مەسعود بارزانی: داهاتی ساڵانەی تاك لە هەرێم (5) هەزار دۆلارە

پاش ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستا و زانایانی ئایینی ئیسلامیی پارێزگای هەولێر كۆبوویەوە، لەو كۆبوونەوەدا ئەوەی رایگەیاند، كە بێكاری لە هەرێمی كوردستان لە زۆرینەی دەوڵەتانی پێشكەوتوو كەمترە و داهاتی تاك لە ریزی وڵاتە دەوڵەمەندەكاندایە. 
لەو كۆبوونەوەیەدا، بارزانی وتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد، لەو وتارەدا ئاماژەی بەوەدا، دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا پێشكەوتنی زۆری بە خۆیەوە دیوە و وتی: داهاتی تاكەكەس لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2003) تەنها (275) دۆلار بوو، بەڵام ئێستا داهاتی ساڵانەی تاكەكەس لە هەرێمی كوردستان (5000) دۆلارە.
بارزانی ئەوەشی وت: ڕێژەی هەژاری لەكاتێكدا لە عێراق (24%) ـە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان گەییشتووەتە تەنها (4%) و ڕێژەی نەخوێندەواریش لە هەرێمی كوردستاندا لە خوارووی (16%) وەیە. 
دەزگاكانی راگەیاندن ئەوەیان ئاشكراكردووە، كە بوودجەی ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان، نزیكەی (13 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلارە، بەڵام هیچ دەزگایەكی سەربەخۆ ئەو ئامارانەی پشتراست نەكردۆتەوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوون.