لەسێ مەراسیمی جیادا بە ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و وەبەرهێنەرانی سلێمانی بەردی بناغەی نزیكەی 10 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون دانرا كە بەشێوەی وەبەرهێنان و بەسیستمێكی نوێ بۆ چین و توێژە جیاوازەكان دروست دەكرێن.
لەسەرەتادا بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی لەناوچەی قرگەی سلێمانی بەردی بناغەی پرۆژەی نیشتەجێ بوونی شاری مامۆستایان دانرا.
پرۆژەكە پێكدێت لە 2500 یەكە و لەسەر رووبەری 67 دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیای رەسەنەوە جێ بەجێ دەكرێت. رووبەری هەر یەكەیەك 100 مەتر دووجایە و بەنرخی 55000 دۆلار دروست دەكرێت و پێشەكی 10000 دۆلار وەردەگیرێت و باقی پارەكە دابەشی 100 مانگ دەكرێت و بەشێوەی قیستی مانگانە دەدرێتەوە. یەكەكان بە كوالێتی بەرز جێ بەجێ دەكرێن.
پاشان لەمەراسیمێكی تردا بە ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بەردی بناغەی شاری ئاسۆی گەش دانرا ، كە تایبەتە بە كارمەندانی تەندروستی
ئەو پرۆژەیە دەكەوێتە ناوچەی قرگەی سلێمانی و لەسەر رووبەری 127 دۆنم زەوی جێ بەجێ دەكرێت و نزیكەی 3000 یەكەی نیشتەجێ بوون لە خۆی دەگرێت. رووبەری هەر یەكەیەكیش 120 مەتر دووجایەو بەشێوەی پێشەكی كەم و قیستی درێژخایەن دەدرێت بە كارمەندانی تەندروستی و یەكەكان بەكوالێتی بەرز لەلایەن كۆمپانیای ئاسۆ جەمال ئیبراهیمەوە دروست دەكرێن.
هەر لەو مەراسیمەدا و لە وتەیەكدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەئكیدی كردەوە سیاسەتی كابینەی حەوتەم بەرەو ئەو ئاراستیە بوو كە وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێ بووندا بە ئاراستەیەك بەرێت خەڵكی كەمدەرامەت سودمەند بن و دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژانەشی بە ئەنجامی ئەو سیاسەتە وەسف كرد
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم راشیگەیاند ئەو پرۆژانە بەپشتیوانی و پلانی پارێزگار و پارێزگای سلێمانی و وەبەرهێنانی سلێمانی و فەرمانگەكانی تری سلێمانی گەیشتوونەتە ئەنجام و لەو رووەوە دەستخۆشی لە فەرمانگەكانی سلێمانی كرد.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لە كۆمپانیاكانی جێبەجێ كاریش كرد لەكاتی خۆیدا و بەهەمان ئەو كوالێتیە كارەكانیان تەواو بكەن كە لە گرێبەستی پرۆژەكەكاندا هاتووەو پیشتوانی دەزگاكانی حكومەتیشی بۆ دووپاتكردنەوە.
لەلایەكی تر بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بەردی بناغەی پرۆژەی نیشتەجێ بوونی قولەرەیسی دانا.
پرۆژەكە تایبەتە بەچینی كرێنشینانی سلێمانی و لەلایەن كۆمپانیای گۆیژەوە جێ بەجێ دەكرێت، پرۆژەكە نزیكەی 4000 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون لە خۆی دەكرێت و لەسەر رووبەری 255 دۆنم زەوی جێ بەجێ دەكرێت و رووبەری یەكەكانیش 100 -120-140 مەتر دوجایە و بەشێوەی قیستی دێژخایەن و پێشەكی كەم بەسەر خەڵكانی كرێنشیندا دابەش دەكرێن.
لەو مەراسیمەدا پارێزگاری سلێمانی وتی: خەوی گەورەی من چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێ بوونەو دەمانەوێت لەرێگەی ئەم سیستمە نوێیەی وەبەرهێنان لەبواری نیشەجێ بووندا خەڵكانی كەمدەرامەت و كرێنشین لەو بارە سەختەی لەرووی دەروونی و ماددیەوە تیدان رزگار بكەین و هاوكاری وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەتیشی لەو رووەوە بە گرنگ وەسف كرد