی بزانن برنجی چینیە«.
تا پێش 2003و بەتایبەتی پێش لابردنی گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراقو بەرنامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراك، برنجی كوردی لەبازاڕەكاندا زۆربون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە خەڵكێكی زۆر رویان لەپیشەی جوتیاری كردبوو، جگە لەگەنمو جۆ، ئەو ناوچانەش كە زەوییەكانیان ئاوی بون برنجیان بەرهەمدەهێنا.
نزیكەی 10 ساڵە كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستان روی لەلاوازی كردوە، بەهۆی چۆڵبونی زۆرێك گوندەكانو روكردنە شارو بونە فەرمانبەر یان پۆلیس، بەرهەمی برنجیش وەكو زۆرێك لەبەرهەمەكانی تر بە زۆری لەدەرەوە هاوردە دەكرێت.
ئەگەرچی هێشتا خەڵكانێكی زۆر هەن تامەزرۆی برنجی كوردین، بەڵام ئاسان نیە لەگەڵ برنجی هاوردەكراوی خڕدا بۆت جیابكرێتەوە لەچێشتخانەكاندا ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەوێ پێت ناڵێن ئەو برنجە خڕە كوردی نیە.
برنجی چینی هەرزانترە لە برنجی كوردی، ئەمەش بۆ چێشتخانەكان كەمتر دەكەوێت. هەر كیلۆیەكی برنجی خڕی چینی دوو هەزار دیناره، بەڵام برنجی كوردی بەپێنج هەزار دینارە. بەم پێیەش بێت برنجە چینیەكە دوو هێندەو نیو نرخی زیاترە لە برنجە كوردییەكە.
بەهزاد هۆكاری بەكارهێنانی برنجی چینی گەڕانەوە بۆ كەمیی نرخەكەی لەچاو برنجە كوردییەكەدا.
هیوا محەمەد، كە دوكاندارە لەبازاڕی سلێمانی بەردەوام دەگەڕێت لەچێشتخانەكانی بازاڕدا بۆ ئەوەی برنجی كوردی دەستبكەوێت، وتی بەڵام ئەو برنجەی بازاڕ تامی جیاوازە بەناوی برنجی كوردییەوە دەفرۆشرێت، دواتر زانیومە برنجی چینیەو بەناوی برنجی كوردییەوە دەفرۆشرێت».
هەروەها وتی «پێوستە بەدواداچون بكرێت لەسەر جۆری ئەو برنجانەی بەكاردەهێنرێت لەگەڵ ئەو جۆرە بەخەڵكی دەڵێن هەمان برنج بێت، ئێستا متمانەم بەزۆرینەی چێشتخانەكان نیە، چونكە برنجی كورییان نیە«.؟
زۆربەی خاوەن كۆگاكانی ناو بازاڕ رونی دەكەنەوە لەدوای هاتنی برنجی چینی كە هاوشێوەی برنجی كوردییەو نرخەكەی هەرزانترە زیاتر لەلایەن چێشتخانەكانەوە رویان تێدەكرێتو دەیكڕن.
فەرەیدون ئیبراهیم، خاوەنی كۆگای جوملەی برنجە لەسلێمانی كەچەند جۆرێك برنجی لەنێو دوكانەكەی ریز كردبو، لەوانە؛ برنجی كوردی، چینی، درێژ بەجۆرەكانیەوە، وتی «ئێستا زۆربەی ئەو چێشتخانەكانانەی لەبازاڕ دێن برنج دەكڕنو دەیدەنە ئەو كەسانەی سەردانیان دەكەن برنجی چینیەو زۆرینەشی بەناوی برنجی كوردی دەفرۆشرێتو نرخی چینیەكە زۆر هەرزانترە«.
هەندێك چێشتخانە لەسلێمانیدا هەن كە شەوان تا بەرەبەیان كراوەنو برنجی كوردیو مریشكی فرێشو گۆشتنی كەڵەشێر دەفرۆشن ئەمانەش كڕیاری تایبەتیان هەیە.
فەرەیدون وتی «ژمارەی ئەو چێشتخانانە كەمن كە برنجی كوردی بەكاردەهێنن، تەنها چەند چێشتخانەیەكی كۆنی سلێمانیو ئەوانەی تا بەرەبەیان كاردەكەن برنجی كوردی بەكاردەهێنن».
فەرەیدون هۆكاری بەكارنەهێنانی برنجی كوردی گەڕاندنەوە بۆ ئەوەی چێشتخانەكانی تر برنجی چینی بەكاردەهێنن چونكە بۆ خاوەن چێشتخانەكان گران دەكەوێت.
ئەو برنجانەی دەبرێن بۆ چێشتخانەكان، نرخی جۆراوجۆریان هەیە، برنجی خڕی چینی نەك بەتەنها لەبرنجی كوردی هەزارنترە، بەڵكو لەبرنجی درێژیش هەرزانترە. كیلۆیەك نرخی برنجی كوردی بەپێنج هەزار دینارە، برنجی درێژ سێ هەزار دینارن برنجی خڕی چینیش دوو هەزار دینارە.
برنجی خڕی چینی خواستێكی زۆری لەسەرە، بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە ئێستا لەبازاڕەكان شوێنی برنجی كوردی گرتۆتەوە، بەڵام تامو چێژەوە ناگات بەبرنجی كوردی.
سۆران غەفور، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت لیژنەیان پێكهێناوە هەر خاوەن چێشتخانەیەك بەناوی برنجی كوردییەوە برنجی چینی بفرۆشێت سزا دەدرێتو لێپێچینەوەی بەرامبەر دەكرێت.
سۆران غەفور، بەهاوڵاتی وت ئەوان لیژنەیان هەیە بەنێو چێشتخانەكان دەگەڕێنو سەیری ئەو جۆری برنجە دەكەن كە دەیفرۆشنو لەگەڵ ئەو جۆرەی بەهاوڵاتیانی دەڵێن، یان نوسیویانە لەچێشتخانەكان. ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر برنجێك بەناوی كوردییەوە بفرۆشرێتو چینی بێت، ئەوا ئاگاداریان دەكەنەوە پاشان سزای چێشتخانەكان دەدەن. وتیشی بەكارهێنانی ناوی برنجی كوردی بۆ برنجی چینی «كارێكی نایاساییە«.
وتیشی «چەندین چێشخانە گەڕاوین، خۆشبەختانە هەتا ئێستا هیچ سەرپێچیەكمان تۆمار نەكردوە، چونكە بەپێی رێنماییەكان بون، بەتایبەتی چێشخانە كۆنەكانی سلێمانی برنجی كوردیان بەكارهێناوە«.
هاوڵاتی