بۆرسه‌كان زیانیان پێده‌گات.. سوریا جوڵه‌ی ئابووریی جیهانی وه‌ستاندووه‌ ‌

هه‌میشه‌ ده‌وترێ جه‌نگ ماڵوێرانی‌‌و داڕمانی‌ ئابووری‌ به‌دواوه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌وڵاته‌ زلهێزه‌كانی‌ خۆرئاوا كه‌وتنه‌ ئاماده‌كاریی بۆ لێدانی‌ سوریا، نرخی‌ نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا به‌رزبۆوه‌، هۆكاره‌كه‌یشی‌ ئه‌وه‌یه‌، هێرشكردن بۆ سه‌ر سوریا ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێ گه‌یشتنی‌ نه‌وت له‌وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بۆ وڵاتانی‌ خۆرئاوا دوابخات، هاوكات ئه‌گه‌ری‌ ئه‌و هێرشه‌ كاری كرده‌ سه‌ر بۆرسه‌ جیهانییه‌كان‌و به‌تایبه‌ت نرخی‌ پشكه‌كانی‌ ئاسیا‌و ئه‌وروپا دابه‌زین.
لیبیاش هۆكاره‌
له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی‌ كه‌وتنه‌ خۆئاماده‌كردن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ به‌شار ئه‌سه‌د له‌سوریا به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كیمیایی به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی‌، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ ته‌نیا هۆكار نه‌بوو بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا، به‌ڵكو هۆكارێكی‌ تریش هه‌یه‌، ئه‌ویش راگرتنی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت بوو له‌چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی‌ نه‌وتی‌ لیبیادا، كه‌ كرێكاره‌كانیان مانیان گرتووه‌، به‌هۆی‌ هه‌ردوو رووداوه‌كه‌شه‌وه‌ نه‌وتی‌ جۆری‌ برنت به‌ڕێژه‌ی‌ (4%) به‌رزبۆوه‌‌و نه‌وتی‌ خاوی‌ ئه‌مریكاش نرخه‌كه‌ی‌ به‌ڕێژه‌ی‌ (3%) به‌رزبۆوه‌. 
ده‌گاته‌ 150 دۆلاریش
به‌گوێره‌ی‌ راپۆرتێكی‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رز، نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ برنت به‌هۆی‌ ئه‌و نیگه‌رانی‌‌و مه‌ترسیانه‌وه‌ چه‌ند دۆلارێك به‌رزبۆوه‌‌و گه‌یشته‌ 117 دۆلار‌و 34 سه‌نت، هه‌روه‌ها نه‌وتی‌ خاوی‌ ئه‌مریكاش نرخه‌كه‌ی‌ زیادیكرد‌و گه‌یشته‌ 112 دۆلار‌و 24 سه‌نت، كه‌ له‌ساڵی‌ 2011وه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. پرسیاری‌ گرنگی‌ (كومرتس بانك)یش ئه‌وه‌یه‌، داخۆ تاكه‌ی‌ له‌به‌رزبوونه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟.
مایكل ویتنه‌ر پسپۆڕی‌ بازاڕی‌ نه‌وت له‌بانكی‌ فه‌ره‌نسا له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر جه‌نگی‌ سوریا درێژه‌ بخایه‌نێت‌و كاریگه‌ری‌ هه‌بێت بۆ سه‌ر وڵاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ وه‌ك عیراق، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ برنت بگاته‌ 150 دۆلار، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تایه‌ك هه‌فته‌ی‌ تر هێرشه‌كه‌ نه‌كرایه‌ سه‌ر سوریا، ئه‌وا ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت هێورده‌بێته‌وه‌‌و نامێنێت.
په‌نابردن بۆ نه‌وتی‌ عه‌مباركراو
ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، هه‌ندێك وڵاتی‌ به‌كاربه‌ری‌ نه‌وت له‌ئێستاوه‌ بیر له‌به‌كارهێنانی‌ نه‌وتی‌ عه‌مباركراوی‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو نرخی‌ نه‌وت زۆر به‌رزبۆوه‌، یه‌كێك له‌و رێگه‌چارانه‌ش كه‌بیری‌ لێده‌كرێته‌وه‌ له‌كاتی‌ كاریگه‌ری‌ جه‌نگه‌كه‌دا بۆ سه‌ر وڵاتانی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ ناوچه‌كه‌، زیادكردنی‌ به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وته‌ له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌، كه‌ توانایه‌كی‌ فراوانی‌ هه‌یه‌ له‌به‌رهه‌مهێناندا‌و هێشتا هه‌موو توانای‌ خۆی‌ به‌كار نه‌هێناوه‌.
نرخی‌ پشكه‌كانی‌ هێنایه‌ خواره‌وه‌
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ خۆئاماده‌كردنی‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوادا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر سوریا نیگه‌رانی لای‌ بۆرسه‌كانی‌ جیهان سه‌ری‌ هه‌ڵدا‌و ئه‌و نیگه‌رانییه‌ش ده‌ستبه‌جێ كاریكرده‌ سه‌ر بۆرسه‌كانی‌ ئاسیا‌و ئه‌وروپا‌و نرخی‌ پشكه‌كانیان دابه‌زی‌.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌و نیگه‌رانییه‌دا، بۆرسه‌ی‌ دوبه‌ی‌ حه‌وت خاڵی‌ له‌ده‌ستدا‌و نرخی‌ پشكه‌كانی‌ دابه‌زی‌، دابه‌زینی‌ له‌و شێوه‌یه‌ش له‌ساڵی‌ 2009وه‌ تائێستا به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، دابه‌زینی‌ ئه‌و كاته‌شی‌ به‌هۆی‌ قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ جیهانه‌وه‌ بوو، كه‌ وایلێكرد بۆرسه‌ی‌ (دوبه‌ی‌)یش رووبه‌ڕووی‌ قه‌یران بێته‌وه‌، هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ نوێیه‌شه‌وه‌ بۆرسه‌ی‌ سعودیه‌ دابه‌زی‌‌و چوار خاڵی‌ له‌ده‌ستدا.