پەرلەمانتاران و ئابوریناسانی عێراق دەڵێن لە ئێستادا بەشێكی زۆری سەرمایەی عێراق بەفیڕۆدەچێت یان بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕوات، بەتایبەت لەكاتێكدا كە باری ئەمنی عێراق جێگیر نییە و دۆخی ئابوری عێراقیش كەوتووەتە ژێر كاریگەری دۆخی ئەمنی ناوچەكەوە.
عەلی سودانی پسپۆڕ لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی پێیوایە، دۆخی ئەمنی ناجێگری عێراق لەماوەی ئەم پێنج مانگەی دواییدا كاریگەری خراپی لەسەر باری ئابوری عێراق بەگشتی و بازاڕی دراو بەتایبەتی داناوە.
لەلایەكی ترەوە نەجیبە نەجیب ئەندامی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەئكیدی لەوەكردەوە، روداوەكانی سوریا و بەردەوامی سزاكانی سەر ئێران هۆكار بوون بۆ چوونی سەرمایەی عێراق بەرەو دەرەوە.