نرخی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بۆوه‌

نرخی نه‌وت له‌رێكخراوی ئۆپیك،به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆوه‌و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 112 دۆلاری ئه‌مریكی، هۆكاری ئه‌م به‌رز بوونه‌وه‌یه‌ش به‌وته‌ی شاره‌زایه‌كی بواری نه‌وت، ره‌وشی نائارامی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌.
له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی، رێكخراوی ئۆپیك بڵاویكرده‌وه‌، ” نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كان به‌رزبۆوه‌ بۆ زیاتر له‌ 112 دۆلار و 10 سه‌نت بۆ یه‌ك به‌رمیل “، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌، ” ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كاندا له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، ئه‌مڕۆش گه‌یشتۆته‌ دوا ئاستی”. 
رێكخراوی ئۆپیك رایگه‌یاند، ” نرخی نه‌وت له‌م مانگه‌دا به‌به‌رده‌وامی به‌رزبۆته‌وه‌ و گه‌یشتۆته‌ 111 دۆلار و 33 سه‌نت، ئه‌مه‌ش به‌ به‌راورد به‌مانگی رابردوو، نرخێكی به‌رزه‌ كه‌ دوا ئاستی نرخی به‌رمیلێك نه‌وت تیایدا گه‌یشته‌ 107 دۆلار و 52 سه‌نت. 
ئۆپیك ئه‌وه‌ش ئه‌خاته‌ڕوو كه‌ به‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ هێشتا نرخی نه‌وت له‌چاو پار به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نزمه‌. 
هاوكات حسێن عه‌لاوی شاره‌زا له‌بواری نه‌وت به‌ ئاژانسی هه‌واڵی سۆمه‌ریه‌ نیوزی راگه‌یاند،” به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بارگرژییه‌ی له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ئێستادا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌تایبه‌ت دوای مقۆمقۆی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیی له‌سوریا له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا”. 
به‌وته‌ی عه‌لاوی، زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان، له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌برێنه‌ بازاڕه‌كانی نه‌وتی جیهان و نائارامی ره‌وشی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاردانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر نرخی نه‌وت ده‌بێت له‌بازاڕه‌كاندا.