تاڵه‌بانی‌ پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی‌ له‌ئۆباما کرد

سه‌رۆک کۆماری‌ عێراقی‌ فیدڕاڵ، پیرۆزبایی ئاراسته‌ی (باراک ئۆباما) سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کرد، به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی بۆ خولێکی دیکه‌ی‌ سه‌رۆکایه‌تی‌و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی گه‌لی ئه‌مریکا.
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکی‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ کۆماری‌ عێراقدا،  (جه‌لال تاڵه‌بانی‌) سه‌رۆک کۆماری‌ عێراق، پیرۆزبایی‌ خۆی‌‌و گه‌لانی‌ عێراقی‌ له‌ئۆباما کردووه‌.به‌بۆنه‌ی‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنی وه‌کو سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. 
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ کۆماری‌ عێراقیشدا هاتووه‌ ((هیوامان زۆره‌ چوار ساڵی داهاتوو په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی پته‌و که‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا‌و کۆماری عێراق  پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێت، گه‌شه‌سه‌ندن‌و فراوانبوونی زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێت، به‌پشتبه‌ستن به‌ڕێکه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژیی واژۆکراوی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات، که‌ زه‌مینه‌یه‌کی پێویست ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ به‌هێزکردن‌و فراوانکردنی نێوانی عێراق‌و ئه‌مریکا له‌بواره‌کانی سیاسی، ئابوری، بازرگانی، سه‌ربازیی‌و کلتوریی‌و چه‌ند بوارێکی‌ دیکه‌)).