گرێبه‌ستێكی سێ‌ ملیار دۆلاری واژۆ دەكات

وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق به‌پێی‌ پلانێكی‌ درێژخایه‌ن بۆ باشكردنی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ زوبێر، به‌نیازه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیاكانی‌ (سامسۆنگ، هیۆندای‌و دایۆ) به‌به‌های‌ سێ‌ ملیار دۆلار واژۆبكات.
(عاسم جیهاد) وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق له‌لێدوانێكدا بە NNAراگەیاندوە: (عه‌بدولكه‌ریم لعێبی‌) وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق له‌میانی‌ مه‌راسیمی‌ واژۆكردنی‌ یاداشتنامه‌ی‌ لێكگه‌یشتن بۆ هاوكاریكردنی‌ بواری‌ وزه‌، كه‌ له‌سیئۆل له‌گه‌ڵ‌ (یۆنگ سان) وه‌زیری‌ وزه‌ی‌ كۆریای‌ باشوردا واژۆیكرد، له‌وته‌یه‌كدا جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق به‌نیازه‌ په‌ره‌ به‌كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ خۆی‌ بدات، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌نیازه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیای‌ سامسۆنگی‌ بواری‌ پیشه‌سازی‌ ئه‌ندازه‌یی‌‌و كۆمپانیای‌ هیۆندای‌ بواری‌ پیشه‌سازی‌ قورس‌و كۆمپانیای‌ دایۆی‌ پیشه‌سازیی‌، به‌به‌های‌ سێ‌ ملیار دۆلار بۆ پێشخستن‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ زوبێر واژۆبكات.
(عاسم جیهاد) وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق وتیشی‌:”له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانی‌ بۆ واژۆكردنی‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و سێ‌  كۆمپانیا كۆریه‌دا ته‌واوكردووه‌، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌دوو هه‌فته‌ی‌ داهاتوودا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و سێ‌ كۆمپانیایه‌دا واژۆبكرێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌زانراوه‌ پشكی‌ ئه‌و سێ‌ كۆمپانیایه‌ له‌و پرۆژه‌یه‌دا چه‌ند ده‌بێت”.