سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردنەوەی پەیمانگایەك بۆ گۆڕینەوەی دراو رادەگەیەنێت

نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری ئینڤیستینگ گرووپ باس لە پێشكەوتنە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و پێی وایە سەقامگیری سیاسی بووەتە هۆی راكێشانی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت بەردەوام هانی وەبەرهێنەرانی بیانی دراوە بۆئەوەی كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن، بەردەوامیش دەرگا كراوەیە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان بكەن.
گۆڤارەكە نووسیویەتی پێشكەوتنی هەولێر لە رووی بیناسازی و بووژاندنەوەی ئابووری لە بەرامبەر هەردوو پارێزگاكەی دیكەی هەرێمی كوردستان سلێمانی و دهۆك زۆر زیاتر بووە، بەڵام بارزانی دەڵێت “پشتگیری پێشكەوتنی ئابووری و وەبەرهێنان دەكەین لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆك، دەستەی وەبەرهێنان لە هەردوو شارەكە كراوەتەوەو دەتوانن بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە هەولێر مۆڵەت بە كۆمپانیاكان بدەن و كاری وەبەرهێنان بكەن، لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە ساڵ بە ساڵ زیاتر پێشدەكەون”.
 
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات پێشكەوتنی ئابووری پێویستی بە پێشكەوتن لە بواری مرۆڤایەتی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش نزیكەی ٤ هەزار و ٣٠٠ خوێندكار لە هەموو بوارە جیاجیاكان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا نێردراونەتە دەرەوە. 
 
بارزانی دەشڵێت:”نەبوونی سیستەمێكی تازەو مۆدێرن رێگربووە لە پێشخستنی كەرتی دارایی و ئاسانكاری لە بازار، كار كراوە بەڵام كاری زۆر ماوە بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە پەیمانگایەك بۆ گۆڕینی دراو “بورسە” لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە”.